هاوپەیمانی گەندەڵکاران

سالار مه‌حمود


زۆر جار دەبیستین و دەوترێت گەندەڵی لەکۆمەڵگادا بە یاسایی کراوە، یان بەیاسا رێکخراوە. ئەم بۆچوونە دوورە لە راستیەوەو ھەندێک جار ئەوانەی لە رۆحی یاساکان لادەدەن یا ئەحکامەکانی بەچەشنێکی تر تەفسیر دەکەن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت وای پیشان بدەن ئەوە یاسایە دەرفەت دەدات بە بەلاڕێدا بردنی ئەو دەسەڵاتەی ھەیانە. نەخێر ئەوە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندیەک کە دژو ناکۆکە بەبەرژەوەندی گشتی

.

پەیمانبەستن بۆ چاکەی گشتی و لەچوارچێوەی پرەنسیپە کۆکەرەوەکانی کۆمەڵگادا، بە پێویستی ھەموو قۆناغێکی گەشەی مرۆڤایەتی و ژیانی ھاونیشتمانی زانراوە. لەبنەمادا بوونی یاسا و بڕیار و عورف بۆ رێکخستنی ئەرک و لانەدان لەو پرەنسیپانەو ئاگایی راپەڕاندنی ئەرکە گشتیەکانە. خۆ ئەگەر بۆ بەدیھێنانی مەرامیی تری پێچەوانە بێت، ئەوا شەرعیەت لەدەست دەدات

.

لەمێژە باس لە تەحالوفی موفسدین کراوە لەسەر ئەرز. نمونەی جیھانی ناوچەیی و ناوخۆیش ھەن. بەڵام نەتەوەی زیندوو لەبەرامبەر ئەم بەرەیەدا تەحالوفی موخلسین دروست دەکات. بەجیاوازی رەنگ و ئایدیاو بیرۆبۆچوونی سیاسیەوە.وەک چۆن ھاوپەیمانێتی گەندەڵکاران زۆر جار سنوری بیروبۆچوونە سیاسیەکان و رەنگ و تەنانەت نیشتمان و دەوڵەتیش تێدە پەڕێنێت . پرسێکی ئاساییە ھەموو مرۆڤایەتی لەبەرەی دووەمدا ھەموو ھاوپەیمانێتیەک ببەستن وەک بەشێک لە ئەرکی ئەخلاقیی و مرۆڤایەتی.

وڵاتانی دیموکراسیی و پێشکەوتوو بە دروستکردنی بەرەی دووەم و ھێزی دووەم، گەیشتوون بە دەستکەوتەکانی سەردەم و برەو بەو ھێزە دەدەن و سەرچاوەی وزەشیان گەل و بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵک و ئایندەی نیشتامانەکانیانە. ئەمەش بەدامەزراوەکردنی ناوەندەکانی ئیدارەدانی بەرژەوەندی گشتی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی یاساو دەستوری کۆکەرەوەی ھەموواندا

.

ماوەیەکی زۆرە لە عیراق و کوردستاندا بە ئاشکرا باس لە بەرەبەندی گەندەڵکاران دەکرێت. لەخراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و، ناشرینکردنی سیمای حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، بەڵام لەبەرامبەر ئەم بەرەیەدا بەرەی بەرامبەر دروست نەبووە.

کورد دەڵێ: کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەینێ. واتە ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیەو سبەی ئەرکی تر ھەیە، ئەمڕۆش ئەو سبەینێیەیە کە دوێنێ باسمان دەکرد. بەم پێوەرە کارکردن پێویستە، چونکە تا دێت ملھوڕیەکانی بەرەی موفسدین ئەگەر زیاتر نەبن کەمتر نابن، لەوەش سەیرتر ئەم بەرەیە (ھاوپەیمانی گەندەڵکاران) ئەگەر لەپرسە نیشتمانی و گشتیەکاندا ھەمیشە بیروبۆچوونی جیاوازیان ھەبووبێت!! یان ناتەباو ناکۆک بووبێتن، ئەوا لەشتە خراپەکاندا زۆر تەبان و ئەرکی یەکتر تەواو دەکەن!.


ئەوەی پەیوەندیدارە بە کوردستانەوە، دەبینین مانۆڕی پرۆژەو پرۆژەکاری بەمەبەستی خۆ دزینەوە لە ئەرکە راستەقینەکە بووەتە ئەجندای رۆژی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان. راستیەکەشی ئەوەیە ھەر کەس و لایەنێک ئەگەر بە کردار دەیەوێت چاکسازیی راستەقینە لەھەرێمی کوردستانی عیراقدا ئەنجام بدرێت، ئەوا زۆر ئاسانە. ھیچ پێویست بەخۆ ماندوو کردن ناکات، پێویست بە پاکێج و پرۆژەی چەند خاڵی و بڕگەیی ناکات. فەرموون ئەوە یاساکان، فەرموون ئەوە بڕیارە بەر کارەکان. خۆ یاساو بڕیار ھێزی پابەند بوونی بۆ ھەموو لایەک ھەیە. ئەگەر ئەم ھەموو مانۆڕی پرۆژەیە بۆ خۆ دزینەوە نییە لە ئەرکە یاسایی و ئاساییەکە چییە؟. خەڵکی کوردستان لە وردو درشتی مەسەلەکان تێگەیشتووە. نەک رووداو، نیازی ناو دەرونیش دەخوێنێتەوە. وەک شاعیر دەڵێت( شکور وشیارە مەحوی).

ھاونیشتمانی ئەمڕۆ لەھەموو سەردەمێک ژیرترو بەئاگاترە لەوەی کەچی دەگوزەرێت لەبنی بەڕە. وەک چۆن لە ئاستی دونیادا وتەیەکی باو ھەیە دەڵێ لەجیھانی ئەمڕۆدا شتێک نەماوە نھێنی و شاراوە بێت. دروستە ئەرکی ھەمووانە شەفاف و بێگرێ بین لەگەڵ خەڵکە بەخشندەو ماندووەکەی خۆمان. لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئیرادەی پێکەوە کارکردن و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە سازشکردنیان زۆر لاوازترە لەوەی ھاونیشتمانیان لێیان چاوەڕێ دەکات. ئەگینا جەخت دەکەمەوە چی لەوە ئاسانترە ھەر سبەینێ دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوەو یاسای سەر رەفەکان دەر بھێنرێت و ھەموولایەک پابەند بکرێت پێیەوە، کە دڵنیام بە کەمتر لە ساڵێک دۆخ دەگەڕێتەوە رۆخی ئەو بوژاندنەوەی کە جاران ھەبوو. لێرەدا تەنیا چەند نمونەیەکی سادە بۆ ئاسانکاریەکە دەخەمە روو:

یەکەم: ئەگەر دەویسترێت لە پرسی نەوت و سامانی سروشتیدا لە شێوازی گرێبەست و فرۆشتن و داھاتیدا، شەفافیەت پەیڕەو بکرێت. پێویستە فەرموون یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان و یاسای سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتیەکان ژمارە(٢) ی ساڵی ٢٠١٥ جێبەجێ بکەن.

دووەم: ئەگەر خەمی دابینکردنی سەرچاوەی تری داھات و ھێشتنەوەی زەوی کشتوکاڵی و پەرەپێدان بە بەرھەمی خۆماڵی و ھاندانی وزەی ناوخۆیی و ھەلی کارو یامەتیدانی جوتیارانی کوردستان ھەیە کە ھیچی لەنەوت کەمتر نییە. فەرموون با یاسای ژمارە (١)ی رێکخستنی مافی دەستکاریکردنی زەوی و زاری کشتوکاڵی ساڵی ٢٠٠٨. وەک خۆی جێبەجێ ببێت.

سێیەم: ئەگەر مەبەستە قۆرغکاریی نەمێنێت فەرموون با یاسای (نەھێشتنی قۆرغکاریی و کێبڕکێ) ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٣. جێبەجێ بکرێت. گونجاوترین میکانیزمی داناوە بۆ رێوشوێنەکانی نەھێشتنی قۆرخکاریی و پێدانی دەرفەت مونافەسەو سزای دیاریکردوە بۆ قۆرخکاران

.

چوارەم: ئەگەر ھەمووان دەیانەوێت دەستپاک و بێ خەوش بن و تەمی گەندەڵی بڕەوێننەوە، با ئەو یاسا گرنگە جێبەجێ بکەن کە تەواوی رێکارەکانی بەدیھێنانی ئەو ئامانجەی دیاریکردوە. ئەویش یاسای دەستەی دەستپاکیە ژمارە (٧)ی ساڵی ١٠١٤.

ئەم ریزبەندیکردنانەم تەنیا وەکو نمونەیەک و بیرھێنانەوەیەک ھێنایەوە، ھەر کەسێکیش مەبەستی بێت تەواوی یاساکان ببینێت و بچێتەوە سەری، لە سایتی پەرلەمانی کوردستاندا ھەموو یاساکان ھەن. لە کوردستاندا بۆشایی پرۆژەو نوقسانی نەخشەڕێگاو کارنامەمان نییە. بەڵکو بە مەعریفەی نوێنەرەکانی خەڵکی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان و خولەکانی رابردوودا یاسای شایستەو گرنگ دەرکراون بۆ جێبەجێ بوون، خۆ ئەگەر یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرانایەو لەجێبەجێ نەکردنی یاساکاندا سزاکان جێبەجێ بکرانایە بەم رۆژە لە حوکمڕانی نەدەگەیشت و تارمایی ئەو بەرەیەش بەو چەشنە لە کوردستاندا دروست نەدەبوو، کە بووە مایەی وشکبوونی داھات و گوزەرانی خەڵک

.

بەکورتی و بە کوردی لە ھەرێمی کوردستان سێبەری ئەو بەرە نەخوازراوو لادەرە بەتەواوی بەدیدەکرێت. ئەوەی گرنگە لە ناو ئەم گێژاوەدا کە بۆ خەڵکی کوردستان دروست بووە لەکەسە دڵسۆزو خەمخۆرە راستەقینەکانی ناو ھەموو دەنگ و رەنگەکان، بەرەی دڵسۆزیی و ھاوپەیمانی دڵسۆزان دروست بکرێت بۆ کۆتاییھێنان بەو ھەموو بەھەدەردان و دزیی و فزیەو ئەو ھەموو بێدادی و، یاسا شکێنییە کۆتایی پێبھێنرێت.


03/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر