گەندەڵیی وەك خوو، گەندەڵیی وەك كولتوور

د.یەحیا عومەر رێشاوی



پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح: (گرفتی گەورە لە گەندەڵیی و داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكانە)!

 
ئەمە دوا لێدوانی هاورێی خۆشەویست (كاك عەلی حەمەساڵح)ە بۆ سایتی خەندان، بە ئیجازەی بەرێزیان ئەمەوێت بڵێم: راستە هەموولا دان بەوەدا دەنێن كە گەندەڵیی تا بینەقاقای حوكمرانی هەرێم هاتووە، دروستە كە حكومەت هاتۆتە سەرخەت و بۆ سومعەی خۆشی بێت دەیەوێت شتێ بە شتێ بكات، ئەوەش راستە كە پەرلەمان یاسا و پرۆسەیەكی چاكسازیی لەبەردەستە و نیەتی هێناوە ئەمجارە لە جارانی تر نەچێت و بۆ لاساییكردنەوەی بەغداش بێت هەر ئەبێ وەڵامێكی بۆ ئەو خەڵكە پێ بێت، بەڵام ئەوەی ئەم راستیانە دەكاتە بڵقی سەرئاو و ئومێدەكانت لا دەكوژێنێتەوە، ئەو واقیعە تاڵەیە كە بەرۆكی سیستمی حوكمرانی و دام و دەزگاكان و بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی ئەم هەرێمە خێر لە خۆنەدیوەی گرتووە و هەوڵەكان بۆ چاكسازیی و پاكسازیی دەهێنێتەوە چوارگۆشەی یەكەم ! 

 
ئەوەی كە ناچارت دەكات نیوە بەتاڵەكەی پەرداخەكە ببینیت و ببیتە بەشێك لە گروپی رەشبینەكان، ئەو هەواڵانەیە كە لێرەو لەوێ لەسەر بەردوامیی خووی قێزەونی واسیتە و واسیتەكاریی و بەرتیل وەرگرتن و مەحسوبیەت و بەحیزبیكردنی دام و دەزگاكانی میریی دەبیستیت و دەخوێنیتەوە، ئەوەی ناچارت دەكات بەم زمانە بنوسیت و ئاخاوتن بكەیت، ئەو ژینگە نەخۆشەیە كە بە ڤایرۆسی گەندەڵیی تەنراوە و چووەتە نێو شادەمارەكانی فەرمانگە و رێكخراو و حزب و زانكۆ و دام و دەزگاگان و  جەستەیەكی شەتەك و ماندووی بۆ بەجێ هێشتووین. 

 
بەڵگەی زۆرت ناوێ بۆ سەلماندنی ئەم قسانە، لیژنەت ناوێ بۆ دۆزینەوەی بەرپرس و سەرانی ئەم واقیعە پر لە نیگەرانیە، هەر ئەوەی لە ئان و ساتی بریارەكانی پەرلەمان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیی و هەر لەو ساتانەی سەرۆكی حكومەت بەڵێنی سزادانی گەندەڵكاران دەدات، هەر بە پاراڵێڵ بە بەڵینەكان بۆ لێپرسینەوە و گۆرانكاریی و دادگاییكردن، بە بەرچاوی خۆتەوە دەبینیت زەوی كاكی بەكاكی بۆ خزمان تەملیك دەكرێن و دۆستانی حزب دادەمەزرێنرێن و كوران و كچانی بەرپرسان لە كەیف و سەفای خۆیان ناكەون و ئاپۆرای ئۆتۆمبێلە جام رەشەكانیش شەقامەكان زیاتر دەتەنن و تەزكیەی حزبیی و تەلفونی بەرپرسانیش هێشتا دەوای دەردی زۆرێك لە نەكراو و ئەستەمەكانە ! ئیتر مەگەر هەر تەنها بڵێیت : حسبنا الله و نعم الوكیل !

 
هەربۆیە لە فەزایەكدا كە ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەی چاكسازی ئەنجام بدەن و سزای ئەوانی دی بدەن، خۆیان پێویستیان بە (سزادان) بێت، لە فەزایەكدا شوێنی حەوانەوەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لایەك لە شار داگیر بكات و بە چەند دیوارێكی ئاسنین بە رووی هاوڵاتیاندا داخرابێت، لە فەزایەكدا كەس نەزانێت داهاتی ئەم وڵاتە بە چ میكانیزمێك و چۆن خەرج دەكرێت و دەزگای میدیایی زەبەلاح بە پارەوپولی سەرچاوە نادیار قوت بكرێنەوە، لە فەزایەكدا هێشتا بەرێوبەری خوێندنگە و سەرۆكی زانكۆ و نوێنەری هێڵەكانی هاتوچۆی پاسەكانی ناوشار لە لایەن كۆمیتە و ناوچە و لق و مەڵبەندەوە ئاراستە بكرێن و هێشتا بارەگا حكومیەكان وەك بارەگای حزبی بەكار بهێنرێن و هێشتا وێنەی سەركردەكان بە پردەكانی پەرینەوەو فەرمانگە حكومیەكان و بە قەبارەی پەنجا مەتریی هەڵبواسرێن و هێشتا لە نێوان كەمتر لە كیلۆمەترێكی رێگەی سماقوڵی بۆ هەولێر دوو بازگەی پشكنینی مرومۆچ پێشوازیت لێ بكەن، چۆن دەتوانی ئومێدێكت هەبێ بەو شتەی ناویان لێناوە (پرۆسەی چاكسازیی) ! 

 

15/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر