کەشتیەکە لێرە بەدوا بەردەوام نابێت

سالار مه‌حمود
 لە لیژنەی دارایی و لیژنەی سامانە سروشتیەکان نیم لەپەرلەمان، بۆیە کەمترین قسەی جدیم لەسەر وردەکاریی ئەم پرسی داھات و خەرجییە کردوە لەماوەکانی رابردوودا. بەڵام ھەمیشە لەھەموو شوێنە فەرمیەکان پشتیوانی بۆچوونە راستەکانیان بووم لە ھەر فراکسیۆن و لایەک بوو بێت. لە ئاستە گشتیەکەشدا بۆ پرۆسەی چاکسازیی و چاکەی گشتی و خەمی خەڵکی سڵم لەکەس و ھیچ نەکردۆتەوە.

بەڵام لەم ساتەوەختە بەدوا ئەبێت پێکەوە ئەو زەنگە رابگەیەنین کە ئەم دۆخەو بەم میکانیزمی ھەوڵی چارەسەرە چیدی ناتوانێت بەردەوام بێت. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە وشیارترە، راستیەکانی لێ بشاردرێتەوە. بەتایبەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و نەدانی قەرزی چەندین مانگەیان و، ئێستاش کەمکردنەوەی مووچەی ھەندێک لایەنی وەک ھێزەکانی ناوخۆو شەھیدان بەو میکانیزمە ھەرگیز چاوەڕوان کراو نەبوو. (کوا ھەڵوێستی حزبی شەھیدان یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لەسەر مووچەی شەھیدان و ئەنفال؟ بۆ بەفەرمی ئەم غەدرە رەتناکرێتەوە. کە بۆخۆم بەھەموو جۆرێک ئەو کەمکردنەوەیەی ئەو دوو توێژە بەتایبەتی رەت دەکەمەوە. بەداخیشەوەم بۆ ھەندێک لە ھاوڕێیان بەناوی پاشەکەوت کردنی مووچەوە پاساو بۆ ئەو رێوشوێنە ناقانوونییە دەھێننەوە. 

ھاوکارەکانمان لە لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و ئەوانی ترش ئەو ھەموو داتاو ژمارەو زانیاریانە دەخەنە روو، لە یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و برای خۆم دکتۆ فرسەت سۆفی و لایەنەکانی تر. بێگومانم ئەگەر لە سەدا سەد دروست نەبن، ئەوا لەسەدا شەست زیاتریش دروستن. ئەی بۆچی وەکو ئەوەی پێویستە کاریان پێ ناکرێت. 

لە دوو مانکی رابردوودا ھێندە نەوت لە رێگای بۆریەوە چووەتە دەرەوە لە رێگای تورکیاوە کە بتوانرێت مووچەی پێ دابین بکرێت. داتاکان وا دەڵێن، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا کۆمپانیا بیانیەکانی وەبەرھێنانی نەوت لەکوردستان، ئەو قەرزانەیان لای حکومەتە لەو پارەیە دەبەن، پێش ئەوەی بکاتەوە  دەستی حکومەت؟. واتە کۆمپانیاکانیش بەبێ رەچاوکردنی دۆخی حکومەتی ھەرێم قەرزەکانی خۆیان بەرە بەرە دەبەنەوە؟. 

ئەم حکومەتە پێویستە ھەڵمەتێک رابگەیەنێت بە فیعلی کێ و، چ لایەک لەمپەرە لەبەردەم پرۆسەی چاکسازیی و ھەنگاوەکانی حکومەت لەم رووەوە؟. چونکە بەبێ چاکسازیی بنەڕەتی لەکەیسی سامانە سروشتیەکان و داھاتی فیعلی خاڵە سنوریەکان. بەبێ چڕکردنەوەی ھەوڵە کرداریەکان بۆ بڕینی مووچەی ئەوانەی فەرمانبەری فیعلی نین و، فەرمانبەرانی ماندوو دڵسۆز باجەکەی دەدەن. بۆ ئەمەش
جارێکی تریش جەخت دەکەمەوە لەو راستیەی  حکومەت لە پرۆسەی چاکسازیکردندا سەرکەوتوو نابێت، بەبێ پشتیوانی راستەقینەی پەرلەمان و ئەو ھەموو پەرلەمانتارانەی کەدەتوانن کاریگەری لەسەر رای گشتی ناو پارتەکان و، رای گشتی ھاونیشتمانیان دابنێن. واتە شەفافبوون لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەگەڕ خستنەوەی خێرای پەرلەمان یارمەتیدەرە لەدەربازبوونی حکومەت لەم دۆخە تەنگھەڵچنراوە.  بەکوردی و بەکورتی بەبێ پەرلەمان حکومەت ھەر بەتەنیاو بێ پشتیوان دەمێنێتەوە. شەفافیەت مەرجی دەربازبوونە لەم دۆخە نەخوازراوە.

چونکە دەرکەوت نە حزبەکان لەناو خۆیاندا چاکسازیی دەکەن، کە دەکاتە چاکسازیش لەناو حکومەت نە لە رووی مادییەوە ئامادەن دەستباری حکومەت بن لەم قەیرانە و، نە دیبلۆماسیەتیان بەخەرج دەدەن بۆ کۆمەککردن و پەیداکردنی دەروازیەک بۆ ھاوکاریکردنی مووچە خۆرانی خەڵکی کوردستان. ئەو بارەی بەسەر پەرلەمانیشدا ھێنرا، حکومەت زیانمەندی یەکەم بوو تێیدا وەک دامەزراوە لە رووی ئەداو ھەڵسوڕانەوە، چونکە ھیچ حکومەتێکی مەدەنی بەبێ پشتیوانی پەرلەمان مەگەر (حکومەتی کار بەڕێکەر بێت) ئەگینا ناتوانێت متمانە بەدەست بھێنێت.

خەڵکی کوردستان دەبێت ئەو راستیە فەرامۆش نەکات کە پەرلەمانتاران و پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسەرو چاکسازیی دەیان پرۆژەیان داوەتە حکومەت لەساڵانی رابردوو، ھەروەھا لەم خولەی پەرلەمانیشدا مانگانە ھەوڵ دەدرا وەزیری سامانە سروشتیەکان و ئەنجومەنی نەوت و غاز و سەرۆکایەتی حکومەت بھێنرێنە بەردەم پەرلەمان. بەڵام سروشتی حکومەتە تەوافقیەکە دەستی پەرلەمانی گرتبوو لە لێپرسینەوە.

ھەرچەندە پەرلەمان بەردەوام دەستکراوە بوو لە پێدانی چارەسەرو بەرچاو روونی. ھەموومان دەمانزانی بەو میکانیزمەی کە دەگیرێتە بەر دۆخەکە خراپتر دەبێت، بەڵام حکومەت میکانیزمی نەگونجاوی دەخستە بەردەم پەرلەمان وەک پرۆژە بڕیاری قەرزکردن!
پەیامم بۆ سەرۆکی حکومەت و ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە، نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ئەو فەرمانبەرانەی ساڵێکە بە ھەموو شێوەیەک قبوڵی ئەم نادادیەییان کرد بەجدی وەربگرن. وا بەشێکی زۆر لە دائیرەو فەرمانگەکانی حکومەت دەرگاکانیان داخستووە وا بە ملیۆنان خوێندکار بێبەش دەبن لەخوێندنی ساڵ، وا نەبوونی ئاسۆی چارەسەر ھێندەی تر بێئومێدی کردن.   
فشار بخەنە سەر حزبەکان بۆ بەلاوەنانی ناکۆکیەکان و پشت بەستن بە یاسا بۆ چارەسەری کێشەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج و مانۆڕ. ئینجا قۆڵھەڵماڵینی گشتی بۆ راگرتنی دۆخەکە تاگەیشتن بە ئاسۆی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ سیستەمی حوکمڕانی. چونکە بۆ ھەمووان دەرکەوت بەم جۆرە حوکمڕانی و شێوازی بەڕێوەبردنە کەشتیەکە لەوە زیاتر ناتوانێت بەردەوام بێت.

07/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر