وەڵامە ترسناکەکەی بارزانی

مه‌ریوان وریا قانع

لەم چاوپێکەوتنەدا گۆڤاری فۆرن پۆلیسی کۆمەڵێک پرسیار لە بارزانی دەکات کە بەبۆچوونی من سیان لەو پرسیارانە گرنگن و پرسیاری خەڵکی کوردستانیشن. ئەوەی مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە وەڵامەکانی بارزانین بەو سێ پرسیارە. دوو وەڵامیان تەواو ترسناک و نابەرپرسیارانەیە و سێھەمیشیان تەواو خورافیی و کۆمیدییە. قسەکانی تری ناو ئەم چاوپێکەوتنە ئینشانووسیی و ریتۆریکێکی تەواوە، ھاوکات نمایشکردنی بارزانییە وەک کەسێک کە گوایە بۆ ئەوە لەدایکبووە سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەستەبەر بکات. ئەمەش سێ پرسیارە گرنگەکە و وەڵامەکانی بارزانی:
١. باشە ئێوە ئابوریی وڵاتەکەتان تەواو پشتی بە وڵاتانی دراوسێتان بەستوە، ئایا تۆ ھیچ پلانێکت ھەیە بۆئەوەی متمانەی ئەو دراوسێیانە ببەیتەوە. ئاگات لێیە قەتەر چی لێھات کاتێک دراوسێکانی دەرگایان بەڕوویدا داخست؟ ئەگەر دەرگایان بەسەر تۆدا داخست چی دەکەیت؟
بارزانی وەڵامێکی تەواو ترسناک و دوور لە لانی ھەرەکەمی عەقڵانیەت و بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ئەداتەوە. بارزانی دەڵێت ”دەمەوێت ھەم بە تۆ و ھەم بە ھەموو دونیا بڵێم ئێمە ئەوەمان پێمان باشترە لە برسا بمرین نەک لە دۆخی چەوساندەنەوە و داگیرکردندا بژین. ئەگەر ئێمە لە ریفراندۆمدا بە بەڵێ وەڵامماندایەوە و کاردانەوەی دراوسێکانمان گەمارۆدانی ئێمەبوو، قەیناکات با خەڵکەکەی ئێمە بمرن. ئەوە ”سەربەرزیی"ەکی گەورە دەبێت بۆ جیھان کە لێبگەڕێن خەڵکی ئێمە لەبرسا بمرن." بەمانایەکی دیکە بارزانی باکی بەوە نییە میلەتی ئێمە لە برسا بمرێت لە پێناو حەزی ئەودا بۆ سەربەخۆیی. ھەمووشمان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانینن ھەرکەسێک لە کوردستاندا لە برسا بمرێت، بارزانی خۆی و بنەماڵەکەی نامرن.
٢- باشە ھێزە دەرەکییەکان دژی ئەم ریفراندۆمەی ئێوەن، لەوانە ئەمریکا و تورکیا، ئایا ئەم ریفراندۆمە چ ھێزێک بەتۆ ئەدات کە تۆ ئێستا نیتە؟
وەڵامی بارزانی بەم پرسیارە وەڵامی کەسێکە ئاگای لە دونیا نەبێت و لەچەند مانگی ڕابردوودا لە ژوورەکەی خۆی نەھاتێبتە دەرەوە. بارزانی ئەڵێت ”ھیچ وڵات و ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی نەیگوتوە ئێمە دژ بە ریفراندۆمین. بەڵکو وتویانە لەوانەیە کاتەکەی باش نەبێت. یان لەوانەیە کێشە دروستبکات." ئەم بێئاگاییە ترسناکەی بارزانی لەدونیای دەرەوە شوێنی سەرسوڕمانە. لەڕاستیدا بارزانی چاوی لە ئاستی کاردانەوەی دەوڵەتان دەنووقێنێت و خۆی چۆنی پێخۆشە ئەو شتانە دەداتە پاڵ ھێزە دەرەکییەکان. ئاخر کەسێک خۆی بەھەڵەدا نەبات دەزانێت ئەمریکا و روسیا و ئەڵمان و بریتانیا و فەرەنسا چ ھەڵوێستێکیان ھەبووە و چیان وتوە. ئەم وڵاتانە ھەموویان بە زمانێکی ساف و بێگرێوگۆڵ، بە ئاشکرا و لە کەناڵە فەرمییەکانیانەوە، وتویانە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدان و دژ بە ھەر پرۆژەی دابەشکردنی ئەو وڵاتەن.
٣- ئایا ئێوە ئەم دەوڵەتە چۆن دروستدەکەن؟
بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت ”ئێمە دژی بەکارھێنانی توندتویژین، ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆیی لەرێگای دیالۆگ و موفاوەزاتەوە بەدەستبھێنین."
مرۆڤ کە گوێی لەم قسانەی بارزانیی دەبێت گومان دەکات ئەم پیاوە بزانێت لە چ بەشێکی دونیادا دەژیی، ئاخر کەسێک بە سەفەریش ڕێکەوتێبتە ئەو ناوچەیەوە دەزانێت ئەم ڕوانینە بۆ دروستکردنی دەوڵەت و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لەم بەشەی دونیادا تەواو سەتحیی و خورافییەیە. چ عاقڵێک چاوەڕوانیی ئەوەی لە حکومەتەکانی ئەم ناوچەیە ھەیە، بەوەی بەغداشەوە، لەرێگای موفاوەزات و دیالۆگەوە بەوە ڕازیبن لەتببن و نەخشەکەیان دەسکاریبکرێت. ئەم جۆرە ڕوانینە نەک تەنھا خورافییە، بەڵکو لە خورافیش ئەولاترە.
بە کورتی ئەم چاوپێکەوتنە نیشانیئەدات بارزانی لە چ دونیایەکی سیاسیی و تاکەکەسیی پڕ لە وەھم و خورافەت و لەناو چ بەدحاڵیبوون و سەرلێشێوانێکی گەورەدا دەژیی. کێ ھەیە ئامادەبێت لەپێناوی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکدا باکی بەوە نەبێت میلەتەکەی لە برسا بمرێت؟


17/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر