ھەفتەیەک دوای ڕیفراندۆم: حەوت سەرنج

مه‌ریوان وریا قانع

دوای تێپەڕینی ھەفەتەیەک بەسەر ڕیفراندۆمدا ئەمە ئەو وێنە گشتییەیە کە دروستبووە:
یەکەم: گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی لەسەر ھەرێم لە ئارادایە کە تیایدا ئێران و تورکیا و عێراق بە لۆژیکی ساڵانی نەوەد خەریکی داڕشتنی پیلانی گەمارۆدانێکی ھەمەلایەن و بونیادیی ھەرێمن. ئەگەر بەر لە ڕیفراندۆم جۆرێک لە ناتەبایی و دوودڵیی ئیقلیمیی لەنێوان ئەم دەوڵەتانەدا ھەبووبێت، ئەوا ڕیفراندۆم ئەمانەی نەھێشت و بەتەواوی لەیەکتری نزیککردونەتەوە. نەک ھەر ئەمە ڕیفراندۆم ئەم وڵاتانەی لەسەر سفرەی کاری پێکەوەیی لە شێوەی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنووریەکان و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی فڕۆکە ھاتوەکاندا بۆ ھەرێم و مەشقکردنی سەربازیی پێکەوەیی و کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی، ڕێککەوتون.

دووھەم: تورکیا کە پارتی وەک دۆستی ستراتیژیی ژمارە یەکی کورد و وەک پاڵپشتی دەوڵەتە کوردییە ڕانەگەیەنراوەکە نمایشیدەکرد، لە ھەمووان زیاتر بە زمانێکی پڕ ئیھانەکردن و سوکایەتیپێکردنێکی تەواوی ھەرێم قسەدەکات. ئەو سوکایەتییانەی لە دەمی ئەردۆگانەوە دێتەدەر لە دەمی ھیچ یەکێک لە لایەنەکانی دیکەوە نایەتەدەر. لەمەش بترازێت تورکیا و ئێران و تورکیا و عێراق خەریکی دروستکردنی دوو ڕێگای نێونەتەوەیی گەورەن کە لە سەرێکەوە تورکیا بە ئێران و لەڕێگای ئێرانیشەوە بە قەتەر و وڵاتانی خەلیجەوە گرێبدات، لەسەرێکی دیکەوە عێراق و تورکیا بەبێ تێپەڕین بە خاکی ھەرێمدا بەیەکەوە ببەستێتەوە. لەھەردوو دۆخەکەدا ئەەی ئەو ولاتانە دەیانەوێت پەراوێزخستن و لاوازکرنێکی بونیادیی و ستراتیژیی پێگە ئابورییەکانی ھەرێمە.

سێھەم: لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی ئەمریکا، بەشێوەیەکی تەواو نێگەتیڤ کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە نیشانداوە. ئەم کاردانەوەیە بەڕادەیەکە بەرپرسانی ھەرێمی تووشی سەرسوڕمان کردوە. لەھەموو کون و قوژبنێکی دونیاوە پەیوەندیی بە عەبادییەوە دەکرێت و بەرگریی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەردەبڕن. لەم ئاستەدا جگە لە دەنگی پۆزەتیڤی ھەندێک ڕۆژنامەنووس و ھەندێک سیاسیی و جەنەڕالی خانەنشینکراو، کە زۆریان پارەیەکی گەورەیان لە ھەرێم وەرگرتوە، شتێکی قابیلی باسکردن نابیستین.

چوارھەم: پێگەی عێراق لەبەرامبەر ھەرێمدا زۆر لە جاران زیاتر بەھێزبووە و ئەوانەی ئەمڕۆ مەرج بۆ دانوستان و قسەکردن لەگەڵ ھەرێم دادەنێن سیاستەمەدارانی ھەرێم نین، بەڵکو بەغدا و عەبادیی و سیاسەتمەدارە عێراقییەکانن. پیادەکردنی مەرجەکانی ئەوانیش نەک پڕیەتی لە سوکایەتییکردنی سیاسیی، بەڵکو بە کردەوە ھەرێم دەباتەوە ناو قاغی ”حوکمە زاتیی"ەکەی سەدام حوسەین. لەم ھەلومەرجە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە تازەیەدا ھەرێم ھیچ کارت و فشارێکی ئەوتۆی لەبەردەستدا نییە و نەماوە بتوانێت سنوورێک بۆ تەماحەکانی عێراق دابنێت.

پێنجەم: ھەر لە ڕۆژی ڕیفراندۆمەکە خۆیدا کەلێنێکی گەورە کرایە ئامانج و ماناکانی ڕیفراندۆم خۆیەوە. سپێدەی ڕیفراندۆم نێچیرەوان بارزانی بە ئاشکرا ووتی ڕیفرندۆم بۆ جیاکردنەوەی سنوور و دروستکردنی دەوڵەت نییە. لەدوای ئەویشەوە و لە ڕۆژانی داواتردا، ھەم مەسعود بارزانی خۆی و ھەم بەشێکی تر لە قەبیلە و قوماشی سیاسەتکردن لە کوردستاندا، بە چەندان شێوەی جیاوز، جۆرێک لە پەشیمانبوونە نیشانئدەن. ھەندێکیان باس لە ”گەورەکردنی زیاد لە پێوست"ی ڕیفراندۆمەکە دەکەن و ئەوانیتر باس لە ”گەڕانەوە بۆ دیالۆگ" و ”ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق"دا دەکەن، کەسانێکی تر باس ”تەجمیدکردنی" دەرەنجامەکانی دەکەن. پەشیمانیی لە ڕیفراندۆم لای کەسانێکی تر بە ڕادەیەکە پەنابردن بۆ سیستانی وەک ئامرازێکی گرنگیی ڕزگارکردنی ھەرێم لە ھەڕەشەکان، ببینن.

شەشەم: لەناو ھەرێم خۆشیدا چەند ڕووداوێک دروستکراو و سەپێنرا کە ڕوخساریی حوکمڕانییەکە و شێوازی کارکردنی دەزگاکانی دەیانجار ناشیرنتر کردوە و دەکات. لەوانەش کاراکردنەوەی تاکتیکیی و کاریکاتۆرییانەی پەرلەمان، کە بە کردەوە ھەموو مانایەکی لە بوون و نەبوونی ئەم دەزگا گرنگە سەندۆتەوە. گۆڕینی ”ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم"، وەک دەزگایەکی کاتیی و کورتتەمەن، بۆ ”سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عیراق" ھەوڵێکی ترە بۆ وێرانکردنی تەواوەتی کردەی سیاسەت لە ھەرێمدا. تاقە ھۆکارێکیش بۆ دروستکردنی ئەم ”سەرکردایەتیی"ە، لەسەر مۆدێلی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس، ڕزگارکردنی مەسعود بارزانیە لە بێئیشیی و خانەنشینکردنی سیاسیی.

حەوتەم: ھێزەکانی دەرەوەی ڕێکەوتنە تازەکەی یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان، بە قۆناغی متبوونێکی سیاسیی ترسناکدا تێدەپەڕن. نەبوونی ھیچ دەسپێشخەرییەکی سیاسیی و نووقبموون لەناو حیساباتی سیاسیی زۆر بچووک و خۆخەریککردن بە ململانێی ناوەکییەوە، وایکردوە پارتی و یەکێتی، بەبێ ماندوبوونێکی زۆر، دۆخی سیاسی ھەرێم لە خراپەوە بەرەو خراپتر ببەن.

02/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر