‎لەبارەی سەرکردەو سەرکرایەتیکردنەوە

سالار مه‌حمود
سەرکردە، وشەیەکی لێکدراوی کوردی پەتی و پڕ مانایە، سەرێکی کردەو خاوەن بڕیارو کار، ئەو سەرەی لە دۆخە سەختەکاندا بەکردەیی رێگای دەرباز دەکاتەوە، رێوشوێنی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانج دەدۆزێتەوە..

‎سەرکرداتیکردنیش هونەرو ئاکارە، هونەری ئیدارەدانی باش و بڕیاری دروست. ئاکارە بەمانای ئەمیین و چاکەی گشتی لە پێش ویستی خودیەوە دابنێت. سیفەتەکانی کەسی سەرکردە جیاکارو تایبەتمەندێتی لە کەسی ئاسایی جیای دەکاتەوە. لەدنیادا نمونەی گەورە لە وانە وەرگرتن لە چۆنێتی سەرکردایەتیکردن هەیە، بۆ هەموو قۆناغەکانی خەبات و سەرکردایەتیکردن. قوتابخانەی فیکری زۆر هەن بۆ تێگەیشتن و پەیڕەو کردن، لەوانەش گرنگتر هەڵسوکەوت و کرداری دوێنێ و ئەمڕۆ باشترین ئارگۆمێنتی دەرخەری پێدراوی دروست یان ناقابیلی هەر کەسێکن پێی بوترێت سەرکردە.

‎سەرکردە کەسێکە تواناو  لێهاتوویی خۆی بەکاردێنێت بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر ئەوانی تر لە پێناو کۆکردنەوەیان و ئاراستەکردنیان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو.

‎سوقرات گوتەنی سەرکردە لانی کەم دەبێ ژیر بێ، بوێر بێ، عەدالەتخوازبێ..

‎کوردستان بەهەڵکشان و داکشانی مێژوویەوە نازناوی سەرکردەی دایە پاڵ هەندێک ناو، بەڵام ئاکام حەتمیەتی رۆژگار دەریخست نەک شایستەیی ئەوەی نەبووە ئەو ناوو پێگەی پێبدرێ، بەڵکو نەیتوانیوە وەک کەسێکی ئاسایی بێ ئۆباڵ خۆی بپارێزێت لە لێخنی و کێماسیەکان. سیفەتەکانی کەسایەتی سەرکردە هەندێکیان بەفیترەت لە مرۆڤدا هەن، هەندێکیش رووداوو هەڵوێست بەرامبەر رووداوەکان سەرکردە دروست دەکەن. هەشە بارودۆخێکی تایبەت پێگەیەکی سەرکردایەتی دەبەخشێتە کەسانێک بەدەر لە پرەنسیپی بە سەرکردایەتی بوون. 

‎بارودۆخی حزبی کوردیی پڕە لە نمونەی بەناو سەرکردەو داماڵراو لەبەهاو سیفەتەکانی سەکردایەتیکردن. لەبەر ئەوەشە لەهەموو قۆناغەکانی رابردوو زیاتر، ئەم ساتەوەختە پڕ قەیراناویترین ساتەوەختەکانی حزبایەتیکردن و سیاسەتکردنە لە کوردستاندا. بابەتی شەرعیەتیش یەکێکی ترە لەو پرسانەی لە پرۆسەی سەرکردایەتی لە حزبدا جێگای ئاوڕدانەوەیە لە باسێکی وادا، لەگەڵ میکانیزمەکانی زەمەن بۆ سەرکردە ( هەڵبژاردن و دانان لەئەنجامی هاتنە ناوەوەی حزبی ترو یەکگرتنەوەش) رەفتارو هەڵسوکەوتەکان،  لێکەوتەکانی هەر بڕیارێکی هەڵە کە دەدرێت هەموو ئەمانە گەر وەک پێوەرێکی ئۆرگانیی بەهەند وەربگیرێت کە پێویستە وا بێت. ئەوا دەردەکەوێت بەشێک لە بێبەهابوونی ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی و بێ هیوایی و دەرئەنجام باربوونی حزبایەتی ئەمڕۆ بەسەر ژیانی گشتی و  کۆمەڵی کوردەواریەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. 

‎لەیادی شەهیداندا بۆ یادو یادەوەریی دەیان سەرکردەی شه هیدی کوردستان بەگشتی و، یەکێتی نیشتمانی بەتایبەتی کە ژمارەیان لە ژمارەی سەرکردە زیندوەکانی زۆرترن. بەم درەنگ وەختەوە بەپێویستم زانی ئەم پرسە بهێنمە بەر باس و هیوادارم گفتوگۆی هێمن بەدوای خۆیدا بهێنێ، بە پشت بەستن بە تێزەکانی مامجەلال بۆ نوێبونەوەی سەرکردایەتی و خوێنی تازەو بەگەڕخستنەوەی ئۆرگانەکان لە پرۆسەی بڕیار وەرگرتندا. بەتایبەتیش کە لە ئێستادا پرسیار لەبەردەم شەرعیەتی ئۆرگانیی سەرکردایەتی هەیە.

‎ئەم حزبە لە خوێن هەڵژنراوەی کوردستان بەهۆی لاوازكردنی رۆڵی دامەزراوەکانی بڕیارو لێڵی مەرجەعیەتی بڕیارو نا هاوسەنگی گوتاری سەرکردایەتیەکەیەوە، وای کردوە بێ دیدگای روونی نیشتمانی لەمەیدانە پڕ قەیرانەکەی کوردستان و عیراقدا دەربکەوێت، ئەمەش بەر لەهەر چین و توێژێکی تر دڵسۆزو بنکە جەماوەریەکەی نیگەرانیەکانیان زیاتر ببێ و دوو دڵ بن. کەواتە دەبێت بیری جدی لە گۆڕانکاریی و چارەسەرێکی خێرا بۆ دەربازکردنی یەکێتی لەو دۆخەی ئێستای بکرێتەوە، لەسەر هەردوو ئاستی ستوونی و ئاسۆیی، چونکە بەم مۆدێلە لەکارکردن و سەرکردایەتیکردنەوە هەموو هەوڵ و ماندوبوونەکان  بێئاکام دەمێننەوە.. لەکاتێکدا لەناو ئەم حزبەدا بنکەیەکی فراوانی کادری هەڵکەوتووی گەنج و خاوەن روئیا هەن دەتوانن رۆڵی گەورە ببینن لەگەڵ هەندێ لە توانا دێرینەکان پێکەوە بۆ گێڕانەوەی یەکێتی بۆ ناو دڵی زۆرینەی خەڵکی کوردستان. 

هەرچەندە بڕوای تەواوم بە بەهێزکردنی دامەزراوەو ئۆرگانەکان هەیە لەسەر بنەمای پەیڕەو بەڵام دەشزانم ئەم پرۆسەیە زۆر زەحمەتە، ئەسڵ ئەوەیە جەخت بکرێتەوە لەپەلە کردن لەسەر پێویستی خۆگۆڕین و گەڕانەوە بۆ بەها بنچینەییەکان، لەکاتێکدا ویستێکی گشتی هەیە بۆ گۆڕانکاریی لە ناو یەکێتیدا، چونکە ‎لەبنەمادا دروست ئەوەیە بەخێرایی یەکێتی  لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و تایبەتدا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان خەمی گشتی و خەمی گروپدا دەبێ یەکەمیان، لە نێوان سیاسەتی نیشتمانی و ناوچەییدا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان گوتاری روون و گوتاری خۆڵەمێشیدا دەبێ یەکەمیان، لە نێوان سەربەخۆیی بڕیارو وابەستەیی بڕیاردا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان بەخۆداچوونەوەو خۆ سڕکردندا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان جورئەتی گۆڕانکاری ناوخۆیی و بێباکبوون بە دیار برینەکانەوە دەبێ یەکەمیان، لەنێوان گەڕانەوە بۆ فیکرو بێ بەهای مەسەلە فیکریەکان دەبێ یەکەمیان هەڵبژێرێ حزبی شەهیدان

01/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر