خۆدزینەوە لەچاکسازیی بەناوی پرۆژەی چاکسازییەوە

سالار مه‌حمود
ھەر کەس و لایەنێک ئەگەر بە کردار دەیەوێت چاکسازیی راستەقینە لەھەرێمی کوردستانی عیراقدا ئەنجام بدرێت ئەوا زۆر ئاسانە. ھیچ پێویست بەخۆ ماندوو کردن ناکات، پێویست بە پاکێج و پرۆژەی چەند خاڵی و بڕگەیی ناکات. فەرموون ئەوە یاساکان، فەرموون ئەوە بڕیارە بەر کارەکان. خۆ یاساو بڕیار ھێزی پابەند بوونی بۆ ھەموو لایەک ھەیە. ئەگەر ئەم ھەموو مانۆڕی پرۆژەیە بۆ خۆ دزینەوە نییە لە ئەرکە یاسایی و ئاساییەکە چییە؟.

خەڵکی کوردستان لە وردو درشتی مەسەلەکان تێگەیشتووە. نەک رووداو، نیازی ناو دەرونیش دەخوێنێتەوە. وەک شاعیر دەڵێت( شکور وشیارە مەحوی). ھاونیشتمانی ئەمڕۆ لەھەموو سەردەمێک ژیرترو بەئاگاترە لەوەی کەچی دەگوزەرێت لەبنی بەڕە. وەک چۆن لە ئاستی دونیادا وتەیەکی باو ھەیە دەڵێ لەجیھانی ئەمڕۆدا شتێک نەماوە نھێنی و شاراوە بێت. دروستە ئەرکی ھەمووانە شەفاف و بێگرێ بین لەگەڵ خەڵکە بەخشندەو ماندووەکەی خۆمان.

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئیرادەی پێکەوە کارکردن و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە سازشکردنیان زۆر لاوازترە لەوەی ھاونیشتمانیان لێیان چاوەڕێ دەکات. ئەگینا جەخت دەکەمەوە چی لەوە ئاسانترە ھەر سبەینێ دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوەو یاسای سەر رەفەکان دەر بھێنرێت و ھەموولایەک پابەند بکرێت پێیەوە، کە دڵنیام بە کەمتر لە ساڵێک دۆخ دەگەڕێتەوە رۆخی ئەو بوژاندنەوەی کە جاران ھەبوو. لێرەدا تەنیا چەند نمونەیەکی سادە بۆ ئاسانکاریەکە دەخەمە روو: 
یەکەم: ئەگەر دەویسترێت لە پرسی نەوت و سامانی سروشتیدا لە شێوازی گرێبەست و فرۆشتن و داھاتیدا، شەفافیەت پەیڕەو بکرێت. پێویستە فەرموون یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان و یاسای سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتیەکان ژمارە(٢) ی ساڵی ٢٠١٥ جێبەجێ بکەن.
دووەم: ئەگەر خەمی دابینکردنی سەرچاوەی تری داھات و ھێشتنەوەی زەوی کشتوکاڵی و پەرەپێدان بە بەرھەمی خۆماڵی و ھاندانی وزەی ناوخۆیی و ھەلی کارو یامەتیدانی جوتیارانی کوردستان ھەیە کە ھیچی لەنەوت کەمتر نییە. فەرموون با یاسای ژمارە (١)ی رێکخستنی مافی دەستکاریکردنی زەوی و زاری کشتوکاڵی ساڵی ٢٠٠٨. وەک خۆی جێبەجێ ببێت.
سێیەم: ئەگەر مەبەستە قۆرغکاریی نەمێنێت فەرموون با یاسای (نەھێشتنی قۆرغکاریی و کێبڕکێ) ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٣. جێبەجێ بکرێت. گونجاوترین میکانیزمی داناوە بۆ رێوشوێنەکانی نەھێشتنی قۆرخکاریی و پێدانی دەرفەت مونافەسەو سزای دیاریکردوە بۆ قۆرخکاران.
چوارەم: ئەگەر ھەمووان دەیانەوێت دەستپاک و بێ خەوش بن و تەمی گەندەڵی بڕەوێننەوە، با ئەو یاسا گرنگە جێبەجێ بکەن کە تەواوی رێکارەکانی بەدیھێنانی ئەو ئامانجەی دیاریکردوە. ئەویش یاسای دەستەی دەستپاکیە ژمارە (٧)ی ساڵی ١٠١٤.
ئەم ریزبەندیکردنانەم تەنیا وەکو نمونەیەک و بیرھێنانەوەیەک ھێنایەوە، ھەر کەسێکیش مەبەستی بێت تەواوی یاساکان ببینێت و بچێتەوە سەری، لە سایتی پەرلەمانی کوردستاندا ھەموو یاساکان ھەن.

لە کوردستاندا بۆشایی پرۆژەو نوقسانی نەخشەڕێگاو کارنامەمان نییە. بەڵکو بە مەعریفەی نوێنەرەکانی خەڵکی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان و خولەکانی رابردوودا یاسای شایستەو گرگن دەرکراون بۆ جێبەجێ بوون، خۆ ئەگەر یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرانایەو لەجێبەجێ نەکردنی یاساکاندا سزاکان جێبەجێ بکرانایە بەم رۆژە لە حوکمڕانی نەدەگەیشتین. بەڵام ئێستاش دەرفەتێک ماوە لایەنە سیاسیەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتی یاسایی ھەنگاوێک بێنە دواو بیر بکەنەوە لە گەورەی ھاونیشتمانیان و قوربانیەکانیان. ئەوە باشترین پرۆژەیە دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوەو یاسا سەروەریی راستەقینە بکەنە کارنامەو بەرنامەو پابەند بن پێیەوە بەمەش ھەموو ھاونیشتمانیان براوە دەبن، ھەموو دڵسۆزان براوە دەبن و کەمینەیەکی قۆرخکار ھەندێک زیان دەکەن. ئیتر کات کوشتن بەسەو، خۆدزینەوە داد ناداو پێویست بە رەشنوسی سادەو پاکێج و وەرەقە بەناوی پرۆژەی چاکسازیی نەماوە.

16/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر