سێ رەهەندی مەترسیداری بودجەکەی بەغدا

سالار مه‌حمود

یەکەم: پرۆژەکە لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی داڕێژراوە بەبەڵگەی ئەوەی گوژمەیەکی زۆر بۆ وەقفی شیعی تەرخانکراوە، هەروەها بودجەیەکی زۆر بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە.
دووەم: لەسەر بنەمای دەوڵەتی عەسکەر داڕێژراوە، گرنگیدان بەچەک و جبەخانەی سەربازیی گوژمەی زۆری بودجەکە بۆ کڕینی چەک و دابینکردنی پێداویستی سەربازی و جبەخانە تەرخانکراوە چ بۆ سوپاو چ بۆ هێزە چەکدارەکانی تر. ئەمەش مەترسیدارترین لایەنی بودجەی ۲٠۱۸ ی عیراقە، ئەم دەوڵەتە بەم عەقڵیەتی شەڕەوە خۆی بۆ تەجهیزی سەربازی زیاتر ئامادە بکات واتە لە ئایندەدا وڵاتەکە بەرەو شەڕێکی نوێ ئاراستە دەکرێت.
سێیەم: بودجەکە لەسەر بنەمای عەقڵیەتێکی شۆڤێنی و مەرکەزیی داڕێژراوە،بەو مانایەی ناوی هەرێمی کوردستان بە باکوری وڵات هاتوە هەروەها بە پارێزگاکانی هەرێم هاتوە، یا باسی وەزارەتی پارێزگاکان دەکات! ئەمەش دەرخەری پاشگەزبوونەوەی کرداریە لە فیدراڵیەتی عیراق لەلایەن حوکمڕانانی بەغداوە.
کە بەپێی مادەکانی ۱۱۷و ۱۲۱ دەستوری هەمیشەیی هەرێم قەوارەیەکی سیاسیی فیداڵی دانپیانراوە.
بەشێک لە چەسپاندنی ئەم بنەمایانەبۆ کەمتەرخەمی و نا بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە لە کەئەمساڵ و ساڵانی رابردووش بەشداریان نەکردوە لە داڕشتنی پرۆژە بودجەی عیراق. بیانووشیان ئەوەیە کە بەغدا فەرمووی لێ نەکردوون.
ئەم حکومەتە شکستخواردوە نەیتوانیوە ئەو رێژەی ۱۷٪ کە کاتی خۆی بە هەوڵێکی زۆر چەسپێنرا نەک وەرگرن بەڵکو ساڵ بەساڵ کەمتر دەکرێتەوە..
هەر کەس و لایەک بڕوا بکات کە بەغدا بەشی بودجەی کوردستان دەنێرێ یان گێلە یان خۆی نەبان دەکات. بۆیە لەو عەقڵیەتەی بەغدا کە لەسەر ئەو سێ بنەمایە بودجەی وڵات دادەڕێژێ هیچ چاوەڕوانیەک ناکرێ وەک چۆن هەر چاوەڕوانییەک بۆ چاکسازییکردن لەلایەن حکومەتی هەێمەوە جگە لە وەهم هیچی تر نییە. 





PM:02:13:21/11/2017