بۆچی پێویستە گەریلا باشور چۆڵ نەکات ؟

سالار مه‌حمود
لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆری داعشدا لەباشوور گەریلا بەشدارو هاوکارێکی بێمەرام و خواستبوو، ئەوان هێزی تەنگانە بوون بۆ راگرتنی داگیرکاریی داعش لەبەرەی کەرکوک و هەولێرو شەنگال. تورکیاش تەماشاکەرێکی بەپیلان بوو، داوای هاوکاری لێکرا نەک نەیکرد، بەڵکو پشتیوانی داعشبوو لەبەرەی موسڵەوە، ئازادکردنی دیپۆماتەکانیشیان سەفقەیەکی ئاشکرابوو.

بەهەموو پێوەرێک تا یەک بارەگاو جەندرمەیەکی تورکیا لەناو قوڵایی خاکی باشورو شارەکانی هەبن و، پێشێلی بڕیاری فەرمی پەرلەمان بکەن، بەهیچ لۆژیکێک نابێ داوای چۆڵکرنی ئەو شاخە سەختانە لە گەریلا بکرێ.

گەلێک ژیانی شاری لێ زەوت بکرێ، ناچارە شاخ هەڵبژێرێ.

گەلێک خاکی لێ زەوتبکرێ و، دۆستێ داوەرێک نەبێ ئەم غەدرە مێژووییە بەردەوامە راستبکاتەوە، ناچارە تەنیا دۆستی خۆی(چیاکان) هەڵبژێرێ.

بەر لەهەر شتێ پێویستە هەرێمی کوردستان داوای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلەکەمان بکات لە تورکیا ئەو کات کوردیش پەنا بۆ چەک نابات!

سوربوون لەسەر تێزی بەئاشتی چارەسەری کێشەکان لە قازانجی هەموو لایەکە. بێدەنگ بوون و چوونە ژێر باری داوای داگیرکەران وا دەکا نۆرەی خۆشت بێت! ئاخر سبەینێ داوای دەرکردنی کۆمەڵەو دیمۆکراتیش دەکرێ و ئینجا دەکردنی هێزەکانی باشوریش لەباشور.
کەی تورکیا ئامادەبوو بەپێی یاسای نێودەوڵەتی رەفتار لەگەڵ وڵاتی ئێمە بکات، پێشمەرگەو هاوڵاتی نەکردە ئامانج.

کەی کۆتایی هێنا لە بۆمبارانی گوندەکانی سەربە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک و سلێمانی.

کەی وەستا لە خشکەیی کشان و رۆچوون بۆ ناو قوڵایی هەرێمی کورستان.

کەی تورکیا تیرۆری ئاشکرای خەڵکی سڤیل و زیندانیکردنی ئازایخوازانی وەستاند.

کەی دەوڵەتی تورکیا دەستی هەڵگرت لە تێزی بوونی کورد واتە نەبوونی ئەوان، ئەو کاتە ئەم پرسەش مایەی گفتوگۆ دەبێت.
دەسەڵات و دەستپێشخەری لەم پرسەدا زۆرتر لە ئەستۆی تورکیایە.

مەسەلەی پەکەکە بیانویەکی لاوەکیە بۆ داگیرکردنی بەشێک لەباشورو کردنەوەی (هێڵی تورکیا_ موسڵ)لەلایەن حکومەتی ئەردۆغانەوە. بە داعش ئەم پلانەیان بە پشتیوانی گەریلا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی سەری نەگرت. بەڵام ئەم ستراتیژە دێرینەی تورکیا سەرلەنوێ بەکردار کاری لەسەر دەکرێت، پەکەکەش نەبێ ئەوان لەم خولیا پوچەی داگیرکردن ناکەون. بۆیە پێویستە گەلی کورد بەگشتی و باشورو لایەنەکانی و دامەزراوەکانی بەتایبەتی، ئەم راستیە هەرگیز فەرامۆش نەکەن کە ئەو تێزەش راستە تەنیا کوردە بۆ پوچەڵکردنەوەی خەونی داگیرکەران دەبێ پشت بەخۆیان ببەستن. دەستپێکی ئەم هەنگاوەش پێویستی بە پێناسەو ناسینی دوژمنە، تا دومنەکەت نەناسی و دەستنیشانی نەکەی ناتوانی ستراتیژێکی نیشتمانی دابنێی.

تێزی تەنیا پشت بەخۆ بەستن لەمپەرە، مادام ژووری هەماهەنگی سێکوچکەی (بەغدا تاران ئەنقەرە) هەیە، لەبەرامبەردا دروستکردنی هاوپەیمانی و بەرەی هەماهەنگی هێزە کوردستانیەکان و دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی راستەقینەو بەکردار ئەرکێکی نیشتمانی چارەنووسازە.

23/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر