بەمەبەستی گەیاندن ژان و داواو مەترسیەکانی سەر کوردو کوردستان لەبۆتەی رووداوو گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپاو چەند ناوەندێکی سیاسیی و دیبلۆماسیمان کرد. هەندێک لە دیدارەکان بەبەرچاوی میدیاکانەوە بوو، هەندێکیش دوور لە چاوی راگەیاندن و میدیا. ئەوەی گرنگەو لێرە تیشک بخەینە سەر (بەیتی قەسید) هەموو لایەک بەوردی چاودێری رەوش و رووداوەکانی کوردستان و دەوروبەری دەکەن لە روانگەی کاریگەریی رووداوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لەسەر رۆژئاواش هەیە، تەنانەت پارتە سیاسیەکان لە ناو پەرلەمانی ئەوروپاو لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا یەک جۆر بیر ناکەنەوەو هەڵوێست وەرناگرن. بەڵام هەموو ئەو لایەن و کەسانەی بینیمانن گرەنتی سەرکەوتنی کوردستان لە هاوکێشەی گۆڕانکاریەکاندا دەبەستنەوە بە رادەی رێزگرتن لە دیموکراسی لە ناوخۆدا. هەرچەندە ئەوان لەهەموو حاڵەتەکاندا مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکاندا دەکەن! بەڵام بەلایانەوە گرنگە فشارو خەبات و کارکردن بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا بە پرەنسیپی دیموکراسیانەی خەڵک بێت.
ئەوان بەگرنگیەوە دەڕواننە کەمبونەوەی فشاری پەناهەندە لەسەریان و راسپاردەیان بۆ حکومەتەکان رێزگرتنە لە رای خەڵک و یاسا.
لە گرنگترین دیداردا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا (ئۆلریک لۆناچیک)کە رۆژی ۲۷/٤/۲٠۱۷ لەگەڵیدا ئەنجاممان داو چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا بینیمان و داواکاریەکانی خۆمان دایە دەستی، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی و پشتیوانی، لە گرنگترین وتەکانی بۆ ئێمە باسی لە گرنگی پشت بەستن بوو بە هێزی دیموکراسی ناوخۆ، راسپاردنی ئۆفیسەکەی بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی کوردستان بە گرنگیەوە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی پەرلەمانتارانی باکوور لە رێگەی فشاری پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر تورکیا.
سەبارەت بە پارتە کوردستانیەکان لە ئەوروپا کە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردن لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل جگە لە نوێنەری پارتی چەندان حزبی چوار پارچەی کوردستان ئامادەی بوون، نەبوونی یەک تیمی و نەبوونی پلان و کاری هاوبەش هەست پێ کرا، سود وەرنەگرتن لەو کەشەی لە دەرەوە هەیە بۆ کاری دیبلۆماسیی لەلایەن نوێنەرایەتی حزبە کوردیەکانەوە، بەڵام هەمووان یەک دەنگ بوون لەوەی بارودۆخی کوردستان ئیحراجی بۆ ئەمان لەدەرەوە دروست کردوەو، تانەیان لێ دەدرێت لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و خۆ نەگونجاندن لەگەڵ راسپاردە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی. سەرباری قوربانیدانێکی زۆر لەشەڕی تیرۆردا لەلایەن پێشمەرگەو خەڵکی کوردستانەوە.
سەبارەت بە رەوەندی کوردیش بەهەمان شێوە نیگەرانی و توڕەیی و دڵتەگیەکی زۆر پیشاندرا لە و دابڕان و ترازانە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەی لە کوردستاندا هەیەو پارتەکانی کوردستان وا کاردەکەن لێرەش رەوەندی کوردیی پەرت و دابەشبێ بەسەر لایەنە سیاسیەکاندا.
حکومەتی هەرێم وەک چۆن لە ناوخۆی کوردستان نەیتوانیوە خزمەتی خەڵکەکەی بکات لە دەرەوەش نوێنەرایەتیەکانی لە گرفتی پەنابەران بەگشتی و رەوەندی کوردیی ناپرسنەوە. تەنانەت نەیانتوانیوە سود لە تواناکانی ئەو هەزاران خوێندەوارو گەنجە ببینن کە چونەتە ناو دامودەزگاکانی فەرمی ئەو وڵاتانەوە.
لەدەرەوە توانایەکی گەورەی مرۆیی کوردستانی هەیە حزبەکانی باشوور بەتایبەتی نەیانتوانیوە سەرمایەگوزاریی و رێکخستنی تێدا بکەن، بیریان لای ئەم توانا گەورەیەی رەوەندی کوردیی نیە کە هێزێکی گەورەی گۆڕانکارییە.
لە هۆڵەندا رەوەندی کوردی بە چەپکە گوڵ پێشوازیان لە پەرلەمانتارانی کوردستان کرد! هەستێکی خەمناک و شادومان دایگرتم هەستی شادی رێزگرتن لە نوێنەرانی گەل لەدەرەوە و هەستێکی دڵتەنگ لە سوکایەتیکردن بەپەرلەمان و پەرلەمانتاران لەلایەن حزبەکان لەناوەوە..
لەم سەفەرەدا وێڕای سەرنجێکی زۆری نەوتراو دەمەوێت بڵێم پەیامی ئەوروپاییەکان بۆ کوردو کوردستان رێزگرتنە لە دیموکراسی و حوکمی یاسا ئەوان زۆر بایەخ بە وردەکاریی کێشە ناوخۆییەکان نادەن هەرچەندە زۆر نیگەرانن بە داخستنی پەرلەمان و هەموو رادەی دیموکراتیزەی وڵات و کۆمەڵگاکان لە روانگەی چالاکی و کاری پەرلەمانەوە دەبینن، لەهەمانکاتدا ئەوان دەڵێن پشت بەخۆتان ببەستن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانتان و خۆتان دەتوانن گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ ئەنجام بدەن.
بەم هەنگاوەش دەرئەنجام پشتیوانی بەکرداری ئێمە مسۆگەر دەکەن.