ئەرکی ڕۆشنبیر لە دونیایەکی تاریکدا چییە؟

مه‌ریوان وریا قانع
بەبۆچوونی من ئەرکی ڕۆشنبیر لە ھەموو ساتەوەختێکی مێژووییدا، بە تاریک و ناتاریکییەوە، ھەر ئەوەیە باوڕەڕی بە ھێزی ووشە و بە توانای نووسین لەقنەبێت، گومان لەوە نەکات کە ھۆشیاریی دەتوانێت دونیا دەسکاریبکات، دوودڵ نەبێت لەوەی کە گوتنی ھەقیقەت ھەمیشە کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە. ڕۆشنبیر دەبێت لە خەمی پەرەدانبێت بەو ھۆشیارییەی کە توانای جیاکردنەوەی درۆ لە ڕاستیی و دەمامک لە دەموچاوی ڕاستەقینە و وشەی ساختەی لە وشەی ڕاستگۆی، ھەبێت. 
ھەرگیز ڕەچەتەیەکی حازر و ئامادەش بۆ گۆڕان و دەسکاریکردنی دونیا بوونی نەبووە و بوونیشی نابێت، ھەرکەسێکیش بیەوێت ئەو ڕەچەتەیە بنووسێت، دڵنیابێت لەوەی ئەو ڕەچەتەیە ڕەچەتەیکی ھەڵە و زۆرجار ترسناکیش دەبێت. مێژوو بە ڕەچەتە ناگۆڕێت، بەڵکو بەکاری بەردەوام و قورس و درێژخایەن دەگۆڕێت، ئەوەی گرنگە کۆڵەندان و ڕاستیی وتن و خۆنەدۆڕاندنە. ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر ئەوەیە نەبن و نەیانەوێت ببن بە بەشێک لەو دونیا ناشیرینەی کە دەبێت بگۆڕدرێت. خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە مرۆڤ توانای جیاکردنەوەی ھەڵە لە ڕاستیی و شیاو لە نەشیاو و باش لە خراپ، لەدەستنەدات. باوەڕی بەو درۆیانە نەبێت کە لەمڕۆدا ھەن و توانای زۆر گەورەی بڵاوبوونەوە و گەیشتنیان بەھەموو گوێچەکەیەک لەبەردەستدایە. لە پارە و کڕین و چاندنی تەماحی گەورەوە بیگرە، تا بە دەزگا زلەکانی شۆرینەوەی مێشک و گەوجاندن و بەلاڕێدابردن، دەگات. نەھێڵێت ئەو تاریکاییەی لە فۆرمی جیاوازدا بەرھەمدەھێنرێن بگەنە ناو زەین و دیدی خۆی و دیدی زۆرینەی کۆمەڵگاکەی. لەوە دڵنیابێت کە لە ویژدانی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیەدا ئاستی جیاوازی ھۆشیاریی ئامادەیە کە دەشێت لەدوا دەرەنجامدا دۆخێک دروستبکەن نەکرێت درۆ و پارە و فشار، تا دوا سات تیادا سەروەربن. 
ئەمڕۆ، کە لە دونیای ئێمەدا ھێزێکی سیاسیی بوونی نییە و بوونی نەماوە کە بتوانێت ئەگەرێکی تر بخاتە بەردەمی کۆمەڵگای ئێمە، ئەوەی ماوەتەوە باوەڕبوونە بە 
کۆمەڵێک پرنسیپ، بە ئینسان و بە ھۆشیاریی و بە ڕاستگۆیی، بە توانای مرۆڤ لە جیاکردنەوەی باش لە خراپ و مانا لە بێمانایی و ھەڵە لە ڕاست. ئەوەی ماوەتەوە درێژەدانە بە بەرگریکردن لە بەھا ئینسانییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان، لە مافەکان، لە ڕێزگرتن، لە بیننی مرۆڤ وەک بەھایەکی بەرز، لە یەکسانیی، لە کەرامەتی تاکەکەسیی و گشتیی، لەو مانایانەی سیاسەت کە وەک چالاکیی ھەرە گرنگیی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھێمن و ئازاد دەیبینێت. ھەموو ئەمانە ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا لەژێر ھەڕەشە و پەلاماردان و سوکایەتیپێکردنی گەورەدان. مرۆڤ بەگشتیی و ڕۆشنبیر بەتایبەتی تا دەمرێت پێوسیتە بەرگریی لەو بەھایانە بکات، لەڕاستیشدا ێەنھا ژیانێک بەتەنھا بەشناکات بۆ بەرگریکردن لەو پرنسیاپانەی باسمکردن. بۆیە مرۆڤی ڕاستەقینە، چ ڕۆشنبیر بێت چ شتێکی دیکە، کاتی ئەوەی نابێت تاریک و ڕەشبین و بەزیوبێت. ھەمیشە شتێک ھەیە مرۆڤ بتوانێت بەرگریی لێبکات، بێمافییەک ھەیە بەگژیدابچێتەوە، ناشیرینیەک ھەیە شەڕی لەگەڵدابکات. ئەوەی ئەمڕۆ لەھەموو کات زیاتر پێویستە مرۆڤێکە کە بڵێت نا، نا بەوەی دروستکراوە و دروستدەکرێت. ئەرکی ئەخلاقیی ژمارە یەکی ڕۆشنبیر لە ئێستادا ئەوەیە ئەو ”نا" بێژە بێت، ئەو کەسەبێت کە سەر نەلەقێنێت و نەڵێت بەڵێ، گەر مردیش”نا" یەک، یان کۆمەڵێک ”نا"ی لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی تر بەجێھێشتبێت.
وێنەکە: پیرەمێرد.. یەکێک لە ڕۆشنبیرە ھەرە گەورەکانی سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمە.


06/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر