سۆشیال میدیای (كوردستانیی)، بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار

د.یەحیا عومەر رێشاوی
رۆژ بە رۆژ ئەو راستیە (میدیا – كۆمەڵایەتی)یە تۆخ دەبێتەوە كە چەندێك پێویستیمان بە رەچاوكردنی بەها ئەخلاقی و بەڵێننامەكانی شەرەفی رۆژنامەیی و پرنسیبە پیشەییەكانی كاری میدیایی هەیە، رۆژانە كە موتابەعەی كەناڵە ئاسمانیەكان دەكەیت و رۆژنامە و گۆڤارەكان دەخوێنیتەوە و سەردانێكی سایتە ئەلیكترۆنیەكان دەكەیت، دەیان حاڵەت و كەیسی (نائیتیكی) بەدی دەكەیت و قوربانیی یەكەمیش تێیدا وەرگر و جەماوەری كەناڵە میدیاییەكانە.

ئەوەی قورەكەی خەستر كردۆتەوە و نیگەرانیەكە قوڵتر دەكاتەوە، ئەو فەزا نوێیە میدیایە كە بۆتە مونافیسی دەزگا میدیاییە تەقلیدیەكان و بە (میدیای نوێ و سۆشیال میدیا و میدیای جێگرەوە) ناسراوە، ئەو شێوازە میدیاییەی كە لە بنەرەتدا بۆ ئامانجی خێراكردنی بڵاوكردنەوەی زانیاری و فراوانتركردنی پانتایی رۆشنبیریی و ئاسۆكانی بیركردنەوە و توندوتۆڵكرنی رایەڵەكانی پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان دروستبوو، بەڵام ئەمرۆكە مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ ئەم بەخشش و دیاریە جوان و سەرنج راكێشەدا دەكرێت و خەریكە دەبێتە چەكێكی كوشندە و ئامرازێكی مەترسیدار بەدەست ئەوانەی یا لە بەكارهێنانیدا نەزانن، یاخود هەر بە ئەنقەست خراپ بەكاری دەهێنن .

ئەمرۆ ناوەرۆكی (سۆشیال میدیا) خەریكە دەبێتە سەكۆیەك بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتی توندوتیژی و سوكایەتیكردن بە بیروباوەر و كەسایەتیەكان و رەواجدان بە دیمەنە قێزەونەكان و تێكدانی زەوقی گشتی، لە هەر خولەكێكدا  سەدان گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی نەشیاو و پۆستی دور لە پرنسیبەكانی كاری میدیایی دوبارە و سەد بارە دەكرێنەوە، فەیسبوك و تویتەر و یوتیوب و ئامۆزا و پورزاكانیان خەریكە جۆرێك لە مەترسی لەسەر سایكۆلۆجیەتی بینەر و خوێنەران دروست دەكەن و ئەوەی بریارە ناوەرۆكی میدیایی پێی بگات لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی دروست و باوەرپێكراو و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و توندوتۆڵكردنی كۆمەڵایەتی، خەریكە دەگۆرێت بە جیهانێكی پر لە ترس و تۆقاندن و دیمەنی پر لە ئازار و بێزاركەر.

بە سەرنجدان و سەردانێك بۆ نێو ئەو جیهانە لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەم یەك دوو هەفتەی دوایی، سەدان حاڵەتی لەم شێوەیە دەبینیت كە چۆن بەكارهێنەرانی ئەم تۆرە كۆمەڵایەتیانە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن بونەتە بوقی بڵاوكرنەوەی رەفتاری توندوتیژانە، هەندێك لە هاورێ ئازیزەكانم لە فەیسبوك بە وێنەیەك تێر ناخۆن دوان و سیان و چوار لەگەڵ هەواڵە جەرگبرەكەدا بڵاودەكەنەوە، دیمەنە ڤیدیۆییەكە چەند جارێك شێر دەكات و چەند جار بڵاوی دەكاتەوە، رێك وەك هەندێك لەو كەسانەی لەسەر دیوارێك دەنوسن: تكایە لێرەدا شت مەنوسن ! ئەی بەرێزم خۆت چیت كرد؟!

هەر بۆیە جێی خۆیەتی هەمولا خەمێك لەم دیاردە مەترسیدارە بخۆین و هەموان بە هەستی بەرپرسێارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم تەكنەلۆجیا نوێیەدا بكەین، مامەڵەیەك دور لە هەڵپەهەڵپی بڵاوكردنەوە و شێركردن و رەواجدان بەم جۆرە ناوەرۆكە میدیایە قێزەونە، دیارە كەس ناتوانێت كۆنترۆل بۆ ئەم دیاردەیە دانێت و سانسۆری بكات یاخود لەچوارچێوەی بدات جگە لە ناخی هەستیار و جوڵاوی خۆمان نەبێت، جگە لەو تێروانینەی پێی وایە كە مەرج نیە هەرچیت دی و هەرچیت بیست و هەرچیت خوێندەوە بۆ ئەوە بشێت جارێكی تر لە فەیسبوك و تویتەرەكەتەوە بۆ ئێمەی بڵاوبكەیتەوە.

خەمەكە ئەوەندەی تر زیاد دەبێت كاتێك دەرك بەوە بكەین كە لە هەرێمی كوردستان منداڵان و ئەوانەی رێگە پێنەدراوە ئەو دیمەنانە ببینن، مونافەسەی گەورەكان دەكەن و لەسەر ئەم دیمەنانە گەورە دەبن و سایكۆلۆجیەتیان لەگەل كوشتن و برین و دیمەنی خوێن و پۆستی نەشیاودا گەشە دەكات، ئەم منداڵە كە بریارە تەمەنی ئاسایی خۆی تێپەرێنیت، ئاسانكاریی میدیایی راپێچی نێو ئەم جیهانە نامۆ و مەترسیدارەی دەكات و ئەوەش پێویستی بە لالێكردنەوە خەمخورادنی پسپۆرانی دەرونیی و پەروەردەیی و میدیایی هەیە.   
هیوادرام ئەم چەند پەیڤە پر لە پەرۆشی و دڵسۆزانە بگاتە نێو ویژدان و هەستی هاورێیانمان لە بەكارهێنەرانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و بەهەموولا هەوڵ بدەین شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ ئەم پێشكەوتنە گرنگ و پر بایەخەی دونیای میدیادا بگۆرین.

•    مامۆستای میدیا


06/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر