ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک (سەربازی ون)ی خودا: عەقڵیەتی دینیی لە دۆخی داڕمانی تەواوەتیدا

مه‌ریوان وریا قانع

ئەم تۆمارە دەنگییەی ئەمیداری یەکگرتوی ئیسلامی، سەلاحەدین بەھادین، تێگەیشتنی ئەم پیاوەمان وەک سەرۆکی ئەو پارتە، بەرامبەر بە دۆخی ئەمڕۆکە و ئەو کارەساتە جیھانییە نیشانئەدات کە تیایدا مرۆڤایەتی وەک گشتێک لەبەردەم ھەڕەشەی نەوەیەکی نوێ لە ڤایرۆسی تازەدایە. 

 

تۆمارەکە لەباتی ئەوەی خەمخۆری ئەم پیاوە و ئایدیۆلۆژیا دینیی و سیاسییەکەی بۆ ژیانی مرۆڤەکان و بۆ بەگژاچوونەوەی مەترسییە جیھانییەکە بێت، لەباتی دەربڕی عەقڵیەتی خەمخۆریی لە ھەمووان و ھەوڵدان بێت بۆ ڕزگاربوونێکی دەستەجەمعیی مرۆڤایەتی لەم مەترسییە، لەباتی نیشاندەری ڕۆحیەتی ھاریکاریی و ھاوچارەنووسیبێت، کەچی ھێرشێکی تەواو نائینسانیی و نابەرپرسیارە بۆسەر ئەوانەی بە ”مولحید“ و ”دژە ئیسلام“ ناویاندەبات، کە بێگومان لە دیدی ئەم پیاوە و ھاوشێوەکانیاندا زۆرینەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە دەگرێتەوە، بەبڕێکی زۆر ئەو موسڵمانانەشەوە کە وەک ئەوان بیرناکەنەوە و وەک ئەوان دین بەگشتیی و ئیسلام بەتایبەتی، نابینن و مامەڵەناکەن.

 
ئەم ئەمیندارە لەسەرەتای قسەکانیدا دەڵێت ”خشتەی ژیان لەسەر ھەموو سەرزەوی تێکچووە“، ”دام و دەزگای دەوڵەت و کۆمەڵگا ھەمووی وەستاوە“، کەچی، وەک وتم، لەباتی ئەوەی ئەم دۆخە وەک ھۆکارێک بۆ درەبڕینی ھاوسۆزیی و ھاوچاەرنووسیی لەگەڵ یەکدا و لەباتی بەھێزکردنی ڕۆحی ھاریکاریی نێوان مرۆڤەکان، ببینێت، کەچی وەک بەھانەیەک بۆ ھێرشکردنە سەر ئەوانە بەکاریدەھێنێت کە ناوی ”بەری ئیلحاد“ و ”بەرەی بێخواکان“ ی لێدەنێت.  

 

ئەمنیداریی گشتیی یەکگرتوو دروستبوونی ڤایرۆسەکە و ھێرشەکەی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بە پلانی خودا دەزانێت و پێیوایە خودا ئەم ڤایرۆسەی بۆسەر بەرەی کوفر و کافران و بۆسەر بەرەی دژە ئیسلام دروستکردوە. (ئەوەی کە ڤایرۆسەکە چەندەھا موسڵمان و ئیمانداریشی کوشتوە و دەکوژێت، لای ئەو بابەتی بیرکردنەوە نییە). 

 

ڤایرۆسەکە خۆشی دەرەنجامی ”لادان لە ڕێزباز و ڕێچکەی خوداپەرستیی“ یە و بە پلەی یەکەمیش لادان لە ئیسلام و لە ئامۆژگارییەکانی پێغمەبەرەکەی، سەرچاوەی دروستبوونی ڤایرۆسەکەن، نەک ئەوەی ئەم ڤایرۆسە دیاردەیەکی بایۆلۆژیی ناو ژیانی زیندەوەرەکانی سەر ئەم ئەستێرەیە بێت، کە لە فۆرمی جیاوازدا لە سەرەتای مێژووەوە بوونی ھەبووە و لە ئایندەشدا بوونی دەبێت. لە عەقڵیەتی ئەم پیاودا خوادا وەکچۆن لە دونیای کۆندا ”قەومی لوت“ و ”فیرعەون“ەکانی لەناوبردوە، لەمڕۆشدا دەیەوێت لە ڕێگای ئەم ڤایرۆسەوە، قەومی لوت و فیرعەونەکانی دونیای ئەمڕۆ لەناوببات. (ئەوەی ئەم ڤایرۆسە چەندان مرۆڤی سادەی کوشتوە کە پەیوەندیان بە قەومی لوت و فیرعەونەوە نییە، کێشەی ئەو نییە)

 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتو پێیوایە خودا لە ڕێگای ئەم ڤایرۆسەوە دەسەڵات و توانای خۆی بە مرۆڤەکان نیشانئەدت، بەتایبەتی بە کافرەکان و دژەئیسلامەکان. ئەوەتا دەڵێت خوداا لەڕێگای ئەم ڤایرۆسەوە ”فاکێکی خۆی بەرامبەر بە ھەزاران فیکی“ ئینسان دەسەلمێنێت و دەسەڵاتی گەورەی خۆی بە کافرەکان نیشانئەدات.. لە عەقڵی ئەم سەرکردە دینیە خاوەن تەمەنەدا  ئەم ڤایرۆسە ”سەربازی ون“ی خودایە و ئەو ڕەوانەیکردوە بۆ ئەوەی ”ھەموو بارگەوبنەی یاخیبوون و خوداخوازیی زلھێز و کەسە بێخودا و مولحیەدەکان“ی پێبپێچێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا خراپتر ئەدوێت و دەڵێت خودا ئەم ڤایرۆسەی بۆیە ناردوە بۆئەوەی تۆڵە بۆ پێغەمبەری ئیسلام بکاتەوە، کە کافر و مولحیدەکان گوێیلێناگرن. ئەو دەڵێت خودا تۆڵە لە مرۆڤەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی ناچاربن ”تەسلیمی سەروەریی و سەرداری“ ”پێغەمبەرە نازادارەکەی بن“. 

 

چارەسەری ڤایرۆسەکە و کۆتاییھێنان بەم ھەڕەشەکانیشی بە دەرەنجامی ھەوڵی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی دەرمان و ڤاکسین لەناو تاقیگە زانستییەکاندا نابەستێتەوە، وەک دەرەنجامی کەڵەکەبوون و گەشەدانیش بە زانستی پزیشکیی و زانستی زیندەوەرزانی، نایبینێت، کە ناوەندە بنەڕەتیی و سەرەکیەکانی لە وڵاتانەدان کە ئەو بە مولحید ناویاندەبات. بەڵکو چارەسەرەکەی بە گوێڕایەڵیکردن لە ھەندێک ئامۆژگاریی ڕۆژانە و سادەی پێغەمبەرەکەی ئیسلامەوە دەربارەی پاکوتەمیزیی، دەبەستێتەوە کە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر کردونی. ئەم عەقڵیەتە دینییە پێیوایە: ”ھەموو جیھان بێئەوەی بەخۆی بزانێت سەری نەوی کردوە بۆ فەرمودە زێزینەکانی پێغەمبەری ئیسلام“ کە ”پێش ھەموو زانست و پێشکەوتنێک، زیاتر لە ١٤ سەدەیە تەکبیری ئەمڕۆیان بۆ دەکات“. لێرەشدا ئەوەی دینەکانی تر و کەسانیتری بێدین و دژەدین بەر لە ئیسلام و دوای ئیسلام لەسەر پاکوتەمیزی گوتویانە، مەسەلەیەک نییە و گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە ئیسلام لە کۆندا ئامۆژگاریی خەڵکی کردوە پاکوتەمیز بن و ئەم ئامۆژگارییە کۆنەش لە ئێستادا ھێمای ساتەوەختی ”سەرکەوتنی بەرەی ئیمان و شاگردانی محەمەدول مستەفایە“ بەسەر ھەموواندا. ھەر ئەم ئامۆژگارییەش چارەسەری ئەم ڤایرۆسەیە.

 

لە ھەمووی نالۆژیکی و نائینسانیتر لەو تۆمارە دەنگیەدا ئەو حوکمەی سەلاحەدین بەھادینە کە پێیوایە، ناردنی ئەم ڤایرۆسە، کە تا ئێستادا بۆتە ھۆی مردنی ھەزارەھا مرۆڤی بێتاوانی سەربە ڕەگەز و دین و ناوچە جیاوازەکانی جیھان، کارێکە خودا ئەنجامیداوە و ئەم کارەش بەشێکە لە ”لوتف و میھرەبانیی“ ئەو خودایە. پێویستیشە ئەو خودایە لەسەر ئەم ”لوتف و میھرەبانیی“ەی سوپاس بکرێت.  ئەوەی ئەمیداریی گشتیی لێرەدا دەیڵێت بە پلەی یەکەم گاڵتەکردن و سوکایەتییەکی تەواوە بە خودا نەک بەرگریکردن لێی. ئاخر خودایەک ئەو ھەموو مرۆڤە بێتاوانە لە ناوچە جیاوازەکانی جیھاندا بکوژێت، میھرەبانیی و لوتفەکەی لەکوێدایە؟ بەڕاست ئەمە  دروستکردنی وێنەیەکی میھرەبانە بۆ خودا، یان دروستکردنی وێنەی پیاوکوژێکی ڕقاوی تۆڵەسێن و بێڕەحمە.  ئاخر ئەم ڤایرۆسە تەنھا ڕووی لە مولحیدان و کافران و بێخوداکان نییە، بەڵکو ڕووی لە ھەموو مرۆڤایەتییە، لەیەککاتدا مەلایەک لە سلێمانی و قوتابیەکی حەوزە لە قوم و وەرزشەوانێک لە مەدرید و ئیماندارێک لە پاکستان و موسڵمانێک لە تورکیا و کۆچبەرێکی پۆڵەندی لە بریتانیا و کوردێک لە ڕۆما، دەکوژێت. خودا بۆ ئەمانە لە پێناوی پێغەمبەرەکەی و لەپێناوی ئیسلامدا دەکات؟

 
بە کورتیی، ئەوەی سەلاحەدین بەھادین لەم تۆمارە دەنگیەدا دەیڵێت تەنھا قەیرانی قووڵیی عەقڵیەتێکی دینیی ترسناک و خورافەتئامێز نیشاننادات، تەنھا نارسیزمێکی دینیی بێبناغە و نەخۆشیش نمایشناکات، بەڵکو قەیرانێکی ھێجگار گەورەش لە ئەخلاقیاتی ئیسنانیی و ڕزێگرتن لە ژیان و خەمخۆری بۆ مرۆڤ، بەدەر لە دین و رەگەز و باوەڕ، نیشانئەدات.  گومانم لەوە نییە  لە ئایندەدا ئەم تۆمارە دەنگییەی سەلاحەدین بەھادین بە منداڵانی قوتابخانە سەرەتاییەکان دەگوترێتەوە، بۆ نیشاندانی نموونەیەک لە تێگەیشتنێکی تەواو شێواو ترسناک بۆ دین و خودا و نەخۆشییەکان. ڕۆژێک دێت مرۆڤ پێی سەیربێت لە دۆخی ھێرشێکی گەورەی لەم شێوەیەدا بۆسەر ژیان لەسەر ئەم ئەستێرەیە، کەسێک ھەبێت بەناوی دین و خودا و پێغەمبەرەوە ئەم قسانەی کردبێت.




26/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر