دوو پێشنیار بۆ ھێزە سیاسییە ناڕازییەکانی ھەرێم

مه‌ریوان وریا قانع
ھەرێم نووقمی کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی گەورە گەورە و ڕیشەییە کە دەرەنجامی دوو دەیە لە سیاسەتی ھەڵە و لە نابەرپرسیارێتیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی کەم وێنەیە. پارتی و یەکێتی بە کردەوە کوردستانیان کردوە بە سەرزەمینی دەیەھا قەیرانی پڕوکێنەر، کە بۆ چارەسەرکردنی ھیچ یەکێکیان نەک ھیچ ھەوڵ و پلانێکی کۆنکریت ئامادە نییە، بەڵکو تەنانەت ئاسۆیکیش بۆ بیرکردنەوە لە چارەسەرکردنیان، لەئارادا نییە. ئەوەی لەئارادایە درێژەدانێکی نابەرپرس و بێباکانەیە بە سەرجەمی ئەو میکانیزم و بڕیار و ھەڵسوکەوتانەی ئەو وێرانە سیاسیی و ئابوریی و ئەخلاقییە گەورەیەی بەرھەمھێناوە. ھەمووان دەزانین دوو ساڵە پەرلەمان پەکخراوە و حکومەتێکی ئیفلیج دەستبەکارە، دۆخی ئابوریی ھەرێم لە قەراخی ئیفلاسکردنێکی تەواوەتیدایە، بڕیاری سیاسیی لە ناو ھیچ دەزگا و ناوەندێکی فەرمیدا نادرێت، بەڵکو لە ناو کۆبوونەوە خێزانییەکان و لە پاڵ ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکانی کەمینە دەسەڵاتدارەکەدا، دەدرێت. لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە یارییەکی ناشیرین و بیرلێنەکراوەیان بەناوی ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتەوە ھێناوەتە پێشەوە، کە خۆشیان باوەڕیان پێی نییە و ھەر لە ئێستاشەوە گیریان بەدەست دەرەنجامە ھەرە سادە و ھەرە سەرەتاییەکانییەوە، خواردوە. سەرۆکایەتی ھەرێم ھیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقیی نەماوە و، لەھیچ شوێنێکدا ھیچ شتێک بەناوی شەرعیەتەوە بوونی نەماوە.
بەبۆچوونی من لەم دۆخە کارەساتاویەدا ئەوەی ھێزە ناڕازییەکانی دەرەوەی نوخبە سوڵتانییە دەسەڵاتدارەکە لەسەریانە ئەنجامیبدەن، دوو شتە:

یەکەم: ھێڵێکی ئەستوور لەنێوان خۆیان و ئەو سیاسەتە وێرانکەرانەدا بکێشن کە لە ھەرێمدا ئامادەیە و لە پرۆسە سیاسییەکە بێنەدەرێ، کە لەڕووی کردەییەوە لەمێژە ئیفلیجکراوە. واتە ئەم ھێزانە نەچنە ناو ھیچ یەکێک لە گەمە سیاسییەکانی ئەمڕۆکەی نوخبە حوکمڕانەکەی ھەرێمەوە، ھەموو شتەکان بدەنەوە دەستی پارتی و یەکێتی با خۆیان چۆنیان دەوێت بەو شێوەیە زیاتر و زیاتر وێرانیبکەن. بۆ نموونە، لێیان گەڕێن چۆنیان دەوێت بەوشێوەیە پەرلەمان کارابکەنەوە، چۆن حەزی پێدەکەن بەوشێوەیە بڕیار بۆ ریفراندۆمەکەیان دەربکەن، بە خواستی دڵی خۆیان ئەو ”دەوڵەت!!"ە دروستبکەن کە بۆیان ناکرێت، با چۆنیان دەوێت بەوشێوەیە تەسلیم بە وڵاتە ئیقلیمییەکان ببن، چۆنیان دەوێت و چەند ملیۆن یان ملیار دۆرلاری تریان دەوێت بە دانا غاز بیدۆڕێنن، دڵیان چۆن ئاو دەخواتەوە با ئاوا لەگەڵ عەبادی یان مالیکی یان ھەر کەسێکی دیکەدا ڕێبکەون.

دووھەم: دوای ھاتنە دەرەوە لە پرۆسە سیاسییەکە ئەم بەرەیە خەریکی خۆئامادەکردن بن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو. بۆ ئەمەش ھەم ھەوڵی دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی نوێ، یان بەرەیەکی یەکگرتووی تازە بدەن کە بکرێت قورساییە سیاسیی و پەرلەمانییەکەیان گەورەتر بکات، ھەم نەترسن و ھەموو ڕاستییەکان بە کۆمەڵگای ئێمە و بە دونیا بڵێن.

ئەم خۆجیاکردنەوە و خۆدابڕانە لەو وێرانە سیاسیی و ئابوریی و ئەخلاقییەی پارتی و یەکێتی دروستیناکردوە تاقە کردەیەکی ڕاستەقینەیە کە بشێت لانیکەم ئیحترامی ئەو ھێزانە بۆ خۆیان و بۆ دەنگدەرەکانیان بگەڕێنێتەوە. ئەم ھێزانە نابێت ببن بە بەشێک لە بەخشینی شەرعیەت بەو دۆخە وێرانەی پارتی و یەکێتی دروستیانکردوە، وە ناشبێت بەشداربن لە دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ بڕیارە ھەڵە و نابەرپرسیار و وێرانکەرەکانیان.

06/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر