لێگەڕێن بارزانی قسە بکات..

مه‌ریوان وریا قانع
ھەرکەسێک بە دیدێکی کەمکێک ڕەخنەییەوە لەم قسانەی بارزانی ڕابمێنێت بە دوو دەرەنجامی سەرەکیی دەگات: یەکەم، غیابی لانی ھەرەکەمی لێکدانەوەیەکی سیاسیی ماقوڵ و عەقڵانیی دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستان و ناوچەکە. دووھەم، نەبوونی لانی کەمەی کۆگیرییەکی لۆژیکیی لە قسەکاندا. 

بارزانی لەسەرێکەوە باس لەوەدەکات کە ھۆکاری پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم ئەوەیە لە عێراقدا شەراکەتی ڕاستەقینە نەماوە و ئەو ”تەوافوق"ەی کە ھەبووە تێکچووە، بارزانی دەڵێت بەغدا دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر کوردا بسەپێنێت. لەسەرێکی دیکەوە دەڵێت کورد لە پەرلەمانی عێراقدا کەمینەیە و عەرەبەکان زۆرینەن، بۆیە گەر "تەوافوق" نەمێنێت ئەودەم کورد بەردەوامی لەو پەرلەمانەدا دەدۆڕێت و ھەموو دەسکەوتەکانی لەدەستئەدات. تا ئێرە قسەکانی بارزانی ئەوە دەردەخەن کە پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم پەیوەستە بە تێکچوونی پەیوەندییەکانەوە لەگەڵ بەغدادا. 
لە سەرێکی دیکەوە بارزانی باز دەبات بۆ مەسەلەیەکی دیکە و دەڵێت ئێستا ”دەرفەت"ێک بۆ کورد ھاتۆتە پێشەوە ریفراندۆم ئەنجامبدات و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت. بەڵام بارزانی وەکچۆن لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا ھیچ شیکردنەوەیەکی سیاسیی قابیلی باوەڕپێکردنمان نیشاننادات، لە دووھەمیشیدا یەک ووشە لەسەر ئەم ”دەرفەت"ە نڵێت. بارزانی پێمان ناڵێت ئەم دەرفەتە بۆ ئێستا ھەیە و پار نەبوو، بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر نەبوو، چی وایکردوە ئێستا دروستببێت، باس لەوەناکات ئەم دەرفەتە چییە و کێ دروستیکردوە، دۆست و دوژمنەکانی کێن و چۆن دۆخی کورد لە دۆخێکی ئاساییەوە گۆڕاوە بۆ ”دەرفەت" ھتد...ھەموو ئەمانە لەکاتێکدا پێشھاتەکان پێماندەڵێن پێگەی کورد لەگەرمەی شەڕی داعشدا زۆر لەپێگەی لەمڕۆدا بەھێزتربوو، وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکییەکان و یەکێتی ئەوروپا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و کۆمکاری عەرەب و زۆر شوێنی تری دونیا، ھەموویان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمەدا نین. بۆیە ئەو دەرفەتە چییە و کامەیە کە بارزانی باسیدەکات؟ ھێڵە گشتییەکانی کامانەن؟ کامەیە خاڵە بەھێز و لاوازەکانی؟ ھیچ کامێکیان وەڵامی نییە. بارزانی ئەزیەتی ئەوە ناکێشێت بە دوو وشە ھیچ یەکێک لەم مەسەلە سەرەکییەکانە بۆ ئەم میلەتە ڕوونبکاتەوە، خەڵک و کۆمەڵگای ئێمە دەبێت وەک دەقێکی قورئانیی پیرۆز باوەڕ بە قسەکانی بکەن و تەواو. بەڵام ھاوکات ئەوەی لە بیر ناچێت باس لەوە بکات کە ئەم ”دەرفەت" ە بەبێ ”مەترسیی" نییە، مەترسیی ھەیە و دروستدەبێت. بارزانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەش لەباتی پلانی کۆنکریت و کاری ستراتیژیی و عەقڵانی لەناو واقیعدا، دەڵێت ”پشت بە یەزادان دەبەستین". مرۆڤ لەبەردەم ئەم جۆرە بیرکردنەوە سیاسییەدا نازانێت بگریی یان پێبکەنێت. بارزانی تا قسەبکات قووڵی کێشەکانمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت، لێگەڕێن با بارزانی قسەی زیاتر بکات، ھەتا باشتر ئاشکراببێت لەناو چ وێرانەیەکی سیاسیی و چ بیرکردنەوەیەکی خورافیدا ئامادەین.


10/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر