سیاسەت وەک ڕێگایەک بەرەو زیندان

مه‌ریوان وریا قانع
یەکێک لە نیشانە ھەرە زیندووەکانی کوردانی باکور ئەوەیە کە توانای بەردەوام بەرھەمھێنانی نوخبەی سیاسیی تازە و چالاک و خاوەن باوەڕیان ھەیە. توانای بەرھەمھێنانی کەسانێکیان ھەیە کە نە دەکڕدرێن و نە بێدەنگدەکرێن و نە دەترسنێرێن، نە منداڵی ئەم یان ئەو بنەماڵەی تایبەتن و نە کسیشیان تەماحی بە سوڵتانبوونی خۆی و نەوەکانی خۆی ھەیە. سیاسییەکانی باکور لەناو کۆمەڵگاوە دێن و نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکەن. سیاسەت ئەوەندەی ریسک و مەترسیی و بەرپرسیاریەتە ئەوندە پاڵدانەوە و دزیکردن و جەردەیی و درۆکردن نییە. 
ھەرکەسێک سەیرێکی ئەم وێنەیە بکات بۆی دەردەکەوێت تا ١٠ تا ١٥ ساڵێک لەمەوبەر ھیچ یەکێک لەو کەسانە بوونێکی سیاسیی شایانی باسکردنیان نەبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا بوون بە ڕوخساریی سیاسەتکردنێکی نوێ لە باکور و لە تورکیا خۆیدا، ھەروەھا بوون بە ڕوخساری کێشەی کورد لەبەر دیدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. دۆخی تەندروستیی باکور لەوەدایە گیری بەدەست چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسییەوە نەخواردوە، کە بە لۆژیکی سوڵتانیزمی سیاسیی بەنیازبن تا قیامەت خۆیان و منداڵەکانیان حوکمڕانبن. گیریشیان بەدەست ئەو نەخۆشییە سیاسییە کوشندەیەوە نەخواردوە کە سیاسەت و بازرگانیی و کەسایەتی سیاسەتمەدار و کەسایەتی بازرگان، بەیەکدی تێکەڵدەکات. سیاسەت لە باکوردا ڕێگایەک نییە بۆ دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و نائەخلاقیی نوخبەیەکی بچووک، بەڵکو زۆرجار ڕێگایەکە بەرەو زیندان. 
لەوە دڵنیام گەر ئەم کۆمەڵە مرۆڤە ئازا و بەرپرسیارەش نەمێنن، یان بێدەنگبکرێن، یان نەھێڵرێت بەشداربن لە ژیانیی گشتییدا، ئەوا کۆمەڵگای باکور توانای بەرھەمھێنانی کەسانیتری وەک ئەمانەی ھەیە. ئەم توانای بەرھەمھێنانە بەردەوام و تازەیەیە، دۆخێکی سیاسیی زیندوو لە دۆخێکی سیاسیی مردوو جیادەکاتەوە، بە کۆمەڵگایەک دینامیکیەتێکی تایبەت دەبەخشێت و کۆمەڵگایەکی تر وێران و بێجوڵە و بێڕۆح دەکات.

05/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر