گوڵە سورەكەی كشاناك و فورات

سالار مه‌حمود
باكوری كوردستان لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بەتایبەتی رووداوەكانی بوەتە جێ‌ سەرنج و كاریگەری لەسەر رای گشتی باشووری كوردستان. بەهەمان شێوەش رووداوەكانی باشوور جێی سەرنج و كاردانەوەی خەڵكی باكوری كوردستانن. میدیاو كرانەوە بەرووی كوردستاندا كاریگەری هەبووە. لەهەمان كاتدا بەرەو پێشەوە چوونی خەباتی مەدەنی و سیاسی گەلی كورد لە ئاستی دونیادا رۆڵی زۆری لە نزیكبونەوەو هاوخەباتی و هاوسۆزییەكە زۆرتر دروستكردوە.
لەم ساڵانەی رابردوودا چەند كارەكتەرێكی سیاسیی نوێ‌ لەباكوری كوردستان لە ئاستی پەرلەمان و شارەوانیەكان دەركەوتوون و توانیویانە ساڵ بەساڵ جیاواز لە رابردوو كوردی باكوور بەلای دۆزی نەتەوەییدا رابكێشن. لەناو ئەو كارەكتەرانەدا (گوڵتان كشاناك و فورات ئانلی) هەن. كە لە ئێستادا لەزینداندان! هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد كە بەهەڵبژاردنی گشتی نوێنەرایەتی ئەو شارە دەكەن كە بە پایتەختی باكوری كوردستان دەكرێت ناوزەدی بكەین. چیرۆكی زیندانی كردن و پەروەردە بوون لە زیندان بۆ تێكۆشەرانی كورد لە باكور زۆرن بەتایبەتیش زیندانی ئامەد پڕە لە چیرۆكی نەبەردیی ژنە تێكۆشەرو پیاوە ئازاكان. گوڵتان كشاناك پێشتر ماوەیەكی زۆر لەزینداندا بووە. ئینجا كە ئازاد بووە متمانەی بوون بە پەرلەمانتاری وەرگرتووەو پاشتریش سەرۆكی شارەوانی ئامەدی گەورە. بۆ یەكەم جار ساڵی 2011 لە ئیستەنبول لە (ئیمەجە تیڤی) كە ئێستا ئەو تیڤیەش لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داخراوە، میوانداری كرام و میوانی بەرنامەی تەلەفزیونەكە بووم. هەردوو پەرلەمانتار سەباحەت تونجەل و گوڵتان كشاناك زانیبوویان پەرلەمانتارێكی باشوور لەوێیە، وتیان دێین دەتبینین. ئەوانم بینی و گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی پەرلەمانتارانی باشورو باكور كرد. لەوساوە بۆ ئێستا لەگەڵ خاتوو گوڵتان كشاناك ئەو دۆستایەتیەمان بەردەوامە.  پارساڵ بەمیوانداری هەردووكیان گوڵتان كشاناك و فورات ئانلی هاوسەرۆكانی شارەوانی ئامەد، وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی دیاربەكرمان كرد. لەبەردەم دەروازەی شارەوانیدا بە چەپكە گوڵی سوورەوە لە پێشوازی وەفدی باشوری كوردستاندا بوون. لەناو ژووری سەرۆكایەتی شارەوانیشدا ئاڵای كوردستانیان دانابوو. 
ئەمشەو بەهەمان هەستی هەڤاڵێتییەوە بەچەپكە گوڵی شانازیی و سەربەرزییەوە دێمە سەردانیكردنتان و پێتان دەڵێم ئێوە سیمبولی خەباتی مەدەنی و خەباتی خەڵك و نوێنەری گەلێكی گەورەی ئەم مرۆڤایەتییە خوێن ساردەن. ئێوە شانازیی نەتەوەیەكی خوێن لێ‌ چۆڕاوی كەڵپەی نەتەوە سەردەستەكانی ناوچەكەن. گلەیی بێت لەخۆمان لەخەمساردی خۆشمان.. سڵاو كشاناك ئەی مۆمە سەرسپیەكەی ناو زیندان، سڵاو فورات ئەی چرا گەشەكەی باخچەكانی ئامەد.. 


01/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر