بزوتنەوەی گولەن:تێکەڵکردنی ئیسلامێکی کۆنەپارێز بەتورکبوونێکی ناسیۆنالیستانە

مه‌ریوان وریا قانع
ئەم نووسینەی بایرام بالجی بە زمانی ئینگلیزیی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دەوڵەمەندە دەربارەی چۆنیەتی دروستبوون و گەورەبوونی بزوتنەوەی گولەن لە ساڵانی نەودەوە تا ئەمڕۆ. لێکۆڵینەوەکە باس لە ئایدیۆلۆژیا و شێوازی کارکردن و ئەو بەھایانە دەکات کە دونیابینیی ئەم بزوتنەوەیە دەستنیشاندەکەن. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ئەم نووسەرە باسیدەکات ئەوەیە بزوتنەوەی گولەن، بە پێچەوانەی زۆرێک لە بزوتنەوەکانی ترەوە، بزوتنەوەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو ھەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە وەک بزوتنەوەیەکی بەجیھانیبوو لەدایکبووە و کاریکردوە. بەڕادەیەک ئەمڕۆکە نەک تەنھا لەناو تورکیا خۆیدا ھێزێکی گەورەی ھەیە و زۆر چالاکانە ئامادەیە، بەڵکو لە ئاسیای ناوەڕاست و لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئەفریقاشدا ئامادەیە و لەزیاد لە بوارێکدا زۆر چالاکانە و بە حەماسێکی گەورەوە کاردەکات. 
ئەم نووسەرە باس لەوەدەکات کە ئایدیۆلۆژیای ئەم بزوتنەوەیە لەسەر تێکەڵکردنی تورکبوون و ئیسلامبوون بەیەکتری کاردەکات . دوو کۆڵەکە سەرەکییەکەی ئایدیۆلۆژیای ئەم گروپە بڵاوکردنەوەی زمان و کولتوری تورکییە بە دونیادا لەپاڵ ئیسلامێکی سونیی کۆنەپارێزدا. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگییەکی ھێجگار گەورە بە مەسەلەی خوێندن و فێربوون و پەروەردە ئەدات، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە تا بە قۆناغی زانکۆ دەگات. لەمەش گرنگتر قوتابیان لەم سیستمی پەروەردەیەدا تەنھا لەناو پۆلەکاندا بە دونیابینی ئەم بزوتنەوەیە ئاشنابن، بەڵکو لەدەرەوەی پۆلەکاندا ئەم کارە ڕوودەدات، چونکە قوتابییەکان لەم سیستمی خوێندنەدا لە دەرەوەی پۆلەکاندا بەدەوری کۆمەڵێک مامۆستا و کادری پەروەردەیی تورکدا کۆدەکرێنەوە، کە زۆربەیان بە ڕۆحیەتی موبەشیر دینییەکان کارەکانیان ئەنجامئەدەن. لەم ئاستەدا ئەم بزوتنەوەیە لەو وڵاتانەدا ھەوڵی دروستکردنی نوخبەیەک دەدات کە لەیەککاتدا ھەم بە تورکبوون سەرسامبێت و ھەم ئیسلامێکی سونی کۆنەپارێزیش پەیڕەوبکات. 
ئەم نووسەرە بزوتنەوەی گولەن وەک ”ھێزی ناسک"ی تورکیا پێناسدەکات کە بەھۆیەوە تورکیا کاریگەرییەکانی خۆی ھەم بۆ وڵاتانی دەرەوەی خۆی و ھەم بۆ ئەو ملیۆنەھا لە کرێکاری کۆچکردوی تورک بۆ بەشەکانی تری دونیا، درێژدەکاتەوە. بۆ نموونە درێژکردنەوەی کاریگەرییەکانی تورکیا بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی زمانەکەیان، یان تورکییە یان سەر بە خێزانی زمانە تورکییەکانە. 
بە ڕای ئەم نووسەرە ئەردۆگان ڕەنگە بتوانێت کاریگەریی بزوتنەوەی گولەن لەناو تورکیا خۆیدا کەم بکاتەوە، بەڵام لە دەرەوەی تورکیادا ڕووی بە توانا و کاریگەرییە گەورەکانی ئەم بزوتنەیەدا دەتەقێتەوە. ئەمڕۆ، دوای ساڵانێکی درێژیی کاری پێکەوەیی، ململانێیەکی گەورە لەنێوان ئەم بزوتنەوەیە و ئاک پارتی ئەردۆگاندا درستبووە. بەبۆچوونی ئەم نووسەرە دەرەنجامەکانی ئەم ململانێیە لە ئێستادا دیار نییە. 
بە نیسبەت کوردانی باشورەوە پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم بزوتنەوەیە لە ھەرێمدا تا چ ڕادەیەک ئامادەیە؟ چی ھەیە و چۆن کاردەکات؟ تا ئێستا چی کردوە و بەتەمایە لە ئایندەدا چی بکات؟ ئایا ملاملانێی نێوان ئەردۆگان و گولان لە ناو تورکیا خۆیدا چ جۆرە کاریگەرییەک لەسەر ھەرێم بەجێدەھێڵێت؟ کێن ئەو گروپ و کەرتە کۆمەڵایەتییانەی لە دونیای ئێمەدا لەدەوری ئەم بزوتنەوەیە کۆبوونەتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆر پرسیاری تر پەیوەست بە ئامادەگی گولان لە باشوردا، پێویستیان بە شیکردنەوەی ورد ھەیە، کە ئەرکی زانکۆکانی کوردستانە ئەنجامیبدەن. 

24/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر