ئەوەی بارزانی لە م گرتە ڤیدیۆییەدا دەیڵێت قسەی سەرۆکی میلەتێک نییە یەک تۆزقاڵ ڕێزی ئەو میلەتە بگرێت، قسەی مرۆڤێکی ئاسایش نییە کە ڕێزی ئازار و ئەشکەنجە و گرفتی مرۆڤەکانی تر بگرێت، قسەی سیاسییەکیش نییە، وەک دەگوترێت، ”بتوانێت لە لوتی خۆی دوورتر ببینێت".
ئەوەی بارزانی لێرەدا دەیڵێت سوکایەتییەکی تەواوە، قسەی کەسێکە لانی ھەرەکەمی ھەستکردنی بە بەرپرسیارێتی سیاسیی تیادانەبێت و گوێ بە چارەنووسی ژیانی سەدان ھەزار مرۆڤی ناو کۆمەڵگاکەی نەدات.
بارزانی پیاوێکە زۆر کەم قسەدەکات، زمانەکەی زمانێکی بێقوڵایی و یەک ئاراستەییە، بەڵام زۆرینەی ئەو شتانەی کە دەیانڵێت قسەی خراپ و نابەرپرسیار و بێدەربەستە.کاتێک ”سەرۆک"ی وڵاتێک گاڵتەی بە دۆخی ژیان و ئازار و ناڕەزاییدەربڕینی کۆمەڵگاکەی ھات، بەر لەوەی لە ڕووی یاساییەوە لە سەرۆکبوون کەوتبێت، لەڕووی ئینسانیی و ئەخلاقییەوە لەسەرۆکبوون کەوتوە.
ئیشی سیاسەتکار ئەوە نییە گاڵتە بە پەرێشانیی ھاوڵاتییان بکات و ناڕەزاییدەربڕینەکانیان وەک کردەیەکی بێنرخ تەماشابکات، ئیشی سیاسەتکار ڕێکخستنی ژیانی گشتیی ئەو ھاوڵاتییانەیە، بەجۆرێک ئەو ھاوڵاتییانە ھەم وڵاتەکە و ھەم سیاسەتەکانی ناوی، بە وڵات و سیاسەتی خۆیان بزانن.
ئەمەی بارزانی لێرەدا دەیڵێت و دەیکات لەدەرەوەی ھەموو ئەخلاقیاتێکی سیاسییانەی بەرپرسیارادایە، سوکایەتییەکی ڕووتە بە ژیان و ناڕەزایەتییەکانی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە.