دیسانەوە ناسیۆنالیزم‌و دەوڵەتی نەتەوەو عێراق

مه‌ریوان وریا قانع

سڵاو کاک موردا، ئەمە وەڵامی منە بۆ نووسینەکەی بەڕێزتان کە لینکەکەیتان لە ژێر پۆستی پێشوومدا داناوە. ھاوکات دواھەمین وەڵامی منە و دوای ئەوە من لای خۆمەوە کۆتایی بەم ”گفتوگۆ"یە دەھێنم. ئەوەی من یەکەمجار وەڵامێکی درێژی کۆمێنتەکەی تۆم دایەوە پەیوەندیی بە دووشتەوە ھەیە. یەکەم تۆ کۆمێنتت لەسەر فەیسبوکەکەی من نووسیبوو، بۆیە وەڵامم دایتەوە، لەھەر شوێنکی تردا بتنووسیایە وەڵامم نەئەدایتەوە. دووھەم ویستم ھەندێک شت لەسەر بابەتێک بڵێم کە تا ئێستا چەندان جار دووبارەبوۆتەوە، بابەتی تۆمەتبارکردنی من بە ناسیۆنالیستبوون و قەومچیبوون.

لەڕاستیدا بەشی ھەرەزۆری ئەو شتانەی لە وەڵامەکەتدا لەسەر ناسیۆنالیزم و فاشیزم و دەوڵەتی نەتەوە نووسیوتانە ھەڵەیە، ھەڵەی گەورەش، پێموایە ئەم ھەڵانەش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە بنەما تیورییەکانی ئەو چەمکانە ناناسن و ئاگاتان لە کایە فیکرییەکانیان نییە. ئێوە زیاتر ئەو چەمکانە وەک ئامرازێک بۆ دابەشکردنی دونیا بۆ باش و خراپ، یان وەک جۆرێک لە ”جنێوی سیاسیی" و تۆمەتبارکردن، بەکاریدەھێنن. ئەم دوو بەکارھێنانەش دوو بەکارھێنانی تەواو جیاوازن لەوەی من بەکاریاندەھێنم. من ئەوەی لەسەر چیەتیی ناسیۆنالیزم و چیەتیی دەوڵەتی نەتەوە، و ئەوەی لەسەر باونەمانی دەوڵەتی نەتەوە و لەسەر بوونی زیاد لە فۆرمێک لە ناسیۆنالیزم و زیاد لە فۆرمێکی دەوڵەتی نەتەوەش ووتم، دووبارەی ناکەمەوە. پێدەچێت مەسەلەکە مەسەلەی ھێنانەوەی ئەرگومێنت و سەلماندان و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە نەبێت، پەیوەندیشی بە گەڕاندنەوە بۆ ئەدەبیاتی زانستیی ناو ئەم بوارانەوە نەبێت، بەڵکو زیاتر دروستبوونی قەناعەتێک بێت کە نەیەوێت و نەتوانێت بگۆڕێت و جگە لەو دابەشکردنە سادەیەی دونیاش بۆ بەرەی ناسیۆنالیزم و بەرەی دژەناسیۆنالیزم، شتێکی تری نەبێت بیڵێت.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان فاشیزم و ناسیۆنالیزم من لە وەڵامی یەکەمدا بۆم نووسیبویت کە دەشێت فۆرمێکی تایبەتی ناسیۆنالیزم ببێت بە فاشیزم، واتە ھەموو فاشیستێک لە جەوھەردا ناسیۆنالیستە، بەڵام ھەموو ناسیۆنالیزمێک فاشیزم نییە. ئەو جۆرە گشتگرییەی کە فاشیزم و ناسیۆنالیزم بەیەکتری یەکساندەکات، ئەوەی ھەموو فۆرمەکانی ناسیۆنالیزم بۆ فۆرمە فاشیستییەکەی کورتدەکاتەوە، ئەوەی جگە لە ناسیۆنالیزمی نەژدایی ھیچ فۆرمێکی تری ناسیۆنالیزم نابینێت، دەکرێت لە قسە و باسی ڕۆژانە و نووسینی سەر فەیسبوکدا جێیببێتەوە، بەڵام نە لەناو نووسینی زانستیی و مەنھەجییدا شوێنیان دەبێتەوە، نە لەناو جیھانبینیەکیشدا کە لانی ھەرە کەمی ئاڵۆزیی تێدابێت و چووبێتە ئەودیوی دابەشکردانی دوالیستیی و دوولایەنانەی دونیاوە، بۆ باش و خراپ.
ڕاستە من لە شوێنێکدا نوسیومە بەکارھێنانی زۆرێک لەو چەمکانە لای ئێمە بەکارھێنانێکی بازاڕین، بەڵام ئەمە نە جنێوە و نە سوکایەتیکردن بە کەس، بەڵکو پێداگرتنە لەسەر نامەھەنجیبوون و نازانستیبوونی بەکارھێنانی ئەو چەمکانە، کە کارێکی باوی ناو دونیای نووسینی ئێمەیە. وشەی بازاڕیی ھێمایەیە بۆ قسەکردنێکی گشتیی پڕ ھەڵە و دوور لە ھەر ڕەقابەیەکی مەنھەجیی. مانای ئەوەشە، زۆر کەس بەبێ ئەوەی لەو بوارانەدا شارەزابن کە ئەو چەمکانە تیایاندا دروستبوون و بەکاردەھێنرێن، نەک تەنھا قسەدەکەن و ڕایان ھەیە، بەڵکو حوکمی گەورە و قورسی نۆرماتیڤیی بەسەر چەندان دیاردە و کەسدا ئەدەن. بە کورتی بەکارھێنانی بازاڕییانەی چەمکەکان مانای مامەڵکردنی قسە ڕۆژانەییەکانی خۆت و تێگەیشتنە سەرپێیەکانتە، وەک فیکر و تیورەی سیاسیی. کاک موراد، تۆ سڵ لەوە ناکەیتەوە بە من بڵێیت ”ناسیۆنالیستێکی نەژادیت"، واتە فاشیستیت، چونکە فاشیزم ئەو فۆرمەیە لە ناسیۆنالیزم کە نەژادییە و لەسەر دروستکردنی ھیرارکیەت بۆ نەژادەکان ئیشدەکات. تۆ ئەم تۆمەتە گەورەیە دەدەیتە پاڵ من و بە جنێوی نازانیت، کە لە ڕاستیدا زۆر لە جنێو خراپترە، بەڵام من کە دەڵێم چەمکی ناسیۆنالیزم و فاشیزم یەک نین و لە دونیای ئێمەدا بەشێوەیەکی بازاڕیانە بەکاردێن، ئەمە بە جنێو دەزانیت و پێتوایە مرۆڤ نابێت بەوشێوەیە قسەبکات.

سەبارەت بەوەش کە یەکێک خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی کۆگیر نەبێت و لەباتی ئایدیۆلۆژیا باوەڕی بە کۆمەڵێک پرنسیپی فیکریی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانیی ھەبێت، ئەمە کارێکی ھێجگار ئاساییە. ئەوە تەنھا لەناو عەقڵیەتێکدا کە دونیا بۆ ڕەش و سپی، باش و خراپ، خودا و کوفر، ناسیۆنالیست و دژەناسیۆنالیست دابەشدەکات، واتە تەنھا لەناو عەقڵیەتێکی داخراوی لەوشێوەیەدا، شوێنی ئەوە نابێتەوە مرۆڤ لەباتی ئایدیۆلۆژیا. کۆمەڵێک پرنسیپیی سەرەکیی و مەنھەجیەتێکی دیاریکراو، ڕوانین و نووسین و ژیانی ئاراستەبکات. ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی، ئەوەندە ساکار نییە وەک لە پزیشکیدا کەسێک یان جگەرەخۆرە یان جگەرەخۆر نییە. ئەم ڕوانینە پزیشکییە، کە لە ڕوانینی بایۆلۆژییانەوە نزیکدەبێتەوە، بەکەڵکی تێگەیشتن لە ژیانی کۆمەڵایەتیی نایەت.

ئینجا تۆ من بە ”ترسنۆک" ناونوسدەکەیت و پێتوایە من ”ناوێرم بە ئاشکرا" بڵێم ناسیۆنالیستم یان ئەنتی ناسیۆنالیست، یاخود لەنێوان ئەو دووبەرەیدا ھیچ بەرەیەک ھەڵنابژرێرم، گوایە من ئەم کارە بۆیە دەکەم بۆ ئەوەی خوێنەر لەدەستنەدەم. دواتریش بەبێ ھیچ ڕەقابەیەکی فیکریی و ئەخلاقیی دەنووسیت ”جورئه‌تی سیاسیی و فیكرییت نییه‌ داكۆكیی له‌ دید و پارادایمه‌ فیكرییه‌كانی خۆت بكه‌یت." (جارێ با واز لەوە بھێنین کە تۆ لێرەدا چەند جنێوی قورس و ناخۆش ئەدەیت و بە زمانێک ئەدوێیت دوورە لە ھەر بەھایەکی سەرەتایی ئەخلاقیاتی نووسینەوە). ئەم تۆمەتی بە ترسنۆک ناونانە جگە لەوەی تۆمەتێکی سەرپێیی و ھەرزان و بێبنەمایە، لە قووڵایدا بەشێکە لەو کولتوریی تۆمەتبارکردنەی لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە و بکەرە سەرەکییەکانی پارتی و یەکێتی و ئەو ھێزانەن کە تۆ بە ھێزی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم ناونووسیان دەکەیت. ھاوکات بەشێکە لەو عەقڵیەتی دابەشکردنە دوالیستییەی جیھان کە لەسەرەوە ھێمام پێکرد، عەقڵیەتێک جیھان بە شێوەیەکی ھەڵە و ترسناک بۆ دوو بەرەی جیاواز دابەشدەکات. ھەموو نووسینی من ڕستەیەکی فیکریی تێدانییە ماناکانی بۆ خوێنەران ئاشکرانەبێت. بابەتێک بوونی نییە من قەناعەتم بەبەرگریلێکردنی ھەبێت و نەمکردبێت، تێزێکی فیکریی بوونی نییە من بە ھەڵەم زانیبێت و لێی بێدەنگبووبم. ئەو تۆمەتەی ئێوە کە بە خوێنەران دەڵێت ”جورئه‌تی سیاسیی و فیكریی" ئەوەم نییه‌ ”داكۆكیی له‌ دید و پارادایمه‌ فیكرییه‌كان"ی خۆم بکەم‌، تۆمەتێکی گەورەیە و کەسێک دەتوانێت بینووسێت کە لانیکەم لەسەر ئەو ھەڤدە کتێبەی من نووسیومە، ھەڤدە وتاری نووسیبێت، نیشانیدابێت من لەم یان لەو کتێب و نووسیندا جورئەتم نەبووە بەرگریی لە دید و تێزەکانی خۆم بکەم. تۆ یان ئەم کارە دەکەیت و لەناو نووسینی مندا بەدوای ئەم ترسنۆکیەدا دەگەڕێیت و بە ھەمووانی نیشانئەدەیت، یان دەبێت لەوە تێبگەیت کە تۆ خەریکی تۆمەتچنینی ناڕاست و دوور لە سادەترین بەھای ئەخلاقییەوەی. وەک ووتم، ئەم جۆرە تۆمەتە سەر بەھەمان ئەو ”پارادایم"ی تۆمەتبارکردنەیە کە پارتیی و یەکێتی ھەرکەسێک وەک ئەندام لق و مەڵبەندەکانی ئەوان قسەی نەکرد، تۆمەتباری دەکەن.

بۆ من ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی سیاسییە و وەک دیاردەیەکی سیاسییش لە کۆمەڵێک دیدگای تیوریی و مەنھەجییەوە ھەوڵئەدەم شیکاری بۆبکەم. ئەمەش بێگومان ناکۆک دەبێت بە دیدی کەسانێک ناسیۆنالیزم وەک جنێو و وەک ئامرازێک بۆ ئیدانەکردنی کەسانیتر و وەک جۆرێک لە بەرائەزیمە و وەک ھەوڵێک بۆ دروستکردنی شوناس بۆ خۆیان بەکاریدەھێنن. ھەموو ئەوەش کە دەیڵێن لە چەند ڕستەیەکی سادە تێناپەڕێت کە پێیوایە ناسیۆنالیزم خراپە و ئەنتی ناسیۆنالیزم باشە، نەتەوە خراپە گەل باشە، دەوڵەتی نەتەوە خراپە، دەوڵەتی ھاوڵاتی یەکسان باشە، ھتد... ئەمجۆرە قسانە حوکمی نۆرماتیڤیی سوفیزمانەی زۆر سادەن، نەک شیکردنەوەی زانستیی دیاردەکان و ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەو کێشانەی پەیوەندیان بەو چەمکانەوە ھەیە.

خاڵێک لێرەدا دەمەوێت ھەم بە تۆ ھەم بە زۆر کەسی تریشی بڵێم ئەوەیە من بە پارەی کتێبەکانم ناژیم تا لەوە بترسم خوێنەر لە دەستبدەم و فرۆشی کتێبەکانم کەمببێتەوە. ئەو تۆمەتەی کە من ناوێرم قسەبکەم نەکو خوێنەرەکانم کەمببنەوە لەھەموو تۆمەتەکانی تر بێماناتر و بێببنەماترە. ئەوەی من دەینووسم تەعبیرە لە تێگەیشتنی خۆم بۆ ئەو دیاردانەی قسەیان لەسەردەکەم، نەک شتێک بمەوێت بەھۆیەوە خوێنەران کتێبەکانم بکڕن. ئەم جۆرە تۆمەتانە دەچێتە قاڵبی عەیبەیەکی تەواوە چونکە، جۆرێکی زۆر نابەرپرسیارانەی بەخشینەوەی تۆمەتی ھەرزان و ڕۆژانەیە. دوورە لە سادەترین پرنسیپی ئەخلاقییەو، دەرھێنانی کۆمەڵێک قسە و تۆمەتی گەورەیە لەناو گیرفانی شەخسییەوە.

لە کۆتاییدا دەمەوێت شتێک لەسەر ئەو کاڵفامییە، سەزاجەتە، سیاسیە بڵێم کە ھەندێک کەس لەسەر عێراق وەک دەوڵەت و وەک وڵات ھەیانە. تۆ دەنووسیت لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدامەوە”عێراق عێراقی ھەمووان"ە. واتە ئەم وڵاتە ھی ”خەڵک" یان ”میلەت" یان ”گەل" یان ”نەتەوە"ی عێراقە. بەبۆچوونی من، ئەم ڕایە جگە لەوەی لەڕووی سیاسییەوە ڕایەکی تەواو ھەڵەیە و لە بۆچونی کەسێک دەچێت سەعاتێک لە عێراقدا نەژیابێت و ئاگاداری ئەوە نەبێت کێن ئەوانەی حوکمی ئەو وڵاتە دەکەن و کێن بەڕێوەیدەبەن و کێن پرۆسە سەرەکییەکانی ناوی ئاراستەدەکەن. ئەو عێراقەی تۆ پێتوایە ”ھی ھەمووانە"، لە ناوچەکەدا لانکی ژمارە یەکی تائیفیەت و خێڵگەرایی و گروپی دینیی داخراو و شوناسی فەرعیی و ناوچەیی بێپەیوەندیی بەرتەسک و توندوتیژە. ھێزە ئیقلیمییەکان بە ئەجێندای جیاواز و ناکۆک و ترسناکەوە تەڕاتێنی تێدادەکەن، سەرزەمینیی چەندان میلیشیای دینیی و نادینیی و تائیفیی جیاوازە. چەندان پرۆژەی موخابەراتی جیاوازیی تێدایە، پڕیەتی لە ھێزی پرۆکسیی. ئەو عێراقەی تۆ باسی دەکەیت، بە پلەی یەکەم، عێراقی ئەو ھێزانەیە و ئەو ھێزانەش ھەرچییەک بن ئەو ”ھەمووان"ە نین کە تۆ باسیدەکەیت. سەرەڕای کاڵفامیی ئەو ڕوانینە بۆ عێراق لە ئاستی سیاسییدا، لە ئاستە فیکریەکەشیدا ئەم ڕایە نەک تەنھا ھەڵەیە، بەڵکو وێرانەیەکی فیکریی و تیوریی تەواوە. لە عێراقدا شتێک بەناوی ”میلەت” یان ”گەل" یان ”نەتەوە"ی عێراقەوە بوونی نییە، ئەوەی ھەیە خەڵکانێکی زۆری پارچەپارچە و دابەشبووە بەسەر دەیەھا ئینتیمایی دینییی و ئایدیۆلۆژیی و تائیفیی و ئەتنیی و ئیقلیمیدا، کە ھاوبەشێک نییە بەیەکەوە کۆیانبکاتەوە و شتێکیان نییە ھی ”ھەمووان" بێت. لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیی و زانستیدا ”میلەت" یان ”گەل" یان ”نەتەوە" پێدراوی سروشتیی نین، بەبڕیاری ئەم یان ئەو نووسەر و ئەم یان ئەو ئەکتیڤیست دروستنابن، بەڵکو دروستکراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویین و پێویستیان بە کاری مێژوویی گەورە ھەیە. بە درێژایی مێژووی خۆی دەوڵەتی عێراقیی لەوەدا سەرنەکەوتوە شتێک بەناوی ”میلەت" یان ”گەل" یان ”نەتەوە"ی عێراقەوە دروستبکات و بە دانیشتوانە جیاوازەکەی شوناسێکی ھاوبەش و دەستەجەمعی ببەخشێت. بۆیە ئەرکی ژمارە یەکی ئەم دەوڵەتە بریتییە لە دروستکردنی ”میلەت" یان ”گەل" یان ”نەتەوە"ی عێراقیی. ھیچ یەکێک لەمانە، وەک ووتم، لە ئێستادا بوونیان نییە و پێدراون نین، ئەمانە دەبێت دروستبکرێن. ئەم پرۆسەی دروستکردنە نە بەو ھێزە تائیفییانە دەکرێت کە لە وڵاتەکەدا ھەن، نە بەو ھێزە ئیقلیمیانە کە لەناو عێراقدا تەڕاتێن دەکەن، نە بەو نوخبە سیاسییەش ئەمڕۆکە لە عێراقدا باڵادەستە، بە نوخبە سیاسییە کوردیەکەشەوە. نەوەیەکی سیاسیی گەنجیش بەڕێوەیە، وەک مندڵانی خێزانە سوڵتانییەکانی لای خۆمان، جگە لە لووتی خۆیان و جگە لە قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتیان، شتێکی تر نابینن و شتێکی تریان ناوێت. لە ھەموو عێراقدا یەک پارتی سیاسییە بوونی نییە لە ھەموو شوێنێکی ئەو وڵاتەدا بوونی ھەبێت، ھەموو پارتەکان لۆکاڵیی و تائیفیی و دینیی و ئەتنیین، زۆریشیان پرۆکسیی ئیقلیمین. یەک پرۆژەی سەرتاسەریی لە وڵاتەکەدا بوونی نییە، سوپایەکی یەکگرتووی نییە، سیستمێکی رەمزیی ھاوبەش بوونی نییە ھەمووان بە ھی خۆیانی بزانن. ھتد...بۆیە قسەکردن لە عێراق وەک وڵاتی ”ھەمووان"، جگە لە خۆخەڵەتاندن و نەبینیی ئەو واقیعە تاڵەی ناوی عێراقە شتێکی تر نییە. بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە، واتە ببێتە خاوەنی چوارچێوەیەکی گشتیی و ھاوبەش بۆ ھەموو دانیشتوانەکەی، پێویستە پرۆژەی ئەوەی ھەبێت ئەو ”قەڵەباڵعییە گەورە" پارچەپارچەیەی ئەمڕۆکە لەو وڵاتەدا ھەیە، بگۆڕێت بە گەل و نەتەوە و میلەت. دروستکردنی شتێکی لەوبابەتەش، دروستکردنی عێراقێک کە ھی ھەمووان بێت، تەنھا بەبوونی دەستورێک و بوونی چەند دەزگایەکی فیدرالی دروستنابێت، بەڵکو پێویستیی بە بکەری سیاسیی مێژوویی ڕاستەقینە ھەیە کە بەبۆچوونی من ئەمڕۆ لە عێراقدا بوونی نییە. لە عێراقی ئەمڕۆدا نەک تەنھا ھێزی عێراقیی سەرتاسەریی بوونی نییە، بەڵکو دابەشبونەکانی ناو بەرەی شیعە و سونە لەم وڵاتەدا، ھیچی لە دابەشبوونەکانی ناو کورد کەمتر نییە. نە بلۆکێکی سیاسیی یەکگرتوو، نە بلۆکێکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو، نە بلۆکێکی فەرھەنگیی یەکگرتوو لەو وڵاتەدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە گروپ و تاقم و ھێزی ناوچەیی دابڕاو و بێپەیوەندیی و زۆرجار پرۆکسیی و دوژمنکارن. ئەمەش ھەرچییەک بێت شتێک نییە ھی ”ھەمووان" بێت. ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە ”ناسیۆنالیزمێکی عێراقیی مەدەنیی" ھەیە کە وڵاتەکە وەک نیشتیمانی ھەمووان وێنابکات و دانیشتوانەکەشی وەک گەلێکی یەکگرتوو. ”ناسیۆنالیزمی عێراقیی مەدەنیی" کە پرۆژەی دروستکردنی ھاوڵاتیی عێراقیی ھەبێت. ئەمەش بە ھیچ مانایەک بوونی نییە و ھیچ پرۆژەیەکیش بەو ئاراستەیە لەئارادا نییە.
ئەم وتارەی مەریوان قانع وەلآمێکە بۆ نووسینێکی هاولآتییەک بەناوی" موراد خدر"ەوە

29/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر