ئەو کاتەی شکۆی پەرلەمان بە خودی پەرلەمان دەشکێنرێ!

سالار مه‌حمود

هەموو ململانێیەکی سیاسی و دەرکەوتنی جیاوازیەک لەپەرلەمانەوە ئاساییە تا ئەو شوێنەی لەچوارچێوەی یاسادایە. 

 

لە ساڵانی رابردوو هەوڵی زۆر هەبون بۆ بەمەرجەع بونی پەرلەمان و زاڵبونی ئیرادەی گەل بەسەر ناوەندە حزبیی و ناوچەیی و کەسیەکان، بەڵام بەداخەوە خول لەدوای خول بە پلان رۆڵی پەرلەمان لاوازکرا. 

 

لێسەندنەوەی پارێزبەندی لەپەرلەمانتار ئەڵقەیەکی ترە لەو زنجیرە هەوڵانەی بێدەنگ کردنی پەرلەمانتار. لە رابروودا هەوڵ و رێگای تر هەبوە، بەڵام ئەم رێکارە گەرچی پەیڕەوییە، بەڵام لەسات و قۆناغ و چوارچێوەیەکدا بۆ بەتەواوەتی داڕوخان و شکاندنی کۆی شکۆی پەرلەمانە بەخودی پەرلەمان خۆی ئەنجام دەدرێ.

 

بەتایبەتی میکانیزمی هەڵگرتنی پارێزبەندیەکە پرەنسیپەکانی سازان و کۆدەنگی و کاری هاوبەش و یەکدەنگی بخاتە بەردەم پرسیارەوە ژیرانە نیە، لەسەردەمی کەڵەکە بوونی قەیرانەکان و لاوازبوونی متمانەو کاری پێکەوەیی.

 

کاتێک جیاکاری بکرێت لە هەڵگرتن و هەڵنەگرتنی پارێزبەندیەکان، دەبوو پەرلەمان لەم ساتەوەختەدا رۆڵی پێچەوانەی ببینیایە، دەبوو چاوکراوەتربوایە لەسەر کێشە گەورەکان لەعیراق و ناوچەکە، چاوکراوەربوایە لەسەر گرفتەکانی خەڵک و گوزەرانیان.

 

خۆ ئەگەر پەرلەمان دەیەوێ بەجدی سەروەری یاسا پەیڕەو بکات دەسەڵاتی لەکارلادانی زۆر کەسی باڵادەستی هەیە کە بەدیکۆمێنت و بەڵگەو سکاڵای یاسایی لایانە و دەتوانن بەکاری پەیڕەوی ئیجرائات بکەن و قوتی خەڵکیش بگێڕنەوە.

 

تەماشای دیمەنەکانی پەرلەمانی عیراق بەو هەموو کێشە مەزهەبی و نەتەوەیی و قەیرانی عەقڵەوە دەتوانن کابینەی حکومەت بگۆڕن. وەزیر لەکار بخەن فشار دروست بکەن. 

 

سەرۆکی پەرلەمانی عیراق سلیم جبوری لەخولی پێشوو خۆی داوای کرد پارێزبەندی لێ بسەنرێتەوەو بچێتە بەردەم دادگا رۆیشتە بەردەم دادگاو گەڕایەوە شوێنی خۆی. چونکە هێشتا دادگا لە عیراق سەرباری ئەو وێرانەیە پەراوێزێک سەربەخۆیی خۆی پاراستوە. لەماوەی پانزە ساڵی رابردوودا ٦۷ دادوەر لە عیراق تیرۆر کراون بە شێکیان لە بەرەنگاربونەوەو رووبەروو بونەوەی گەندەڵی بوە.

 

بەڵام جێی نیگەرانیە لە پەرلەمانی هەرێم تا ئێستا وەزیرێک کاربەدەستێکی حکومەت متمانەی لێ وەرنەگیراوەتەوە بەڵام پەرلەمانتاری تێدا محاسەبەو بێ حەسانە دەکرێت!

 

بە ئەزموونی دووخولی پەرلەمان چەندەها پەرلەمانتاری بە ئیرادەو دەنگی بڵندم ناسی هەر یەکە بەپێگەی خۆی خاوەن ئیرادەو ئازایەتی بوون لەوانە دانا سەعید سۆفی و گۆران ئازاد و زانا رەوف و عەبدوڵامەلا نوری وشاهۆ سەعیدو ئەبوبەکر هەڵەدنی و سەروەر عەبدولرەحمان و ئەبوکاروان و ساڵح فەقێ و سۆران عومەریش یەکێک بوو لەو دەنگانەی لە خولی رابردوودا پێکەوە کارمان کردوە. هەڵوێستی لەبارەی چاکەو چاکەی گشتیەوە هەبوە.

 

کێشەکەی ئێستای پەرلەمان پەیوەست نیە بە سۆران عومەر وەک پەرلەمانتار، پەیوەستە بە کۆی ئەو دیدگا زاڵەی نایەوێت بنەماکانی ئیرادەی گەل کە خۆی لەپەرلەماندا بەرجەستە دەکات رەگ دابکوتێ. دەستخۆشی لە سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە زوڵم لەسەر هاوکارەکانیان قبوڵ نەکرد،  گەر بیانکردایە  سبەی بەرۆکی خۆشیانی دەگرتەوە.

 

لە ئێستەشەوە ئەو کێشەیە رابگیرێ و چارەسەری مامناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە باشترە لە پچڕانی تەواوەتی متمانە. چونکە لە کۆڵەواری چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و مووچەی خەڵک، دور نییە دۆخەکە بە جۆرێک بشێوێ لەدەستی خەڵک و لایەنەکنیش دەربچێ. با ئاوی ئەم ئاشوبە نەڕژێتە ئاشی بێگانەوە ستۆپێک پێویستە.


07/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر