نوێژی جەماعەت یان نوێژی نمایشکردنی دەسەڵاتێکی دینیی نوێ؟

مه‌ریوان وریا قانع

 

ھەموو ئەوانەی بە شێوەیەکی زانستییانە لە کایەی دین لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕادەمێنن، ئەو ڕاستییە سادەیە بە ئاشکرا دەبینن کە فۆرمێکی تازە لە دینداریی و جۆرێکی نوێ لە بکەریی دینیی لەو کۆمەڵگایەدا لەدایکبوون کە ھەم تێگەیشتنیان بۆ دین و ھەم شێوازی پیادەکردنی دینداریان مەترسیی گەورەی ھەڵگرتوە. ئەم بکەرانە خاوەنی دیدێکی تەواو ڕووکەش و بێقوڵایین بۆ دین. بەشێکی زۆری ئەو خورافەت و غەیبانیەتەی لە مێژووی دیندا بەرھەمھاتوە زیندوکردۆتەوە و لەڕێگای جیاوازەوە بەناو کۆمەڵگادا بڵاویانکردۆتەوە. بڕێکی گەورە لە ترسی دینیان بڵاوکردۆتەوە و وێنەیەکی تەسلیمبووی ئینسانیان سەروەرکردوە کە لە باتی ئەوەی بە ئیرادەی خۆی بژیی، بە دوعا و پاڕانەوە بژیی.


ئەو شێوازەش لە دینداریی کە سەروەریان کردوە شێوازێکی شانۆییە تیایدا لە باتی ئەوەی تاکەکەسێک لە پەیوەندییەکی ڕۆحیی و ئەخلاقیدا بێت لە گەڵ خوداکەیدا، لە دۆخی خۆنمایشکردن و خۆدەرخستندایە لە بەردەمی کۆمەڵگادا. ”بەشانۆکردنی دینداریی“، نمایشکردنی ئەم دیندارییە لەناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵاگدا، خۆدەرخستن وەک بوونەوەرێکی دینیی، بە بەرچاوی کەسانیترەوە، نەک بە بەرچاوی خوداوە، ئاکاری سەرەکیی ئەم دیندارییە. بەمەش دینداریی ئەوەندەی بووە بە تەمسیلکردن لە بەردەمی ئەوانیتردا، ئەوەندە ڕاوەستان نییە لە بەردەمی خودادا.


ئەم نوێژە دەستەجەمعییە ئاشکرایانەی لەناو ھەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆندا دەیانبینین، نوێژێک نییە تیایدا کەسانی ئیماندار لە خەمی دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناوەکیدابن لەنێوان خۆیان و خوداکەیاندا، بەڵکو نمایشکردنی دیندارییەکی بەشانۆیکراوە، کە ھێما بۆ فۆرمێکی تایبەت لە دەسەڵاتی دینیی دەکات. نوێژکردن دروستکردنی پەیوەندییەکە بە خودایەکەوە کە توانای بینینی ھەموو ئیماندارانی ھەیە، ئەم پەیوەندییە پێویستی بەوە نییە کەسانیتر بیبینن، پێویستی بە کۆبوونەوە نییە، بەڵکو پێویستی بە جۆرێک لە ئەخلاقیاتی دینیی تاکەکەسیی و پێویستیی بە تێگەیشتنێکی ڕۆحانییە لە دین.


بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین تەنھا لەدایکبوونی فۆرمێکی تازەی دینداریی نییە کە پێویستییەکی گەورەی بە خۆنمایشکردن ھەیە لەناو کۆمەڵگادا، پێویستیەکەی بیمارانەی بەوە ھەیە کە دەربکەون و ببینرێن، تەنھا نمایشکاریی و دەرکەوتن و شکڵگەرایی سیمای ئەم فۆرمە تازە لە دینداریی نییە، بەڵکو ھێما بۆ فۆرمێکی تازەش لە دەسەڵاتی دینیی دەکات. دەسەڵاتێک کە لەپشتی ئەو فۆرمە تازەیە لە دینەوە دەیەوێت دەربکەوێت و ببینرێت.


ئەم دەسەڵاتە دینییە، دەسەڵاتێکی دینیی تەحەداکەر و بەر لە ھەمووشتێک خەونی کۆنترۆڵکردنی سەرجەمی کایەی دینیی و فۆرمە جیاوازەکانی دینداریی ئەدات. ئینجا کۆنترڵکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. ئەم فۆرمە لە دەسەڵاتی دینیی، لانیکەم لە ئێستادا، بەگژ دەسەڵاتی سیاسییدا ناچێتەوە، بەڵکو دەیەوێت لەپاڵ ئەو دەسەڵاتەدا و بەھاریکاریی ئەو دەسەڵاتە ،سەرەتا سەرجەمی دەسەڵاتە دینییەکان بگرێتەدەست و کایەی دین خۆی کۆنترۆڵبکات، دوای ئەوە پەل بھاوێژێت بۆ کۆنترۆڵکردنی فۆرمەکانی تری دەسەڵات. ئەمەش ھەڵگری گەرای کیشوەرێک توندوتیژیی و ھەڵگری ئەگەری دەیان شەڕی نوێیە لەو کۆمەڵگایەدا.


چەند ساڵێک لەمەوبەر من ئەم فۆرمەم لە دەسەڵاتی دینیی و ئەم شێوازە لە دیندارییم بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆسەی بە سعودیکردنی کوردستان ناونا. ئێستا ئیتر وەکچۆن کۆمەڵگای لەبەردەم ھەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنادایە، ئاواش لەبەردمەی ھەڕەشەی ئەم فۆرمە لە دینداریی تازە و ئەم فۆرمە لە دەسەڵاتی دینیدایە.


06/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر