ئەگەرو پێشهاتەكانی بەردەم ڕیفراندۆم

شۆڕش خدر
دوای بڕیارەكەی مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەبێ گەڕانەوە بۆ دەزگا شەرعییەكان و لەبەرچاونەگرتنی یەكڕیزی و یەك گوتاری نیشتیمانی وە بەپشتیوانی و یارمەتی چەند  حزبێك دیاریكردنی لە 25/9 دا چەندین پەرجەكردارو هەڵوێوستی سیاسی جیاوازی لەسەر هەرسێ ئاستی ناخۆو ناوچەیی و نێودەوڵتی بەدوای خۆیدا هێنا،دەكرێت بڵێین لەپشتی ئەم هەڵوێستە سیاسیای و دەنگە جیاوازانەدا چەندین گەمەی سیاسی مەبەستی جیاواز هەیە،كە ئەمەش وایكردوە نەتوانین بە سانایی قسە لەسەر ئەو ئەگەرو پێشهاتە سیاسیانە بكەین كەلە ئێستادا ڕودەدەن، وە بە موتڵەقی وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەمان دەستبكەوێت كە لەسەر  پرسی ڕیفراندۆم دەكرێت. بە واتایەكی دیكە ئەو  ڕۆڵەی كە لە ئێستادا حزبە سیاسیەكان بۆ پرسی ڕیفراندۆم نمایشی دەكەن دەكرێت بڵێین فرە ڕهەندن، لەپشتیەوە چەندین ئامانجی شاراوەو مەبەستی جیاوازی هەیە شاراوە.ڕەنگە هەڵوێستە سیاسیەكانیان لەگەڵ كرداری سیاسیدا یەكنەگرێتەوە،وە هەر لایەنێك بۆ بەرژەوەندی و مەبەستی تایبەتی خۆی كارتەكانیان دژی لایەنی بەرامبەر بەكاربهێنێت.بۆ وڵامدانەوەی بەشێك لەو پرسیارانەی كە ڕوبەڕومان دەبێتەوە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم دەكرێت  بەم شێوەیەی خوارەوە پێشبینی بكەین.

ئامرازی ڕیفراندۆم وئامانجەكانی پارتی ویەكیێتی:

بۆ بەرچاوڕونی دەكرێت سەرەتا بەم چەند پرسیارە دەستپێبكەین.پرسیاری یەكەم ،ئەگەر پرسی ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی لە بەرنامەو ستراتیژی دەسەڵاتی سیاسیدا هەبوە بۆچی مەسعود بارزانی لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی داعشدا كارتی ڕیفراندۆمی بەكارنەهێنا لە بەرامبەر ئەو شەڕەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان دژی تیرۆر دەیانكرد؟ دەكرێت بڵێین ئەو كاتە بەسەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی سیاسی  ئەژمار بكرێت لەڕوی گرینگیدان وپشتگیریكردن لەسەر ئاستی سەربازی ودبلۆماسیداكە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵتی و وڵاتانی عەرەبییەوە پشتیوانی زۆری لێدەكرا؟!پرسیاری دووهەم،بۆچی لە ئێستادا پەرلەمان كاراكرایەوە؟لەكاتێكدا چەندین چار لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان وسكرتێرەكەی هەوڵدرا كۆبونەوە ئەنجامبدرێت و پەرلەمان كارابكرێتەوە،بەڵام یەكێتی و پارتی بە بیانوی دروستبونی دووئیدارەیی ئەم داواكاریەیان رەدكردۆتەوە!پرسیاری سێهەم،پارتی بۆچی لە ئێستادا ئامادەبو بەبێ مەرج پەرلەمانی كارابكاتەوە؟.
پارتی یەكێتی لە ئێستادا گیرۆدەن بەدەست كۆمەڵێك كێشەی یاسایی و سیاسی وئابورییەوە كە دڵنیان لە هەڵبژاردنی داهاتودا ئەم كێشانە بەرۆكیان دەگرێت دورنیە ئەو هێزە مادیی ومەعنەوییانەی كە لە ئێستادا لەبەردەستیاندایە لەدەستی بدەن.بۆیە باشترین بژاردە بۆ تواندنەوەی ئەم بەستەڵەكە سیاسییەی كە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانەوە باڵی كێشاوە بەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وە لەبیربردنەوەی قەیرانەكان كاراكردنەوەی پەرلەمان وهێنانە پێشەوەی پرسی ڕیفراندۆم بێت وەكو دەرچەیەك بۆ دەربازبون لەم دۆخە،وە ئامرازێكیش بێت بۆدرێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان.دۆخی ئێستای پارتی و یەكیێتی پێویستی بە هاوپەیمانیو نوێكردنەوەی ڕێكەوتنە ستراتیژییەكەی نێوانیان هەیە،بەشێوەیەك كە لە پەرلەماندا كار بۆ بەرژەوەندییەكان یەكتری بكەن،هەروەها ئەوهێزولایەنانەشی كە بەمەرجی ئەوان نایەنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان دەبن بەربەست لەبەردەمیاندا پەراوێز بخرێن.
كۆبونەوە نهێنیەكەی 17/ئەیلول/2017 نێوان پارتی ویەكیێتی سەلماندنی بەشێكی ئەو ڕاستیانەن ،كە پێشبینی دەكرێت ڕێكەوتبن لەسەر ئەوەی هەردوولا دوای كاراكراكردنەوەی پەرلەمان دەنگ بدەن لەسەر درێژكردنەوەی خولی پەرلەمانی كوردستان بۆ دووساڵی دیكە،هەروەها مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی،هەروەها هەڵبژاردنی 1/11/2017 دوابخرێت،چونكە لە ئێستادا هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكیاندا نیە بەتایبەتی یەكیێتی،چونكە لەئێستادا یەكێتی كێشەی نوخۆی هەیە بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی قەوارەكەی بەرهەم سالح زیانێكی گەورە دەگەیەنێت بە قاعیدەو دەنگدەرانی،لە هەمانكاتدا كاراكردنەوەی پەرلەمان لەم ساتەدا ئامرازێك دەبێت بۆشەرعییەتدان بەو ڕیفراندۆمەی كە بانگەشەی بۆ دەكەن.

ئەمەریكاو ڕۆژئاوا بۆ نایانەوێت ڕیفراندۆ ئەنجامبدرێت؟

وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی ئەمەریكا بەتایبەتی باجی زۆریانداوە لەپێناو ئەو سەقامگیریەی كە ئێستا لە عێراق وباشوری كوردستاندا هەیە،بەتایبەتی لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕی داعشدا ئەو ڕۆڵەی كە دەبوایە ئەمەریكا بیگێڕایە لە بواری سەربازیدا هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عێراق ئەنجامیاندا.بە دیوێكی تردا ئەمەریكا پێشبینی ئەوەی هەیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ببێتە هۆی بەرپابونی شەڕ ئاڵۆزی وپشێوی ناوحۆی لێبكەوێتەوە بەتایبەتی لەو شوینانەی كە جێناكۆكن،بەتایبەتیش لەم كاتەدا كە ئۆپراسیۆنی(حەویجە)لەلایەن سوپای عێراق وحەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئەگەری شەڕوپێكدادان زیاتر دەكات لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە،دەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی ئۆپراسیۆنی حەویجەو پیشخستنی ڕزگاركردنی موسڵ لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە پێشبینی ئەم شەڕەبێت.ئەمانە كاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر ئاوارەبونو دووبارەبونەوەی كۆجكردن بەرەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا،وە ئەگەری بەهێزبونەوەی داعش لەو ناوچانەزیاتر دەكات.ئەمانە هۆكارگەلێكن  دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵتی و زیان بە بەرژەوەندیی وپڕۆژەكانی ئەمەریكاو وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگەیەنێت لەم ناوچانە،

توركیاو ئێران:
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە درێژایی بیستو شەش ساڵی حوكمڕانیان نە ستراتیژیان هەبوە بۆ دروستكردنی دەوڵەت نە خاوەنی سیاسەتێكی سەربەخۆبون،بەشێوەیەك كە بتوانن لەژێر كاریگەری هەژمونی سیاسی وڵاتانی دژ بە نەتەوەی كورد خۆیان دەربازبكەن پەیڕەوی سیاسەتێكی ئازادو ئابورییەكی سەربەخۆ بكەن. ئەمەش وایكردوە ئەو سیاسەتەی كە دەسەڵاتی سیاسی لەناوخۆدا پەیڕوی دەكات بەشێك بێت لە درێژكراوەی  فەرهەنگ و سیاسەتی(توركیاوئێران).ئەمە وایكردوە هەر یەكێك لەم دوو وڵاتە هەر گۆڕانكاریەك لە دیزاینی سیاسی بكرێت ببێتە هۆی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان و پەرتبونی خاكی عێراق ئەوان بە پارچەبونی وڵاتی خۆیان دەزانن،وە بە هەڕەشەیەكی گەورەی دادەنێن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان.سەرئەنجام فراوانبونو قەڵەمڕەوی هەریەكێك لەم دوو وڵاتە لە عێراق وهەرێمی كوردستان هەڕەشەیە بۆسەر ئەویدیكە پەرچەكرداری گەورەبەدوایخۆیدا دەهێنێت، هەر ئەمەشە كۆمەڵگەی نێودەوڵتی گەیاندۆتە بنبەست لەسەر ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە شوێنە جێناكۆكەكان.

دەرئەنجامكان:

ئەوەی لە ئێستادا پێشبینی دەكرێت لەسەر ئەگەرو پێشهاتەكانی پرسی ڕیفراندۆم بەم شێوەیە:
1-ئەگەری دواخستنی ڕیفراندۆم لە چەند كاتژمێرێك پێش 25/9 كە ئەمە ئەگەرێكی زۆرە لەبەردەمان.
2-ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەبێ كەركوك وناوچە جێناكۆكەكان.
3-گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەند،بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان و دابەشكردنی دەسەڵات و سامانی ناوچە جێناكۆكەكان بە نێوەندگیری (ئەمەریكا،بەریتانیا،فەرنسا،ئەڵمانیا،نەتەوەیەكگرتوەكان).
4-ڕێكەوتنی پارتی و یەكێتی،هاوشێوەی ڕێكەتنە ستراتیژییەكەی نێوانیان بەڵام بە دیزاینێی دیكە كە لەگەڵ دۆخی سیاسی ئێستاو بەرژەوەندیییەكانیان بگونجێت.
5-بونەوە بە ئۆپۆزسیۆنی (گۆڕان وكۆمەڵ ).


23/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر