گا شێتەکە خۆی بە کوردستاندا دەدات

سالار مه‌حمود

لە دوای حەوتی حوزەیرانی ۲٠۱٥ کە هەدەپ لە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا توانی  سەرکەوتنی تێپەڕاندنی دە لەسەدی دەستوور دەستەبەر بکات.  ئیدی ئەردۆغان و پارتەکەی تووشی سەرەتایەکی نوێ لە هستریا بوون، هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و  دووبارەبوونەوەی ئەنجامەکە بە ناکامی ئەوان. ئەم ئەنجامە پرۆسەی دەستبردن بۆ هەمواری دەستور لەلایەن ئاکپارتیەوە دوورخستەوە، لەبەرامبەردا بەو سەرکەوتنەیان هەدەپ کەوتنە کەمپەینێکی  جیهانی بۆ هۆشداریدانی راستەقینە لەسەر مەترسیەکانی سەر دیموکراسی لە تورکیاو گەیاندنی نیازە فاشستیەکانی ئاکپارتی.

ئەردۆغان لەناوخۆدا، لەلایەک رووبەڕبەڕووی نەیارەکانی ناو پارتەکەی خۆی بووەوە، لەلایەکی ترەوە  تووشی کودەتایەکی  پێش وەخت و نەخەمڵیوو بووەوە، دوای شکستی کودەتا ئاراستەی سیاسەتی وڵاتی گۆڕیی بۆ سەربازگەیەکی گەورەو  میدیاو تۆڕەکانی پەیوەندی و ئازادییەکانی بەرتەسکتر کردەوە،  زیندانەکانی پڕ کردەوە لە پەرلەمانتارو  چالاکانی سیاسیی و مەدەنی. بێ ئومێدی بە رامبەر  گەیشتن بە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا بەبێ  جێبەجێکردنی راسپاردەکانی رۆژئاوا کە یەکێک لەوانە چارەسەری مەسەلەی کورد بوو، بێ ئومێدبوون لەو هیوایانەی بە هەنگاوەکانی داعشی بەستبوەو شکستهێنانی لە  گێڕانەوەی خەونی سوڵتانییەت کە کۆبانی ئەو خەونەی لەسەرەتاوە لە گۆڕنا.  تورکیای ئێستا خاوەن ئابوریەکی داشکاو، نائارامیی سیاسیی و ئەمنی، بەرزبوونەوەی دەنگی زیاتری ناڕازیی لەسەر ئاستی شەقام و رای گشتی لەو سیاسەتە ناوخۆییانە، لەهەمان کاتدا لە دونیای دەرەوەیشی پەیوەندیەکانی  روو لە ئاڵۆزیی زیاترو  کرانەوەی بەرەی دژتر دەبێت. رەوەندی کوردیی لە دەرەوەو سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی  رۆژئاوای کوردستان لە رووبەڕووبونەوەی داعش بە هاوکاری ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا،  فاکتەری هاربوونی ئەردۆغانن لەبەرامبەر رووداوەکاندا  بە جۆرێک لە هیچ ئاستێکدا نەک بە خواستی

 ئەوان دەورەکە ناچەرخێ بەڵکو زۆر بە خێرایی فشارەکان لەسەری زۆر دەبن. لە ئێستاوە تا ساتەوەختی راپرسیی لەسەر دەستور رووداوەکان زۆر خێراتر دەبن، دژەکانی ئەردۆغان لەهەموو ئاستەکاندا زیاترو دۆستەکانی کەمتر دەبن. چونکە لە ئێستاوە هەموو لایەک خەریکە بەرچاو روون دەبن لە مەیلە شێتانەکەی لە ناو وڵات و دەرەوەیدا. ئەوەش لە ئەنجامی شکستی سیاسەتەکانی لەهەر سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

ئێستا ئەو ساتەوەختەیە  بڵێین تورکیا لەو گا شێتە دەچێت کە شاخی  سوارکردوە بۆ خۆ کێشان بە لایەکدا. ئێستا ئەو ساتە وەختەیە کە  تورکیا توانای لۆژیکی لەدەستداوەو ناتوانێت دوور بڕوانێت و دوور ببینێت!  ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوەو رێگای تر بگرێتە بەر،    دوای سەد ساڵ لە ململانێی پڕ لە هەڵکشان و داکشان لەگەڵ کوردداو نەگۆڕینی  بیرکردنەوەیەک بێجگە  لە بژاردەی خوێنڕشتن و شەڕ،  دەگەینە ئەو بڕوایەی کە  ئەو گایەی سەدەی بیست و یەک هەمان گای شێتی سەدەی بیستەمی تورکیایە کە سیاسەتی پشتگوێ خستنی کێشەی کوردو کوردستانی گرتبووە بەر، بۆیە خۆی دەکێشێت بە کوردستان و تاشە بەردەکانی قەندیلدا، بێخەبەر لەوەی  لە دونیای گۆڕاودا  ئەم بژاردە ناشرینە  جگە لە خۆ خستن وەک رووداوەکانی هاوشێوەی رابردوو ئاکامێکی تری  لێ سەوز نابێ.

با هیچ کەس و لایەکیش هیچ هیوایەک بەم سەرشێتیە خۆ کوژیەی ئەردغانەوە نەبەستێتەوە.


12/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر