سەردەمی تاریک کامەیە؟

مه‌ریوان وریا قانع
”سەردەمە تاریکەکان ئەو سەردەمانە نین کە تەنھا دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی لە شێوازە جیاوازەکانیاندا بەرھمدەھێنن. ڕاستە بوونی ستەمگەریی لە چەندەھا فۆرمیدا بەشێکە لە تاریکاییەکانی دونیا و تاریکاییەکانی سەردەمێکی مێژوویی. بەڵام لەمانە بنچینەییتر، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، نەبوونی ڕووبەرێکی گشتییە لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناویدا دەربکەون و وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی و چالاک دەستبەکاربن. مرۆڤ لە ڕووبەری گشتیدا دەردەکەوێت، قسەدەکات، دەبیسترێت، کردە ئەنجامئەدات، تیشک دەخاتە سەر مەسەلە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، باس لەوەدەکات چیی سەرەکیی و بنەڕەتییە و چی لاوەکیی و پەراوێزییە، چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت و ڕووداوە سەرەکییەکانی کامانەن. ھەروەھا ئەو ڕووبەرە گشتییە نیشانیئەدات چ شتێک لە خەیاڵ و عەقڵ و ھەستی کەسەکاندا ئامادەیە، خەڵک خەون بە چییەوە دەبینن و چ چاوەڕوانییەکیان ھەیە، کەسەکان کێن و دەتوانن چی بکەن و چی ئەنجامبدەن.

”سەردەمی تاریک" ئەو سەردەمەیە کە ڕووبەری گشتیی ئەم کارانەی بۆ ئەنجامنادرێت. درۆی ڕێکخراو دەبێتە گوتاری باڵادەستی ناو ئەو ڕووبەرە، ترس حوکمڕانیی دەکات، سیاسەت لەباتی چالاکی بەرھەمھێنانی ژیانێکی گشتیی ماقوڵ و پلورال، دەبێت بە کردەی درۆکردن و شاردنەوەیەکی بەردەوام، بۆشایییەکی گەورە لە متمانەکردندا دروستدەبێت و کەس باوەڕ بەوەناکات چی دەگوترێت و چ لێکدانەوەیەک بڵاودەکرێتەوە. لە سەردەمی تاریکدا ئەو قسانەی دەکرێن لەباتی ئەوەی نیشانیبدەن چی ڕوویداوە و چی ڕووئەدات، بەشێکن لە کردەی شاردنەوەی شتەکان و داپۆشینیان. زمان لەباتی نیشاندانی دونیا لە ھەقیقەتەکانی خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوە و چەپاندن و ساختەکردنی ھەموو ئەو ھەقیقەتانە. ئەمەیە وا لە ھانا ئارێنت دەکات گەورەترین شێوازی بێمافکردنی مرۆڤ لە بێمافکردنی لە بوونی ڕووبەرێکی گشتییدا ببینێت کە تیایدا بیر و ڕاو بۆچوونەکان گرنگیان ھەبێت و کردەکانیش بتوانن کاریگەریی بەجێبھێڵن. لەھەر شوێنێکدا ڕا و بۆچوون مانای نەما و کردەکانیش بێنرخ و بێکاریگەریی کران، لەوێدا سەردەمێکی تاریک ئامادەیە. 
ئەوەی ئێستا لە دونیای ئێمەدا ڕوودەدات کوشتنی ئەو ڕووبەرە گشتییەیە کە تیایدا، لەسەرێکەوە، جگە لە درۆکردن و شاردنەوە و نھێنیکاریی و پیلانی ھەمەجۆر و ناپاکیی و وێرانکردنی تەواوەتی متمانە, شتێکی تری ئەوتۆ لەناویدا ڕوونادات. لەسەرێکی دیکەشەوە ھەموو میکانیزمەکانی سەرکوتکردن و وەڕسکردن و ڕێگرتن لە ھەر کردەیەکی ماناداری تیادا ئامادەکراوە. 
ھانا ئارێنت ئەم جۆرە ساتەوەختانە بە ساتەوەختی تاریک ناودەبات، بەڵام بەبێئەوەی نائومێد ببێت. چونکە پێیوایە لەناو سەردەمە مێژووییە تاریکەکانیشدا مرۆڤ ھێشتا مافی ئەوەی ھەیە گەشبین بێت و تیشکێک ببینێت کە ھێما بۆ دونیایەکی ڕووناکتر بکات."

پەرەگرافێک لە پرۆژەی نووسینێکی تازەی من لەسەر ھانا ئارێنت


06/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر