کوردستان لە بودجەی عیراقدا

سالار مه‌حمود

پەسەندکردنی بودجەی گشتی عیراق و پشکی ھەرێم بەم جۆرەی ساڵی ٢٠١٧ لەبەرامبەر بەفەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی عیراق بێت یان ھە ر ھۆکارێکی تر. دەبێت ئەوە بزانرێت کە ساڵانی رابردووش ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە بودجەی گشتی عیراقدا پشکی ھەرێم دیاری کراوە.. بەڵام جێبەجێ نەکراوە. لەلایەک حکومەتی ھەرێم رێگربووە لەلایەک حکومەتی بەغدا خۆی.

حکومەتی ھەرێم لە سەر ئاستی کوردستان لە بواری ئابوریدا شکستی ھێناوە، لە پەیوەندی لەگەڵ عیراقدا بۆ چارەسەری کێشەکان شکستی ھێناوە. چونکە ئامادە نییە دەستبەرداری رێکەتنە نھێنییەکەی ببێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکیە. بۆیە ھەموو ھەوڵێکی ھاوپیشەکانمان لەپەرلەمانی عیراق بۆ گێڕانەوەی مووچەو بودجەی کوردستان لەعیراقەوە بەرز دەنرخێنین و جێگای دەستخۆشیە. بەڵام حیکمەت جێبەجێبوونە نەک تەنیا پەسەندکردن!

گرنگ نیە نەوت لەرێگەی سۆمۆوە یان لولە شاراوەکانی کوردستانەوە دەفرۆشرێت گرنگ ئەوەیە بە شەفافی داھاتەکەی بگاتە ھاونیشتمانیان. 

ھیچ حکومەتێک بەبێ پشتیوانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران سەرکەوتوو نابێت. دەبوو ئێستا پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی بودجەی ئەمساڵی بکردایە، بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێم لەدەستی مافیاکانی حزب دەربازی ببوایەو کاربەدەستانی حکومەتیش قوتاریان بوایە لەو ئیحراجییە!. لەعیراقدا گرنگ نییە پشکی ھەرێم لەبودجەدا پەسەند دەکرێت ئەوەندەی گرنگە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  حکومەتی ھەرێم رەچاوی پێشنیارو یاساو بڕیاری گەلی نەکردوە لە کوردستانەوە، رەچاوی داخوازییەکانی خەڵک و رێکخراوەمەدەنییەکانی نەکردوە، نابێت گلەیی لەبەغدا بکات رەچاوی پێشنیارەکانی نەکات.

پێویستە ھەموو لایەک دڵنیا بێت حکومەتی ھەرێم بەھۆی کۆمەڵێک ئیعتباراتی شاراوەو ناشەفاف ناتوانێت لە جاڵجاڵۆکەی تورکیا خۆی قوتار بکات، بۆیە دوای پەسەندکردنی بودجە دەکەوێتە گرفت دروستکردن بۆ ھەوڵەکانی پەرلەمانتاران. 

لەبەر ئەو ھۆکارەو کۆمەڵێک ھۆکاری تری پەیوەند بە ئابوری و سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئینجا بۆ جێبەجێبوونی ئەو یاسایەی بودجەی عیراق، گۆڕینی ریشەیی  حکومەتی ھەرێم زامنی گەیشتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و پێشمەرگەی کوردستان. یان گۆڕینی عەقڵیەتی حوکمڕانی لە کوردستان.

لەکوردستاندا تاوەکو کەیسی نەوت و سامانە سروشتیەکان لەدەستی کەسانی نا ئەمینی وەک ئاشتی ھەورامی دەرنەھێنرێت، خەڵکی کوردستان ھیچ خێرێک لە نەوت و غازی کوردستان نابینێت، خێرو بێری سامانی سروشتی کوردستان دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا بیانەکان و شەریکە گەندەڵەکانی یانەوە لە کوردستان




PM:10:42:05/12/2016