فشاری کرداریی پێویستە بۆ خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی

سالار مه‌حمود
سەردەمی بەیاننامە کۆتایی ھاتووە ئەو تاوانانەی روودەدات لە تورکیا دەرھەق بە ئیرادەی خەڵک  و پەرلەمانتاران تازە نییە، ساڵانێکە گەلەکەمان ھاوار دەکات، بەڵام بەدەنگەوە ھاتنی پێویست نییەو ھاوخەباتی پێویست دروست نەبووە.

گەلەکەمان لە باشوور نابێت چاوەڕوانی ھەڵوێستی شەرمنانەی ئەو کەس و لایەنانە بێت کە تەنیا لە رێگەی بایاننامەوە ھەڵوێستی خۆیان پیشان دەدەن. لەناوچەکە پیلانێکی دژوار دژی ئیرادەی گەل و دیموکراسی و پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەڕێوە دەچێت. تورکیا سەرمەشقی ئەو دوژمنکاریانەیە، وڵاتانی ناوچەکەش دژی ئیرادەی پەرلەمان و دیموکراسی ھەنگاو دەنێن. کۆمەڵی نێودەوڵەتیش بێدەنگ و بیھەڵوێستە. پێویستە گەل پشت بەخۆی ببەستێت.. زیندان ئیرادەی کورد زەوت ناکات. زیندان کورەی خەبات پڕ جۆشتر دەکات. پێرێ ئۆجەلان و دوێنێ گوڵتەن کشاناک و ئەمڕۆش دەمیرتاش.. یەک عەقڵیەتی دەسەڵاتێکی دژ بەگەل نمایش دەکەن لە تورکیاداو نەبەزی ئیرادی گەلی کورد پیشان دەدەن..

بانگەواز بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان و فشاری کرداری دەکەم بۆ کۆتاییھێنان بەو زوڵمەی لەسەر گەلەکەمان لە باکوری کوردستان بەڕێوە دەچێت. 

بانگەواز بۆ فشاری کرداری لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ پشتیوانی گەلی کوردو رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی ومافی گەلان.. کورد پێویستی بە خۆکۆکردنەوەیە ئەم پەرشو بڵاویە ئیتر بەسە ئەمڕۆ پیلانی راستەوخۆو راستەقینە لەسەر باکوورو رۆژئاوایە لەلایەن تورکیاوە، سبەینێ لەسەر باشووریش ھەمان رەفتار دەکات.. تورکیا ناوە ناوە سوپا دەنێرێتە باشوور، دەیەوێت بە بێ دەنگی باشوور بخاتە ژێر رکێف و ھەیمەنەی خۆی، دەیەوێت لەخاکی باشوورەوە پەلاماری پەکەک بدات. دوژمنانی کورد یەکن پێویستە کورد خۆیشی یەک بێت..


04/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر