پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا ئەگەری گەڕانەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە

سالار مه‌حمود
پاش هەوڵێکی زۆری تیمی کوردستان لە عیراق بەگشتی و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەپەرلەمان، توانرا شایستە دارایەکانی هەرێم بچەسپێنرێ.

بەم جۆرەش سەرەتا باشەکانی دەرکەوت و هەرێم بەهاتنی بودجە لە عیراقەوە توانی پاشەکەوت هەڵبگرێ.

پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە ئایا حکومەتی کوردستان پابەند دەبێ بە بڕگەکانی تری یاساکەوە کە ناردنی نەوتی رۆژانەیە لە رێگەی سۆمۆوە؟ ئەگەر پابەند نەبێ ئەوا دژی هەوڵی تیمی کوردستان لە عیراق و دژی خواستی موچەخۆرانی هەرێمە یان نا؟.

کێشەی نەوت و مووچە لەیەکتر دابڕاو نییە، راستە لە یاسای بودجەدا بە خاڵ جیاکراوەتەوە،  بەڵام پێکەوە گرێدراون و یەک سیاسەت و یەک پاکێجە.

راستە هەرێم و خەڵکەکەی شایستەیە بودجەو مووچە ومافە زەوتکراوەکانی تری بدرێتێ. بەڵام نەناردنی ۲٥٠ هەزار بەرمیلی نەوت  بیانووەکەی چیەو لەپێناو چییە؟ بەکوردی و بەکورتی نابێ بەرژەوەندی لاوەکی و شاراوە بخرێتە پێش بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئاشکراوە.

لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت دەبێ تەحەموولی ئەم مەسئولیەتە بکەن. بەشداری لە حکومەتی هەرێم تەنیا پۆست نییە، بڕیارو هەڵوێستی هاوبەشە.

لەئەگەری گەڕانەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە کێ بەرپرس دەبێ؟ 
کێ بڕیار لە پابەندبوون بە یاسای بودجەو پابەند نەبوونەوە دەدا لەناو حکومەتی هەرێم؟
جەدوای هەریەکەیان لە رووی ئابوری و سیاسیەوە چی دەبێ؟.

ئاساییتر بونەوەی پەیوەندی هەردوولا کاریگەری لەسەر زۆر مەسەلەی تر دەبێ لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکان و پێگەی کوردستان لە زۆر ناوەند بەهێز دەکات، پێچەوانەکەشی بە جۆرێکی تر دەکەوێتەوە.

ناکرێ بە لۆژیکی( بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم) مامەڵە بکرێ، شەفافبوون لە هات و خەرجی لەعیراق و کوردستان یارمەتیدەرە بۆ مسۆگەریەکی زیاتری قوتی خەڵک. 

لەبەر ئەم راستیە دەبێ بە زوویی کار بکرێ نەک هەرێم نەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشەکەوتی مووچەو، قەیرانی پێدانی مووچە نەهێڵرێ. پێویستە لە کوردستانەوە سیاسەتێک پەیڕەو بکرێ قۆناغ قۆناغ قەرزە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران بدرێتەوە.

26/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر