‌دوای سێ مانگ لە ھاتنی کۆرۆنا

مه‌ریوان وریا قانع

کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و لە زیاد لە شوێنێکی جیھاندا خەڵکانێکی زۆری نەخۆشخست و ژیانی لە چەندەھا کەسی تر سەندەوە، کە سەرەتاکانی کارەنتینەکردن و ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی گەورەی خەڵک لە شوێنە گشتییەکاندا پێشنیارکرا و دەستیپێکرد، لەوانەش داواکردن لە ئیمانداران کە نەچنە مزگەوت و شوێنە دینییەکان و بە شێوەیەکی دەستەجەمعی نوێژەکانیان نەکەن، دواتریش  چاخانە و قاوەخانە و یاریگاکان داخران، چەندەھا دەنگی نەشازا و نابەپرسیار، پەڕگیر و تۆمەتبەخش، ھاتنەکایەوە و گاڵتەیان بە ڤایرۆسەکە دەھات و وەک پیلانێک بۆ سەر دین و بیروباوەڕەکانی ئەوان وێنادەکرا.  

لەم ڕەوتەدا چەندان مەلا و بکەری دینیی نمایشکەر و چەندان چالاکەوانی دینیی دۆگمایی ھاتنەدەنگ کەوتنە پەلاماردانی ئەوانەی کە پاراستنی ژیانی مرۆڤیان بەگرنگتر دەزانی، بە ژیانی مرۆڤە دینییەکانەوە، تا نمایشێکی دینیی شانۆیی و تا دەرکەوتنێکی نارسیستیانە لەناو ڕووبەری گشتیدا. (تا ئەمڕۆش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو گروپە دینییە ئەرتۆدەکسیی و داخراوەکان و لەناو دیندارە ئوسەڵیی و دۆگماییەکاندا زیاتر بڵاوترە تا لەناو گروپەکانی تری کۆمەڵگادا. 

لە شوێنێکی وەک ئیسرائیلدا جولەکە تودنڕە و ئوسوڵییەکان زۆر زیاتر تووشی کۆرۆنا بوون تا ئیماندارە ئاساییەکان تا ئەو شوێنە حکومەتی ئیسرائیل پۆلیس و سوپای ناردۆتە سەریان بۆ ڕێگەگرتن لە تێکەڵبوون و کۆبوونەوەیان). 

لەپاڵ ئەم بکەرە دینیانەدا ھەندێک فەیلەسوف لەسەر ھەمان نەغمەی مەلاکان کەوتنە گاڵتەکردن بە ڤایرۆسەکە و بە جدی وەرنەگرتنی ھەڕەشە ترسناکەکانی. ئەگەر دینییە دۆگماییەکان ڤایرۆسەکەیان وەک ”سەربازی خودا" نمایشیانکردبێت بە مەەبستی تۆڵەکردنەوە لە دوژمنانی ئیسلام و سزادانی کافران، فەیلەسوفێکی وەک ”ئاگامبن"یش کاردانەوەکانی بەڕووی ڤایرۆسەکەدا وەک پیلانی دەوڵەت بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان و کۆنترۆڵکردنی ھەمەلایەنتری مرۆڤەکان وێناکرد. 

ئاگامبن باسکردنی ڤایرۆسەکە و پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی وەک پیلانی دەوڵەت و دەسەڵات وێناکرد. لە گاڵتەکردندا بە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە ھەمان ڕوانینی دۆناڵد ترامپی ئەمرکیی و بۆریس جۆنسنی بریتانیی و جاری بۆلۆسۆنارۆی بەرازیلی ھەبوو. 

من لەو سەرەتایەدا نووسینێکم لەژێر ناونیشانی ”پیاوانی دین و فەیلەسوفەکان بێدەنگ بکەن" لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆم بڵاوکردەوە. ڕاستەوخۆ لە لایەن ئیسلامیی و نائیسلامییە دینییە ئوسوڵیی و سەلفەیی و پەڕگیرەکانەوە کەوتمە بەر ھێرشێکی گەورە و ھەمەلایەنەوە، کە ئاکارێکی ڕێکخراوی ھەبوو، نەک کاردانەوەیەکی ئاسایی. داواکردنی ڕێگرتن لەکۆبوونەوە دینییەکانیان وەک سوکایەتی بە باوەڕ و پیرۆزییەکانی خەڵک و وەک گاڵتەکردن بە دین و بە خودا لەقەڵەمدا. لە ھەمانکاتدا ھەندێک لە خۆ بە فەیلەسوفزانەکانی کوردیش ھێرشی ئەوەیان کردە سەرم کە گوایە من دژ بە بیرکرندەوە و دژ بە فیکرێکم بچێتە ئەودیوی ڕوانینی ”خەبیر" و پزیشک و پۆلیسەکانەوە، 

ئێستا ئیتر کە لانیکەم ٧٠ تاقیگە و لابۆری زانستیی لە دەیان شوێنی جیھان و لەناوەوە و دەرەوەی دەیان زانکۆ لە زانکۆ گرنگەکاندا سەرقاڵی دۆزینەوە و بەرھەمھێنانی ڤاکسیێن و دەرمانێکن دژ بەم ڤایرۆسە و بەمەش لە ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکدان بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییە کوشندەکانی ڤایرۆسکە، دەڵێم ئێستا ئیتر ئاشکرایە ئەوەی کە دەبێت بدوێت و قسەکەری یەکەم بێت زانست و پەتاناسەکانن،  ئێستا ئیتر ئاشکرایە زانست چ ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا ھاوچەرخەکاندا دەبینێت و ئاشکارادەبێت گەر زانست نەبێت مرۆڤایەتی چۆن بەرگەی ڤایرۆسێک لە ڤایرۆسەکان ناگرێت. بێگومان ھیچ یەکێک لەو تاقیگا و زانکۆ و سێنتەرە سەرەکیی و بنەڕەتیانەی خەریکی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسەکان، ھیچیان لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا نین و ھەموویان، ھەر ھەموویان، لە بەشە ”کافر"ەکەی دونیادان. 

ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئاوڕێکی سەرەتایی بدەینەوە و بزانین تا ئەم ساتە چ شتێک لەم قەیرانەدا لە ھەموو شتەکانی تر گرنتر بووە؟ بە بۆچوونی من چوار ڕاستیی لە ھەموو شتەکانی تر گرنگترن:
یەکەمیان، گرنگیی زانست و شیکردنەوەی زانستییە کە ئاسۆیەک بۆ ڕزگاربوون لە ڤایرۆسەکە و بۆ بەگژاچوونەوە و سنوورداریکردنی ھەڕەشەکانی دەستنیشاندەکات. 

دووھەم: گرنگیی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە پێویستن.  ئەمانەش خۆیان لە ژمارە و جۆری نەخۆشخانە و بوونی ئامێری پێویست و دەستگەیشتن بە داو و دەرمان و بوونی شارەزایی پزیشکییدا ئەبینێتەوە. 

سێھەمیان: بوونی حکومەت و ناوەندێکی سیاسیی کە قابیلی باوەڕپێکردن و متمانە بن، بۆئەوەی سیاسەتێکی گشتیی دەستنیشانبکات لە چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەی ڤایرۆسەکەدا. 

چوارھەم؛ بوونی کۆمەڵگایەک کە لانیکەم زۆرینەی ھەرەزۆریان ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و خۆشویس
تنی ژیان ئاراستەی بکات و لەو ساتەوەختە تایبەتانەدا ھۆشیارانە و ڕەخنەگرانە گوێ لە ڕێنماییەکان بگرێت،  
ئێستا ئیترکاتی ئەوە ھاتووە ئەو عەقڵیەتە خورافییەی کە پێیوایە ئەم ڤایرۆسە ”سەربازی وون"ی خودایە و ناردویەتیی بۆ ئازاردانی مرۆڤەکان بەخۆیدا بچێتەوە و داوای لێبوردن لە ئیمانداران و ئەوانیتریش بکات. ھەروەھا کاتی ئەوەشە ئەو عەقڵیەتەی کە پێیوایە ئەم ڤایرۆسە پیلانی دەوڵەتە بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی مرۆڤ ئازادییەکانەیەتی، ڕەخنەیەکی ھەمەلایەن لە خۆی و لە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی بگرێت.

17/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر