چی لەپشتی توندتوتیژیی دژ بەژنانەوەیە لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا؟

مه‌ریوان وریا قانع
فەسڵی یەکەمی کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکان"ی تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر سێ شێواز لە توندوتیژیی جێندەریی دژ بە ئافرەتان لە کوردستاندا کە بریتین لە ”کوشتن" و ”خۆکوشتن" و ”سوتاندن و خۆسوتاندن"ی ئافرەتان لە کوردستاندا. بۆچوونی سەرەکیی لەو بەشەی کتێبەکەدا ئەوەیە کە واز لە تەفسیر و لێکدانەوە ئاسان و حازربەدەستەکان بھێنین و بەدوای پێناس و ئاکاری ئەو ژینگە تازیەدا بگەڕێین کە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ئافرەتان تیادا پیادەدەکرێت. لەو بەشەدا ھەر سێ شێوازەکەی توندوتیژیی ڕەگەزییە لەناو ئەو ژینگە و فەزا و سەرزەمینە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و کولتورییە نوێیەدا جێگیردەکات کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستکراوە. ئەو ژینگە و فەزایەش ژینگە و فەزایەکی تەواو نوێن و پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە دونیای بەر لە ڕاپەڕینەوە نییە، یان زۆر لاوازە. بەمەش یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە گومانکردنە لەو لێکدانەوە سونەتییە باڵادەست و حازربەدەستانە کە توندوتیژیی ڕەگەزیی دژ بەژنان لە کوردستاندا بە زمانێکی ئینشایی سادە بە "سروشت"ی ”نەگۆڕ"یی ”پیاوی کورد"، یان بە ”سروشت"ی پاتریارکیەت، یان بە ”سروشت"ی دین، یان بە فەرھەنگیی ”خێڵەکیی" و ”تەقلیدیی"، یان بە ”عەقڵیەت" و ”مێنتاڵییتی" خۆرھەڵاتیی، یان بە ”سیستم"ی ئەخلاقیی نەگۆڕاوی ناو کۆمەڵگای کوردییەوە، دەبەستنەوە.
لەباتی ئەمانە ئەو لێکۆڵینەوەیە باس لە کێشەیەکی تەواو تازە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دەکات کە بە کێشەی ”شڵەژانی پێوانەیی" ناودەبات. ”شڵەژانی پێوانەیی” بە عەرەبی پێیدەڵێن ”الارتباک المعیاری"، و بە ئینگلیزیش Normative Disorientation.

کۆمەڵگایە دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگایەکە تیایدا سەرجەمی بەھا و نرخە پێوانییەکان لە دۆخی شڵەژانێکی پێوانەیی ھەمەلایەندان. ”شڵەژانی پێوانەیی" مانای تێکچوونی تەواوی سیستمی بەھاکان، شڵەژانی سەرجەمی ئەو بەھا سەرەکییانەی کە ژیانی تاکەکەس و گروپەکان لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕێکدەخەن، بە جۆرێک بەشێکی بەرچاوی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە، بەتایبەتی نەوە نوێیەکان، نەتوانن باش لە خراپ و ئەشێ لەناشێ و ڕاست لە ھەڵە و درۆ لە ڕاستیی و جوان لە ناشیرینیی و دڵسۆزیی لە خیانەت و گەندەڵیی لە ناگەندەڵیی، جیابکەنەوە. شڵەژانی پێوانەیی مانای لەدەستدانی توانای ئەخلاقیی و ویژدانی لەوەدا مرۆڤ نەتوانێت بزانێت چی باشە بکرێت و چی خراپە نەکرێت، چی شیاو و پۆزەتیڤە و چیش نەشیاو و نەکردەیە.

”شڵەژانی پێوانەیی" پەیوەندیی بە بەردەوامیی و نەگۆڕان و خۆدووبارەکردنەوە و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی سیستمە ئەخلاقییەکانەوە نییە، چونکە گەر ئەو سیستمانە بیانتوانیە خۆیان دووبارەبکەنەوە و وەک نەگۆڕ و چەسپاوێک کاربکەن، ئەودەم شتێک بەناوی شڵەژانی پێوانەییەوە دروستنەدەبوو.

شڵەژانی پێوانەیی ھێمایە بۆ گۆڕانی خێرا و فرەلایەنی ھەمەجۆر و ڕیشەیی لە بونیادە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکاندا، لە سیستمی سیاسیی و سیستمی بەھاکاندا، لە سیستمی ئەخلاق و ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا. ئەمە جگە لە گۆڕانی پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا لە فۆرمەکانی ژنبوون و پیاوبووندا، لە ماناکانی ھەژاریی و دەوڵەمەندیی و تاکەکەسبوون و نەبووندا. ھەموو ئەم شتانە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە ئاراستەیەکی زۆر خراپدا گۆڕاون و بەسەریەکەوە شڵەژانێکی پێوانەیی گەورەیان لە ھەموو بوارەکاندا دروستکردوە. نە دین، نە سیاسەت، نە ئابوریی، نە ئەو دونیا رەمزییەی کە دروستکراوە ھیچیان بە فریای مرۆڤە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە ناگەن. ئەوەی ڕووئەدات ھۆکارەکەی پەیوەندیی بە خێڵ و کولتوری خۆرھەڵاتیی و مانا تاقلدییەکانی دین و پیاوەتیی و پاتریارکیەتەوە نییە، وەک زۆرێک بێبیرکردنەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا باسیدەکەن، بەڵکو پەیوەندیی بەو گۆڕانە خێرا و ھەمەلایەنە وێرانکەرانەوە ھەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستدەبن و سەرجەمی سیستمی بەھاکان و چاوەڕوانییەکان و وێناکردنەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە تووشی شڵەژانێکی پێوانەیی ھەمەلایەن دەکات.

بۆ وردەکاریی و زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە و لەسەر گۆڕانە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین خوێنەران دەتوانن بۆ کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی" من بگەڕێنەوە کە ئەم ساڵ چاپ و بڵاوکرایەوە.
ئۆدێنسە

25/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر