بۆ من سلێمانی شاری ڕۆژە چڕەکانی منداڵیمە، شاری کرانەوەی ھۆشیارییمە بەڕووی دونیادا، شاری خوێندنەوەی یەکەمین تێکست و یەکەمین بەرخوردیی منە لەگەڵ دونیا و ئەوانیتردا، شاری ھاوڕێ شەھید و ھاوڕێ زیندووە ھەرە ئازیزەکانمە، شاری دۆستەکانم و شاری کۆمەڵێک خوشک و برای ھێجگار خۆشەویستمە. سلێمانی شاری ھەزاران ھەزار یاداوەریی زیندووی ناو خەیاڵمە کە ڕیزکردنەوە و ڕێکخستنەوەی بەردەوامیان بەشێکە لە شوناسی من وەک مرۆڤێک.
سلێمانی بۆ من شوێنێکە ناتوانم دەستبەرداری بم...بۆ کوێ بڕۆم و لە ھەر شوێنێکی دونیادا بژیم سێبەرێک لە سێبەرە زۆرەکانیم لەگەڵدایە، سێبەرێک ناتوانم پێناسەیبکەم و ناتوانم بە تەواوی بیناسم.