aso
چی لەناو یەکێتی نیشتمانیدا دەگوزەرێت..؟
مه‌ریوان وریا قانع
چەند ساڵێك لەمەوبەر بابەتێكم لەسەر دۆخی ناوەكیی یەكێپی نیشتیمانی كوردستان نووسیی و باسم لەوەكرد كە ئەم هێزە لەوە كەوتوە پارتێكی سیاسیی خاوەن بەرنامە و دید و پرۆگرامی تایبەت بێت، لەوەش كەوتوە بتوانێت هێڵێكی سیاسیی ئاشكرای هەبێت و ناشتوانێت لەناو ریزەكانی خۆیدا سیاسەتێكی گشتیی یەكگرتوو گەڵالە بكات. ئەودەم وتیشم یەكێتی نیشتیمانی خاوەنی لەشێكی سەربازیی و ئابوریی گەورە و زەبەلاحه، بەلام‌ به ‌بێ بوونی سەرێك بتوانێت ئەو لەشە زەبەلاحە‌ ئاراستەبكات. هەروەها ئەوەشم ووت كە یەكێپی «گەڕەلاوژەیە» بەڵام «گەڕەلاوژەیەكی بەهێزە»، لانیكەم لەرووی ئابووریی و سەربازییەوە هێزێكی گەورەیە. دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە گوایە یەكێپی تیادا هەستایەوە و لەناوچەی سلێمانیدا ١١ كورسی هێنا، یەك كورسی لەدوای گۆڕانەوە بوو، بە قسەی بەشێكی زۆری سەركردەكانی ناو یەكێپی خۆی بە لێشاو تەزویری تێدا كراوە. هەندێك كەس باس لەوەدەكەن كە یەكێپی لەو هەڵبژاردنەدا لەناوچەی سلێمانیدا تەنها ٦ كور‌سی هێنابوو، یانی لە رووی جەماوەرییەوە هەر هێندەی یەكگرتوی ئیسلامی مابووەوە. 

ئەوەی ئەمڕۆ لەناو یەكێتیدا دەیبینین هەوڵدانی دروستكردنی سەرێكە بۆ ئەو لاشە زەبەلاحە، لەشێك بتوانێت شتێك لە مەركەزیەت و دیسپلین بۆ ئەم حیزبە بگەڕێنێتەوە و قازانجە ئابوریی و سەربازییەكانی بپارێزێت. لە ێەستادا دروستكردنی ئەم سەرە تازەیە پرۆسەیەكی دوو جەمسەرەیە: لەسەرێكەوە هێنانەپێشەوەی كەسانێكە بۆ پێگەی سەركردایەتیكردن لەناو ئەم هێزەدا كە هەموویان، یان زۆرینەی هەرە زۆریان، سەر بە دوو بنەماڵە بەهێزەكەی ناو یەكێتین: بنەماڵەی تاڵەبانیی و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد. پرۆسەی دووهەمیان بریتییە لە بێزار كردن و وەڕسكردن و پەراوێزخستن و راونان و دەركردنی بەشێك لە سەركردە كۆنەكانی ناو یەكێتیی خۆی. بەم مانایە یەكێتی خەریكی پرۆسەی بە بنەمالەكردن و بە سوڵتانیكردنێكی تەواوی خۆیەتیی لەڕێگای چڕكردنەوەی جەمسەرە سەرەكیی و گرنگەكانی دەسەڵات لە دەستی بنەماڵەی تالەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەددا. لەمەشدا هەم چێگای كۆمەڵێك كەس لەق دەبێت و نامێنێت، هەم كۆمەڵێك دەموچاوی تازە دێنە پێشەوە كە هەموو سەرمایەكەیان ئەوەیە سەر بەو دوو بنەماڵە بەهێزەی ناو یەكێتین. 

زۆڕێك لە ئاماژەكانیش ئەوەمان پێدەڵێن كە ئەم پرۆسەی بە بنەماڵە و بە سوڵتانیكردنەی دەسەڵات لەناو یەكێپیدا رووی لەسەركەوتنە، چەند ئەم پرۆسەیە بەرەوپێسەوە بڕوات و سەركەوتوتربێت، هێندە زیاتر و‌ ئاشكراتر دەبینین چۆن كەسانێك لە ناو ئەم هێزەدا دەكەون و كەسانێكی تریش بە خێراییەكی گەورە دەچنە پێشەوە. ئەو لۆژیكەی لەم پرۆسەیەشدا ئیشدەكات ئەو لۆژیكە لینینیەیە كە باس لە «بەگژاچوونەوەی هەڵقە لاوازەكانی سیستمی سەرمایەداریی» دەكات. لینین پێیوابوو مادامەكی ناتوانین سەرمایەداریی لە هەڵقە سەرەكیی و بەهێزەكانیدا بڕوخێنین، بۆیە ‌لە هەڵقە لاوازەكانییە‌وە دەستپێدەكەین. ئەمڕۆ لە پرۆسەی بەسوڵتانیكردنی دەسەڵات لەناو یەكێتیدا ‌‌هەمان لۆژیكی لینین كاردەكات. سەرەتا‌ هەڵقە لاوازەكانی ناو سەركردایەتیی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دووردەخرێنەوە، دواتر هەق و حیساب دێنە سەر هەڵقەكانی تری دەسەلات لەناو ئەم هێزەدا‌. لۆژیكی بە سوڵتانیكردنی دەسەلا‌ت لۆژیكی دابەشنەكردنی دەسەڵاتە لەگەڵ ‌ هیچ كەس و لایەنێكدا لەدەرەوەی هەڵقە خێزانیی و بنەماڵەییەكەی دەسەلاتدا. 

بە سوڵتانیكردنی تەواوەتی یەكێتی دواهەمین لاپەڕە و دواهەمین دێری مانەوەی ئەم هێزە دەبێت‌ وەك هێزێك جیاواز لە پارتی. لە راستیشدا بەپارتیبوونی یەكێتی نیشتیمانی، یەكێكە لە كاراساتە سیاسییە گەورەیەكانی دونیای دوای ڕاپەڕین. كۆمەڵگای ئێمە تا ماوەیەكی درێژ بەدەست ئەم بە پارتیبوونەوەی یەكێتییەوە دەناڵێنێت.
:12:05:13.02.2017
زیاتر ...
هێرش بۆسه‌ر سنجار
ئاڵا و سیاسەتی سیمبۆلیک
چی لەناو یەکێتی نیشتمانیدا دەگوزەرێت..؟
دۆناڵد تره‌مپ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
سادق جەلال عەزمیش مرد..ئەمیش ھەر لەمەنفا مرد
دوای ئەم ھەموو کوشتنە.. ڕوو لە کام ئاسمان بکەین؟
قسەکانی بارزانی
سیاسەت وەک ڕێگایەک بەرەو زیندان
لۆژیکی ملشکاندن و زەلیلکردن
یەک شەمەیەکی شاد بۆ ھەمووان..
ئیفلاسی سەرتاسەری
کێشەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بزوتنەوەی گولەن:تێکەڵکردنی ئیسلامێکی کۆنەپارێز بەتورکبوونێکی ناسیۆنالیستانە
تورکیا و گیرۆدەبوون بەدەردی داعشەوە
ئیجماعی درۆزنانەی کوردیی
123