ترسناکیی دەستەواژەی ”سروشت“

مه‌ریوان وریا قانع

”دەستەواژەی ”سروشت“ یەکێکە لە دەستەواژە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەرستۆ، لای ئەم فەیلەسوفە یۆنانییە ھەموو شتێک لە گەردوندا سروشتێکی تایبەت و نەگۆڕیی ھەیە و ئەو شتانەش بەپێی ئاکارەکانی ئەو سروشتە تایبەتە دەژین و دەجوڵێن و کاردەکەن. ھەموو گۆڕانکارییەکیش لە مێژووی مرۆڤدا گۆڕانە بەرەو گەیشتن و وەدیھێنانی خواست و ئاکارەکانی ئەو سروشتە. ئەگەر گۆڕانکاریی لای ئەفلاتوون مانای دوورکەوتنەوەی بەردەوام بێت لەو ”جەوھەر“ و ”سروشتە“ نموونەیی و ئاسمانییانەی لە دونیای ئایدیالدا ئامادەن، واتە گۆڕان لە ”جەوھەر“دا کردەیەکی خراپ و نێگەتیڤ بێت، ڕووی لە سەروەرکردنی ”کۆپییەکان“ بێت بەسەر نوسخە ”رەسەن“ و ”بنەڕەتیی“ەکاندا، چونکە ”گۆڕانی زیاتر“ مانای ”دوورکەوتنەوەی زیاتر“ لە سروشتی ئاسمانییانە و ئایدیالانەی شتەکان، ئەوا گۆڕان لای ئەرستۆ تەواو پێچەوانەی ئەم دیدە ئەفلاتوونییەیە و بە مانای جوڵەی بەردەوامی شتەکان دێت بە ئاراستەی گەیشتن بە سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان کە لە قوڵایی ھەر یەێک لەو شتانەدا ئامادەیە، ھەروەھا جوڵەیە بەئاراستەی وەدیھێنانی ئەو سروشتە کە مرۆڤ و دەزگاکان و شتەکان ھەیانە.*1*بەمانەیەکی تر ئەگەر گۆڕان لای ئەفلاتوون دوورکەوتنەوەی ھەرچی زیاتری شتەکان و دیاردەکان بێت لە جەوھەر و سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان، ئەوا گۆڕان لای ئەرستۆ جوڵەی شتەکان و دیاردەکانە بەرەوە گەیشتن بەو جەوھەر و سروشتە و وەدیھێنان و بەرجەستەکردنی توانا و خواستەکانی ئەو سروشتە. لە پەیوەندیدا بە مرۆڤەوە، ئەرستۆ پێیوایە، باشترین مرۆڤ ئەو کەسەیە کە بەپێی سروشتی ڕەسەنی خۆی دەژیی و لەو سروشتە رەسەنەش لانادات و دوورناکەوێتەوە، واتە ئەو مرۆڤە سروشتی خۆی بەوشێوەیە دەژی کە لەناو ئەودا ئامادەیە. کێشەکە لەوەدایە ئەرستۆ مرۆڤەکان بە خاوەنی ”یەک سروشتی ئینسانیی یەکسان“ نازانێت، پێیوانییە ”سروشتی“ مرۆڤەکان یەک سروشتە، بە پێچەوانەوە ئەرستۆ ڕای وبوو ”سروشت“ی ژن جیاوازە لە سروشتی پیاو و ”سروشت“ی کۆیلەش جیاوازە لە ”سروشت“ی خاوەن کۆیلە. ھەروەھا پێیوایە سروشتی پیاو لە ھی ژن و سروشتی کەسی ئازاد لە کەسی کۆیلە بەرزتر و پێگەیشتوتر و بەھادارترە. بۆیە ئەرستۆ ھەموو ھەوڵدانێکی کۆیلە بۆئەوەی لە کۆیلەیەتی ڕزگاریببێت و ھەموو ھەوڵدانێکی ئافرەت بۆئەوەی بەشداربێت لە ژیانی گشتیی دەرەوەی خێزان و بەدەستھێنانی مافی یەکساندا، نەک تەنھا وەک کارێکی ناڕاست و خراپ وێنادەکات، بەڵکو وەک تەعەداکردنە سەر ئەو ”سروشت“ەش دەیبینێت کە کۆیلەی وەک کۆیلە و ئافرەتی وەک ئافرەت پێکھێناوە.

لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە ئەرستۆ باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان بەردوام پێویستییان بەیەکترە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ھەر لە بنەڕەتیشەوە کۆمەڵگا ناتوانێت بەبێ ھاریکاری مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا دروستببێت، ھەروەھا بەبێ ئەم ھاریکارییە مرۆڤایەتیش ناتوانێت بێتەکایەوە و بەردەوامبێت. بۆ نموونە ژن و پیاو پێویستیان بەیەکە بۆئەوەی منداڵیان ببێت و کاروباری ناوماڵیان ڕێکبخرێت و لەوێشەوە درێژە بە ژیانی مرۆڤایەتیی بدەن، بەڵام لەم پێویستییەدا ”سروشت“ی ژن وایە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و منداڵی ببێت و کاری ناو ماڵ بەڕێوەببات و ”سروشت“ی پیاویش وایە ژیانی گشتیی ڕێکبخات و بەڕێوەببات. حوکمڕان و حوکمکراویش پێویستیان بەیەکە بۆئەوەی بتوانن کاروباری وڵات ببەنبەڕێوە، بەڵام حوکمڕان کەسێکە بەسروشت وادروستبووە حوکمڕانبێت و حوکمکراویش بەسروشت وادروستبووە کە حوکمبکرێت، لادان لەم سروشتە بە زیانی ھەردووکیان و بەزیانی حوکمڕانیی و بە زیانی مرۆڤایەتیی کۆتاییدێت. ئەرستۆ کە باس لە ئاغا و سەپان، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ئازاد و کۆیلە دەکات باس لە پێگەی جیاواز ناکات کە ”پەیوەندییەکی سیاسیی“ و ”کۆمەڵایەتیی“ دروستیکردبن، واتە ئەو پەیوەندییانە وەک پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نابینێت، بەڵکو باس لە ”پەیوەندیی سروشتی“ دەکات و وەک دەرکەوتی جیاوازیی ”پەیوەندیی سروشتیی“ش وێنایاندەکات. بە بۆچوونی ئەرستۆ ئەوەی وادەکات کەسێک کۆیلەبێت بوونی سیستمێکی سیاسیی دیاریکراو و پەیوەندییەکی تایبەتیی ھێز و مۆدێلێک لە دەسەڵات و شێوازێکی تایبەتی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو سروشتی کۆیلە وەک کۆیلە و سروشتی ئاغا وەک ئاغا لەبوونی ئەم شتانە بەرپرسیارن. کۆیلە بە ”سروشت“ کەسێکە خاوەنی خۆی نییە، بەڵکو کەسێکی تر خاوەنیەتی، موڵکی کەسێکی ترە و ئامرازی دەستی کەسێکی ترە، ”سروشت“ی ئەو کەسەی تریش لە سروشتی کۆیلەکە جیاوازە. بوونی ئەم سروشتە جیاوازانەش شتێک نییە لەپڕ و لەخۆیەوە دروستبووبێت، بەڵکو لە ئەزەلەوە ھەن و بەوجۆرەن، ھەندێک کەس ھەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونیانەوە دروستبوون بۆئەوەی حوکمڕانبن و ھەندێکی تریش بۆئەوەی کۆیلەبن.“


28/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر