میدیا وەک میلیشیا: لە یادی ١٢٠ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا

مه‌ریوان وریا قانع

ئەوەی لێرەدا دایدەنێم وتارێکە نزیکەی دە ساڵێک لەمەوبەر و لە ھەمان یادادا نووسراوە، لەو ساتەوە تە ئەمڕۆ ئەم ”میدیا کوردییە“ خراپتر و ناشیرینتر و تاوانبارتربووە باشتر نەبووە. میدیایەکە وەک میلیشیایەکی ترسناک کاردەکات، میلشیایەکی حیزبیی و دەستەیی و تاکەکەسیی.

میدیا وەک میلیشیا

یەکێک لە ئەرکە ھەرە گرنگەکان لە یادکردنەوەی سەد و سیانزە ساڵەی لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەری کوردیدا وازھێنانە لەو درۆ گەورە و زەبەلاحە کە ناوی “میدیای کوردیی“ لێنراوە. ”میدیای کوردیی“ ئەو میدیایە نییە کە بە کوردی دەنووسێت، بە کوردی نووسین ئەو ئامرازە نییە کە شوناسی ئەم میدیایە دەستنیشاندەکات، ئەوەی میدیا لە کوردستاندا دەکات بە میدیای کوردی جێبەجێکردنی سێ ئەرکی سەرەکییە. یەکەم قسەکردنی ئەم میدیایە لەسەر کێشە گەورە و گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردستانی. دووھەم بەخشینی پانتاییە بە سەرجەمی ئەو ڕا و بۆچوونە جیاوازانەی لە کوردستاندا ئامادەیە. سێھەم: ھاوکات چاودێرکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام و چالاکی دەسەڵاتدارێتی کوردییە لە ھەموو ئەو پنت و خاڵانەدا کە دەشێت دەسەڵاتداران دەسەڵات بە شێوەیەکی نایاسایی و بۆ قازانج و دەسکەوتی تایبەتی خۆیان بەکاربھێنن.

ئەم خاڵانەیە ئەم میدیایە دەکەنە میدیایەکی کوردیی ڕاستەقینە، نەک ئەوەی بە کوردیی بنووسیت و بە کوردیی بەرنامە پەخش و بڵاوبکەیەتوە. بە مانایەکی دیکە ئەوەی میدیا لە کوردستاندا دەکاتە میدیایەکی نیشتیمانیی و ئاکارێکی نەتەوەیی پێدەبەخشێت کوردیبوونی زمانی ئەم میدیایە نییە، بەڵکو پەیوەندیی ئەم میدیایە بە کۆمەڵگای ئێمە و کێشەکانییەوە. جێبەجێکردنی ئەو سێ ئەرکەیە کە دەستنیشانم کرد. لەدەرەوەی ئەو ئەرکانەدا ئەم میدیایە ”میدیای کوردی“ نییە، واتە میدیایەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نییە، میدیای کۆمەڵگایەک نییە بیەوێت خۆی بناسێت و لە کێشەکانی تێبگات. بەڵکو شتێکی ترە، میدیای حیزبە، میدیای دەسەڵاتە، میدیای ئەم یان ئەو بەرپرسی سیاسییە، میدیا فڵان یان فیسار سەری ناو مەکتەبی سیاسییە، میدیای سێبەرە. ھتد...واتە میدیای بەر لە دروستبوون و بەرجەستەبوونی چەمکی نەتەوە و نیشتیمانە، میدیای بەر لە دروستبوونی ”میدیای کوردییە“.

کە ئەمە دەڵێم ھاوکات دمەوێت ئەو ڕاستییەش بسەلەمێنم کە میدیا لە کوردستاندا لەسەرەتاکانی دروستبوونیدا لەدایکبوونێکی نەتەوەیی لەدایکدەبێت. دەرکردنی ڕۆژنامەی ”کوردستان“ لە قاھیرە لە ساڵی ١٨٩٨دا بەھەموو مانایەک ڕووداوێکی نەتەوەیی بوو. ھێنانی چاپخانەکەی گیو موکریانی بۆ ھەولێر و گەڕانەوەی پیرەمێرد لە ئەستەمبوڵەوە بۆ سلێمانی و دامەزراندنی چاپخانەی ژین، ڕووداوی نەتەوەیی بوون. ھەم خەیاڵ و ھەم عەقڵیەت و ھەم خەونێکی نەتەوەیی لە پشتی لەدایکبوونی ئەم پرۆژانەوە بوو. پەیامە سیاسیی و فەرھەنگیی و ڕۆشنبیرییەکانیشیان پەیامی وشیارکردنەوەی ئینسانی کورد و پەرەپێدان بوو بە ھۆشیاری نەتەوەییان. بەزۆر مانا ئەم پرۆژانە تەرجەمەکردنی ھۆشیاری نەتەوەیی تازە لەدایکبووی نوخبە خوێندەوار و ڕۆشنگەرەکەی کوردستان بوو، بۆ ھۆشیارییەکی نووسراو لەسەر لاپەڕەی نووسرا و ڕۆژنامەکان، بارگاویکردنی ماناکانی کوردبوون بە مانای نەتەوەیی و کردنی ڕۆژنامە و چاپخانە بوو بە دوو ئامرازی گرنگی دروستکردنی نەتەوە. 

بەڵام بڕی ھەرەزۆری ئەو میدیایەی ئەمڕۆ ھەیە، وەک ووتم لە سەدا نەوەد و ھەشتی، میدیایەکی حیزبییە، ئەرکی نەک دروستکردنی نەتەوە و بەھێزکردنی ھۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی بریتییە لە کورتکردنەوەی کوردایەتیی بۆ حیزبایەتیی و یەکسانکردنی حیزب بە نەتەوە و دانانی کادری حیزبی ”دڵسۆز“ و گوێڕایەڵ لەشوێنی ھاوڵاتیی خاوەن ماف. میدیای حیزبیی میدیایەکی نا نەتەوەیی و نانیشتیمانیی دژە بە بیرۆکەی ھاوڵاتیبوون و ھاونیشتیمانیبوونە. لەڕاستیدا میدیای حیزبیی میدیای ئیھانەکردنی نەتەوە و نیشتیمانە لەڕێگای بە موقەدەسکردنی حیزبەوە، ھاوکات میدیای ئیھانەکردنی ئینسانی کوردیشە لەڕێگای کورتکردنەوەی ئینتیماکانی ئەم ئینسانە بۆ ئینتیما حیزبییەکەی. ئەمەش وایکردوە یەکێک لە دەرەنجامە ھەرە مەترسیدارەکانی کارکردنی ئەم میدیایە وێرانکردنی وشیاری نەتەوەیی و ھەستی نیشتیمانیی و بیرۆکەی ماف و ھاونیشتیمانیی یەکسان بێت. 

بێگومان ئەم میدیا حیزبییە و خاوەنەکانیان ھەمیشە باس لە ”بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان“ دەکەن و باس لە ”پاراستنی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستانی“ دەکەن، وەکچۆن باس لە ”ئەرک و لێپرسراوی“ گەورەی ڕۆژنامەنووسان دەکەن و بەڵێنی ”دابینکردنی ئازادیی و ڕێز“ بە ڕۆژنامەکاران دەدەن. کەچی ئەوەی بە کردەوە دەیکەن و ئەنجامیئەدەن، پروپاگەندەیەکی ھەرزانە بۆ دەسەڵاتێکی سوڵتانیی حیزبیی کە سڵ لەوە ناکاتەوە بۆ پاراستنی قازانجی خۆی، کەناڵەکانی میدیا بسوتێنێت، تەشویش بخاتە سەر تەلەفیزۆنەکانی تر، ڕۆژنامەنووسان بگرێت و ئیھانەبکات و بکوژێت. کەم میدیا ھەیە لە دونیادا وەک ئەم میدیا کوردیەی ئەمڕۆ بەدەم بوقی شتێک لێبدات و بە کردەوە پێچەوانەکەی ئەنجامبدات. 

ئەرکی سەرەکی ئەم میدیا حیزبییە شاردەنەوە و مکیجاکردنی ناشیرینییە گەورەکانی حیزب و بەرپرسەکانیەتی. ئەم میدیایە گەمەیەکی سووک و گاڵتەیەکی ڕەش بە عەقڵ و خەیاڵی ئینسانی ئێمەدەکات و درۆ و ساختەکارییەکانی حیزب بە نرخی ھەقیقەتی نەتەوەیی دەفرۆشێتەوە. لە بیست ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگای ئێمەدا کارەسات و ڕووداوێکی خوێناوی نادۆزینەوە ئەم میدیایە ئاراستەکراوە ڕۆڵێکی کوشندەی تێدانەگێڕابێت. شەڕی ناوخۆ بەرلەوەی ببێت بە شەڕ و ھێرشی چەکدارانەی خوێناوی ھێزەکان بۆسەر یەکتریی، شەڕی کەمپە جیاواز و دوژنمکارەکانی میدیا حیزبییەکان بووە لەگەڵیەکدا. ھەمیشە ئەم میدیایە یەکەمجار شوتی خەتەرەکانی لێداوە، ئینجا دوای ئەوە کەتیبە چەکدارەکان و میلیشیاکان جوڵاون. بەر لەوەی شەڕکەران لە بەرەکانی جەنگ بکوژرێن و بریندارببن، لەم میدیایەدا کەسایەتی مەعنەویی و بوونیی ڕەمزیی ئینسانەکان وێرانکراون. لەڕاستیدا میدیای حیزبی ھەمیشە یەکێک بووە لە کەتیبە ھەرە بەد و ھەرە نابەرپرسەکانی حیزب و ڕۆڵی ئەو لە ڕۆڵی میلیشیا و لەشکرە تایبەتەکانی حیزب مەترسیدارتر و تێکدەرتربووە. ھیچ شتێک لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ڕۆڵی لە قوڵکردنەوەی دابەشبوونی کوردستاندا نەبینیوە بەڕادەی ئەم میدیایە و ھیچ شتێک بەقەد ئەم مدیایەیەڕێگرنەبووە لە درورستبوونی چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی.

لەمەش بترازێت ئەم میدیایە بەردەوام لە ڕیزی دەسەڵاتدابووە دژ بە کۆمەڵگا، لە ڕیزی دەسەڵاتداراندابووە دژ بە ھاوڵاتیان و لەڕیزی حیزبدا بووە دژ بە نیشتیمان. کەی پێویستیشی کردبێت ھێرشیان کردۆتە سەر ھەموو ئەو موقەدەسانەی حیزب موقەدسبوونی لێسەندونەتەوە و ئەو حەرام و خراپەکاریانەشیان بە موقەدەس کردوە کە حیزب ویستویەتی. لە ھاوکێشەی نێوان حیزب و دونیادا ئەم میدیایە ھەمیشە و ھەردەم لە بەر قاپی حیزبدا زەلیلانە ھەڵتروسکاوە. 

لەم ڕۆژانەدا و لەیادی سەد و سیانزە ساڵەی یادکردنەوەی میدیای نیشتیمانیی و نەتەوەیی ئێمەدا، ھیچ لەوە گرنگتر نییە دان بە مەترسییەکانی ئەو میدیای حیزبییە ئاراسەکراو و پڕ درۆ و پڕوپاگەدەیە بنێین، کە ئەمڕۆ لەھەموو کونوقوژبنێکی کوردستاندا ئامادەیە. بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەمی ئەو دەزگا و ناوەند و دەزگا میدیاییە حیزبییانەی لە کوردستاندا دروستکراون، مەحاڵە ھیچ ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی لە کوردستاندا ئەنجامبدرێت. شەرمێکی گەورەیە ئەو میدیا حیزبییە وەک میدیای کوردیی ببینین و مامەڵەبکەین.


22/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر