تورکیا و گیرۆدەبوون بەدەردی داعشەوە

مه‌ریوان وریا قانع


ھەموو ئەوانەی ئاگایان لە سیاسەتەکانی ئەردۆگانە لە سوریادا، ئەو ڕاستییە باش دەزانن کە ئەم پیاوە یەکێکە لەو کاراکتەرە سەرکییانەی ھاریکاریی داعش و ھێزە سەلەفییە جیھادییەکانی لەو وڵاتەدا کردوە. لەچەند ساڵی ڕابردودا ھەم میدیای تورکیی خۆی و ھەم میدیا جیھانییەکان دەیان ڕاپۆرتیان لەسەر شێواز و جۆرەکانی ئەم ھاریکارییە بڵاوکردۆتەوە. زۆر ھۆکار ھەن وایانکرد ئەردۆگان ڕوو لەو ھێزە سەلەفییە جیھادییانە بکات و تورکیا وەک دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەکە بخاتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەو ھێزانەدا. یەکێک لەو ھۆکارانە فۆبیای ئەردۆگانە بەرامبەر بە کورد، بەتایبەتی بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا. ترسی ئەم پیاوە لە کوردانی ڕۆژئاوا ترسێکی کەموێنەیە و لەچەند ساڵی ڕابردووشدا ئەردۆگان پەنای بۆ ھەموو شتێک بردوە بۆ لێدان و تێکدانی ئەو ئەزموونە، لەوانەش دەستخستنە ناو دەستی داعشەوە. ئەو ”پرۆژە سونییەش" کە ئەردۆگان و سعودییە و وڵاتانی خەلیج بەرگریلێدەکەن و لەپشتیەوە لێدان لە ئەزموونی کوردنی خۆرئاوا یەکێکە لە ستراتیژە سەرەکییەکانی، لەباشترین دۆخیدا پرۆژەیەک دەبێت ھێزگەلێکی کەمەکێک خەفیفتر لە داعش دەیبەنبەڕێوە، بەڵام بە ئەگەرێکی گەورە و بەردەوامی گۆڕانیانەوە لە ”داعشێکی خەفیف"ەوە بۆ ”سەلەفیەتێکی جیھادیی" ڕاستەقینە. ئێستا داعش لەوە دەرچووە تەنھا کێشەبێت بۆ عێراق و سوریا لە ناوچەکەدا، بەڵکو بووە بە کێشەیەکی ھێجگار سەرەکیی و بنەڕەتیی بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەتی تورکیای ئەمڕۆکە. چەندان ڕاپۆرت ھەن باس لە بوونی تۆڕێکی گەورەی داعش لە تورکیادا دەکەن کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەدیارچاوی ئەردۆگانەوە و لەناو ستراتیژیەتە سیاسییەکانی ئەودا، دروستبوون. پەلاماری فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لەئەستەنبوڵ و ئەو ھەموو کوشتن و خوێنەڕژاوە، شاھیدی ئەو ڕاستییەن کە داعش بووە بە کێشەیەکی ھێجگار سەرەکیی لە تورکیای ئەمڕۆدا. ڕۆڵی ئەردۆگان لەدروستبوون و قەڵەوبوونی داعش و سەلەفیەتی جیھادیی لە تورکیا و سوریادا ڕۆڵێکە قابیلی نکوڵیلێکردن نییە، لەزۆر ڕووەوە ئەردۆگان ئەندازیاری ئەو دۆخەیە کە ئەمڕۆکە لەو وڵاتەدا دروستبووە. کێشەی تورکیا لەگەڵ داعشدا کێشەیەکی ھێجگار قورستر و کوشندەترە لە کێشەی ئەو وڵاتە لەگەڵ کوردا. شەڕی ئەردۆگان لەگەڵ پەکەکە و کوردا شەڕێکە دەکرێت چارەسەری سیاسیی بۆ بدۆزرێتەوە و عەقڵانیەتێکی سیاسیی کراوە و بەرپرسیار بە کۆتاییەکی تەندروستی بگەیەنێت، بەڵام جەنگ لەگەڵ داعشدا جەنگێکی بێچارەسەرە. شەڕی داعش و ھێزە سەلەفییە جیھادییەکان لەگەڵ دونیادا شەڕێکی سیاسیی نییە، ئەم ھێزانە داواکاریی سیاسیی دیاریکراویان نییە و ئەوەی دەیانجوڵێنێت خەیاڵێکی سیاسیی دیاریکراو نییە، بەڵکو شەڕێکی نەھلیستیی دینیی قیامەتگەراییە، کە کوشتن و خۆکوشتن ژێرخانە مرۆیی و ڕەمزییەکەی دەستنیشاندەکات. ئەمانە شەڕێکی گەردوونی دەکەن لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا کە ئەوان بە خراپەکار و کافر و بێدنیان دەزانن. ئەمڕۆ تورکیا بەری تاڵ و کوشندەی سیاسەتێک دەچێنێتەوە کە ئەردۆگان ئەندازیارییە سەرەکییەکەیەتی.

29/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر