ئەمڕۆ کە یەک شەمەیە و ھەموو ئەوروپا خەریکی پشوودانە، زۆربەی خەڵک ماوەیەکی درێژ لەناو جێگاکانیاندا دەمێننەوە و دەنوون، من وەک خۆی ھەمیشەییم بەیانییەکەی زوو لە خەو ھەستام و نانم خوارد، ھەندێک کاری ڕۆژانەی ھەفتەی داھاتووم ڕێکخست و چاوێکم بە یەکێک لە ڕۆژنامە ھۆڵندییەکانی کۆتایی ھەفتەدا گێڕا. ھەروەھا وەکو خویەکی بەردەوام سەیرێکی سایتی ئاوێنە و سایتی ئیلاف و سایتی بی بی سیم کرد و ئینجا لاپەڕەی فەیسبوکەکەمم کردەوە. سەیرکەن مرۆڤ چ وێنەیەکی بێمانا و عەبەسییانەی ھەرێمە بەدوبەی بووەکەی ئێمەی لەڕۆژێکی یەک شەمەدا، دەکەوێتە بەرچاو.
١- سەفین دزەیی قسەکەری فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت کە ”نەوت ناتوانێت موچەی فەرمانبەران دابینبکات". (ئەمە دوای ئەوەی موھەندیسەکانی نەوت سەری زمان و بنی زمانیان سەربەخۆکردنی ئابووری کوردستان بوو).
٢- بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ھەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت ”دەستمان کراوەیە" ، باس لەوەدەکات ھەرشوێنێک لە کوردستانا بۆ پارتی ”ئارام نەبێت بۆ هیچ كهسێك ئارام نابێت و دهستمان كراوه دهبێت، له ههموو كوردستاندا”. ھەڕشە لەمە جوانتر و پڕماناتر ناکرێت. لە شوێنێکی دیکەدا نووسراوە ”بەرد بگیرێتە ھەر بارەگایەک لە برەگاکانی پارتی دوو ئیدارەیی دروسدەکاتەوە". (وەک ئەوەی دوو ئیدارەیی لۆژیکی ئەم حوکمڕانییە نەبێت لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونییەوە).
٣-قوباد تاڵەبانی لە ھەواڵێکدا سەردانی ماڵ و کەسوکاری شەھیدان دەکات و وێنەی سەردانەکانی بۆ جەماوەر و خەڵکی بەختەوەری ھەرێم، بڵاودەکاتەوە. بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا ھەواڵێک دەبینرێت باس لەوەدەکات کە ھاوسەرەکەی قوباد تاڵەبانی، کە خانمێکی جولەکەی ئەمریکییە، لە ھەولێر پێنج ھەزار مەتر زەوی لە یەکێک لە شوێنە گرانبەھاکانی ئەو شارەدا وەرگرتوە.
٤-چەندان ھەواڵ لەسەر خۆئامدەکردن بۆ خۆپیشاندانی ڕۆژی ٢٧ مانگ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت ”ئێمە تێکەڵ بە فەوزای ٢٧ مانگ نابین". کەچی فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت ”پارتی لەگەڵ خۆپیشاندانە" و باس لەوەدەکات ”لەو رۆژەی پارتی دامەزراوە لەگەڵ خواستی جەماوەر"دا بووە. بە کوردییەکی ڕەوانیش بەھەمووان دەڵێت کە ”كەسیش بە قەد پارتی خەباتی لە پێناو ماف و داخوازییەكانی جەماوەر نەكردووە"، لە بیریشی ناچێت ئەو ”ڕاستییە گومان ھەڵنەگرە" سەدبارە بکاتەوە کە ئەوان وەک پارتی ھەمیشە "ملكەچین بۆ یاساكان"
٥- لەناو ئەم مەھزەلە گەورەیەدا مرۆڤ ھەواڵێکی بچووک بەڵام خۆش لەسەر کوردانی ڕۆژائاوا دەخوێنێتەوە. ھەواڵێک باس لەوە دەکات کە لە شارۆچکەی مەنبەج، دوای سێ ساڵ داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە و دوای ڕزگارکردنی لەم ھێزە تاریکە، ئێستا بە ئیمکانێتێکی زۆر کەمەوە جارێکی تر دەرگای قوتابخانەکانیان کردۆتەوە و خوێندنیان دەستپێکردۆتەوە.
٦- سەبارەت بەو وێرانگەورەیەی ناوی حیزب و حکومەت و سیاسەت و ڕۆشنبیرە لە ھەرێمدا کەسێک بەناوی محمەد رەسوڵ Muhamad Rasul ئەم چەند دێڕەی لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆی نووسیوە: "من لەکردستان دورم،بەڵام دورلەزمانی ئەکادیمی، داوایەکم لێتان هەیە، هەرمامۆستایەک سەربەیەکی لەوحیزبانەبوو، هەر مەلایەک سەربەیەکێک لەوحیزبانەبوو، هەر ڕۆشنبیرێک سەربەیەکێ لەوحیزبانەبو، هەر ئاغایەک سەربەیەکێ لەوحیزبانەبوو، هەر کوێخایەک سەربەیەکێ لەوحیزبانەبو، هەر گەدایەک سەربەیەکێ لەو حیزبانەبوو، هەر دەوڵەمەندێک سەربەوحیزبانەبوو، هەر هەژارێ سەر بەوحیزبانەبو و هات، باسی قوتی خەڵکی کرد،باسی مافی کرد، باسی ئازادی کرد، باسی ویژدان و عەقڵی کرد، لەجێگەی من دوو تف بکەن لەناوچاویی، بەڵام یەک داوای ترم هەیە، توخوا ئەوتفەی کە لێیان ئەکەن، با حاوێن نەبێت".
یەک شەمەیەکی شاد بۆ ھەمووان.