لە چ دۆخێکدا دەژین؟

مه‌ریوان وریا قانع

 سێ ھەفتە دوای ڕیفراندۆم و ھەرەسەکانی ئەم دوو ڕۆژە

بەبۆچونی من ئەمە وێنە گشتییەکەی ھەرێمە لەمڕۆدا:

یەکەم: تەرازوی ھێز لەنێوان ھەرێم و حکومەتی عێراقیدا بەتەواوی گۆڕاوە و ھەرێم دۆڕاو و بەغدا براوەی جەنگە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوەی لە ئایندەدا مەرجەکانی گفتوگۆکردن و ڕێکەوتن و دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستنیشاندەکات بەغدایە نەک ھەرێم.
دووھەم: شکانی شەرمی سیاسیی ھێزە شیعەکانی عێراق لەوەدا کە پەلاماری کوردستان بدەن و بە لۆژیکی ھێز مامەڵەی ھەرێم بکەن. ئەمەش مانای ئەوەی کە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدادا گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی ھێز، ھێزی ڕووت و دابڕاو لەھەر ڕێگرێکی سایکۆلۆژیی و ئەخلاقیی. لەمەشدا ھەرێم وەک دۆڕاوێک دەچێتە ھەر دیالۆگێکەوە کە لە ئایندەدا دروستببێت. لۆژیکی جەنگ وایە: لایەنی دۆراو نە مەرجی ھەیە، نە داخوازیی. لایەنی دۆراو تەنھا ئەمری بەسەردا دەکرێت.
سێھەم: وەکچۆن بڕیاری ڕیفراندۆم ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە و گەمژەیەکی سیاسیی کەم وێنە بوو کە سایکۆلۆژیای بارزانی ئاراستەی دەکرد، ھەرێمی لە ناوچەکە و لە دونیادا تاک و تەنیا و بێدۆست و ھاوڕێ کرد، ئاواش بڕیاری بەرگریکردن و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی تر بوو. ئەوانەی بڕیاری شەڕکردنیان دا ھەمان ئەو عەقڵە سیاسییە گەمژەیەیە کە لەپشتی بڕیاری ڕیفراندۆمەوەبوو.
چوارەم: ئەو ھەڵوەرین و شکانە خێرا و سەرسوڕھێنەری ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین، بە تێپەڕین بە مەخمور و کەرکوک و دوزدا، نیشانیداین چ لاوازییەکی بونیادیی لە ھەناوی ھێزی پێشمەرگەدایە. ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە. شکانەکە لەوە قووڵتر و فراوانترە.
پێنجەم: وەک دەرنجامی ئەم دۆخە ھەرێم ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ماوەیەکی درێژ و نەزانراو لەدەستداوە و ئەگەری گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر ھەرێم ئەگەرێکی ھێجگار لاوازە، لەم ڕووەوە ڕووداوەکانی ئەم دوو ڕۆژە ھەرێمی لەڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی ”حوکمی زاتی"یەکەی سەدام حوسەین.
شەشەم: کۆتاییھاتنی ئەو حەماسەتە ناسیۆنالیستییە فوتێکراو و بۆش و فشەڵەی لە رۆژانی بەر لە ڕیفراندیۆمدا لەئارادا بوو، شوێنگرتنەوەی ئەمەش بە ھەستێکی گەورە بە سوکایەتییپێکردن و نائومێدیی و توڕەیی. حەماسەتێک بە نەک تەنھا بە زمانی تەخوینکردنێکی دوور لە رەوشت ئەدوا، بەڵکو ڕێگەشی لە سادەترین بەرخوردی عەقڵانیی گرتبوو.
حەوتەم: سەدبارەکردنەوەی نابەپرسیارێتیی ئەخلاقیی و سیاسیی لە لایەن ئەو سیاسییە گەمژە و بێتوایانەوە کە بۆ جاری سەدەم ھەڵەی سترتیژیی گەورە دەکەن و ئامادەنین لانی ھەرە کەمی بەرپرسیارییەکەی ھەڵگرن. ئەوەی لەم نوخبە فاشیلە دەیبینین تۆمەتبارکردنێکی بێمانا و نائەخلاقییانەی یەکترییە، بەکارھێنانی ئەم تۆمەتکارییەش بۆ خۆدزینەوە لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ھاوکات دروستبوونی دابەشبوونی قووڵ لەناو پارتە سیاسییەکاندا کە رەنگە دابەشبوونی تازەی لێبکەێتەوە.
ھەشتەم: ئەوەی تا ئێستا دەیبینین غیابی ھەر دەستپێشخەرییەکی سیاسیی مانادارە لە دەرەوەی ئەو نوخبە سیاسییە بێمێشکەدا کە ھەرێمی بەم دۆخەی ئەمڕۆکە گەیاند. دەستپێشخەرییەک توانای ئاراستەکردنی ئەو نائومێدیی و توڕەیی و ھەستکردن بە سوکایەتیکردنە بکات کە ھەیە و بیگۆڕێت بۆ وزەیەکی سیاسیی نوێ، بە ئاراستەی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی نوێ بتوانێت لانیکەم وەک ڕێگرێک لەبەردەم نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارە گەندەڵ و ترسناکەکەی ھەرێمدا بوەستێت.






PM:09:38:18/10/2017