یەکێتی بێدەنگی هەڵمەبژێرە

سالار مه‌حمود
حزبی شەهیدان و حزبی مێژووی هەڵوێستەکان!! ئەم هەموو بێدەنگە بۆ خەڵک فەوتا،   پرسیاری گرنگ پێویستە وڵامی فەرمی هەبێت ئایا لە بەتاڵان فرۆشتن و سەودای سامانی ژێرزەمین و چاڵە نەوتییەکان لەلایەن حکومەتەوە ئاگادارن؟ راستە یان ساختەیە ئەم بەڵگانەش؟! وڵامتان هەبێت هەڵوێستتان هەبێت.. یەکێتی خاوەنی بیرۆکەی  دەرهێنانی نەوت ئەو کاتەی پێیان دەوتین( فیدراڵ و بەرمیلی بەتاڵ) ئێستا ناشێ بێئاگابن لەم  ماڵوێرانییەی لە رێگەی عەقدی نەوتی ناشەفاف لەگەڵ تورکیا بەسەر خەڵکیدا هێنرا.. ئەی نەوتی کەرکوک و قووت و گوزەرانی خەڵکی کەرکوک ئەمەش هەر لایەنی تر لێی  بەر پرسە؟ بێگومان نەخێر،   حزبەکەمان بەرپرسە لەم دۆخە، بەرپرسە لە رێگەگرتن لە  هەرزانکردنی نرخی نیشتمان،  یەکێتیەکان  وەک ئەو خەڵکە ناڕازییە ناڕازیین،   پێویستە لەسەر ئەو بەڵگەیەی  لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوبۆتەوە  هەڵوێستی راستەقینەی رابگەیەنێت. ئاشتی هەورامی  کەمەلەفی نەوتی کوردستان هێشتا ئەو ئەندازیاریەتی و پێشنیاری فرۆشتنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی  کردوە بۆ تورکە دۆستەکان! بەشێک لەو کێڵگانە  لە سنوری سیاسی یەکێتیدایە، هەر وەک نەوتی کەرکوک کە بە بێدەنگی خرایە ژێر رکێفی  خەڵکی تر! نابێت بە راگوزەر  تەماشا بکرێت، ئەمە ئەگەر راست بێت کارەساتە،  
پەکخستنی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم  سەودایانە بوو بە خاک و سامانی نەوەکانی ئایندەوە؟ بۆ تەختکردنی رێگابوو لەبەردەم حکومەت تاوەکو دوور لە چاوو چاودێری پەرلەمانی نوێنەری خەڵکی کورستان ، نیشتمان بخەنە ژێر رەحمەتی قەرزی دەیان ملیار دۆلاری بە تورکیاو کۆمپانیاکان؟ 
ئەم سیاسەتە ماڵوێرانکەرە راگرن، ئەم حکومەتە شکست لە دوای شکست رۆژگار بەڕێ دەکات، ویژدانتان بجوڵێت  خەڵکی  کوردستان لەوە زیاتر  با نەڕەنجێت.  یەکێتی نیشتمانی بۆ ئەم کەیسە هەڵوێستی روون  پێویستە،  ناکرێت پەلەمانتارەکانت لە بەغدا سیاسەتێک پەیڕەو بکەن و نوێنەرەکانت لە حکومەتی کوردستان جۆرێکی تر سەبارەت بەکەیسی سامانی سروشتی و بوودجەی گشتی.   بەتایبەتیش سەبارەت بەم بەڵگەیە  بێدەنگی شەرمە،  ئەگەر راستە یان نا راست.   یەکێتیەکا ن و خەڵک هەڵوێستی راشکاویان  لە یەکێتی دەوێت.

28/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر