دەوڵەتە نوێیەكە لە نێوان بەشیر و مالیكیدا

د.یەحیا عومەر رێشاوی
ئەو رۆژانەی (عومەر بەشیر و سەركردایەیتیە سیاسیەكەی) پشتیوانیان لە دروستبونی دەوڵەتی باشوری سودان دەكرد، زۆرێك لە نەیاران و راڤەكەرانی (بێ زانیاریی) ئەو هەنگاوەی بەشیریان یا بە ترسنۆكیی و رازی بون بە ئەمری واقیع لەقەڵەم دەدا، یاخود تا رۆژی مەراسیمی راگەیاندنی دەوڵەتە نوێیەكە خوێندنەوەی سەیر و سەمەرەیان بۆ دەكرد و دەیانوت بەشیر و حكومەتی سودان شتێكیان لە بن سەردایە و نایەڵن یەك دەقە ئەو دەوڵەتە ساوایە گروگاڵ بكات و لە سەر پێی خۆی بوەستێت !

عومەر بەشیر نەك هەر دانی بە دروستبونی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا نا و پشتیوانی لێكرد، بەڵكو خودی خۆی ئامادەی مەراسیمی راگەیاندنی دەوڵەتەكە بوو، خۆی وەفدی یاوەریی بە زەردەخەنەوە پیرۆزباییان لە سەرۆك و ستافی وەزاریی دەوڵەتی باشوری سودان كرد و دیبلۆماسیانە ئامادەیی خۆیان بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكاریەك دەربری.

ئەو كات حكومەتی سودان چاك دەیزانی كە روبەروی نارازاییەتیەكی ناوخۆیی و دەرەكیی لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە دەبێتەوە، چاك دەیزانی كە ئیدی قەیرانێكی ئابوریی روبەروی وڵات دەبێتەوە و (80%) ی نەوتەكە فت ! دەركی بەوە دەكرد كە بۆی هەیە ئەم دراوسێ نوێیە قەدری دراوسێیەتی نەزانێت و بكەوێتە گێًچەل پێكردن و شەر فرۆشتن، حكومەتی سودانی دەیزانی جیابونەوەی بەشێك لە وڵات واتە بون بە 2 جەستە و بون بە 2 پارچە و بون بە 2 كیانی جیا، هەموو ئەمانە و زۆری دیكەش نەبونە رێگر لەبەردەم ئەو بریارە مەترسیدرا و جەریئانەدا، ئیدی ئەوان كە نایەنەوێت لەگەڵ مندا بژین و دانومان پێكەوە ناكوڵێت، بۆچ هەر بە تۆپزی باسی برایەتی و پێكەوەژیان و حكومەتی شەراكەتی وەتەنیان لەگەڵدا بكەم، ئەوان كە چارەی منیان ناوێت و هەر رۆژە و بە بیانویەك دەبێتە هەڵڵا و دەمەقاڵێ‌ و جەنگی دەرونیی و شەری میدیاییمان، بۆ نەبنە خاوەنی كیانی خۆیان و لە نێو ماڵی خۆیاندا كێشە و قەیرانەكانیان چارەسەر بكەن ؟!

ئەمرۆ مالیكی و دەستەو دایەرەكەی روبەروی هەمان واقیع و هەمان هەلومەرجی سیاسی بونەتەوە، مالیكی و حكومەتەكەی لەبەردەم بریارێكی جەریئانە و مەترسیداردان، ئەوان چاك دەزانن ئیدی كورد ناتوانێت لەگەڵ ئەم كیانە دروستكراوەدا باس لە برایەتی و پێكەوە ژیان و چارەنوسی هاوبەش بكات، واقیعەكە ئەو پەیامەیان ئاراستە دەكات كە كوردەكان ناتوانن ئەزمونێكی تاڵی سەدەیەك بەهەمان هەڵەكانەوە دوبارە بكەنەوە، ئەم هەل و مەرجە بە مالیكی و حكومەت و دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئیدی بەسە خۆڵكردنە چاو و خۆهەڵخەڵەتاندن ، كاكە ئێمە و ئێوە نەمانتوانی و ناتوانین ئەو دەوڵەتە تۆباوی و ئەفلاتونیە دروستكەین، پێویستە بە ئەمری واقیع قایل بین  و هەركەسە و بۆ ماڵی خۆی .

زۆر لە چاودێران كاتێك باس لە دورستبونی دەوڵەتی باشوری سودانیان دەكرد وەك كارەسات و كۆتایی مێژوو خوێندنەوەیان بۆ دەكرد، بەڵام نە دونیا خەرا بوو، نە مێژووش كۆتایی پێهات، دڵینابن دروستبونی ئەو دەوڵەتە ئەوەندەی رەنگە مەترسی بێت بۆ خودی كورد و رەنگە تا ماوەیەك باجی ناتەوافوقیی و تاكرەوی لە بریاری سیاسییدا بدات، هەرگیز نابێتە كێشە بۆ عێراق و عێراقیەكان،جا لێگەرێن با بۆخۆیان دەوڵەتەكە ئیعلان كەن و ئەم  هەرەشە و گورەشانە ئەوەندەی كوردەكان سورتر دەكات ئەوەندە بەچەترسێنیان ناكات .


03/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر