بۆ زارای محەمەدی: سوپاس بۆ ژنێک کە بە مەرجەوە دەژیی

مه‌ریوان وریا قانع

 

بڕیاری زیندانیکردنی زارا محەمەدی بۆ ماوەی دە ساڵ لەبەرئەوەی وانەی زمانی بە کۆمەڵێک خوێندکار گوتوەتەوە، تاوانێکە مەگەر تەنھا لەناو سیستمێکی سیاسیی و یاسایی ھاوشێوەی ئەوەی ئایەتوڵاکانی ئێراندا دەربچێت. وێناکردنی زمان وەک ھەڕەشە، وەک مەسەلەی ئاسایش، تەعبیرە لە فۆبیایەکی سیاسیی و ئەمنیی، لە عەقڵیەتێکی سیاسیی ترسناک، کە ئاکاری سەرەکیی ئەو ڕژێمەیە لە ئێراندا حوکمڕانیی دەکات. لە سەدەی بیستەمدا و لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا کە دروستدەکرێن. کورد دووچاری دوو کێشەی سەرەکیی دەبێت. یەکەمیان کێشەی بە ”کەمینەبوون“ە لە چوارچێوەی چەند دەوڵەتێکی نادیموکراس و ستەمگەردا کە سنورەکانی ئەو دەوڵەتانە وەک پێدراوێکی موقەدەس وێنادەکەن. دووھەمیان بە ”ئەمنیکردنی“ سەرجەمی خواست و داخوازییە سادە و دەستەجەمعیەکانی ئەم بە کەمینەکراوەیە و سەریکردنیەتی وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی. ئەوەی لە دۆخی ئەم خانمەدا دەیبینین کۆبوونەوە و بەرجەستەبوونێکی ئاشکرای ھەردوو کێشەکەیە. یەکەمیان کورتکردنەوەی کوردە لە ناو سیستمی حوکمڕانی ئەمڕۆکەی ئایەتوڵاکانی ئێراندا بۆ کەمینەیەکی بێماف. دووھەمیان سەیرکردنی ھەر مافێک لە مافەکانیەتی، بە مافی فێربوون و خوێندنی زمانەکەیەوە، وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی.


زمان موڵکی ئەوانەیە کە قسەی پێدەکەن، بەشێکە لە شوناس و ئاکاریان، ئامرازیی پەیوەندییکردنی ئەوانە بە جیھان و بە یەکتریی و بە خۆشیانەوە. ھەر مامەڵەکردنێکی زمان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنی، تەعەداکردنێکی ڕاستەوخۆیە لە سەرەتاییترین مافی ھەڵگرانی ئەو زمانە و لە مرڤبوونی ئەوان. پاراستنی زمان بەشێکە لە پاراستنی پلورالبوونی جیھان و پلورالبوونی مرۆڤەکان. ئەوەی بەرامبەر بەم خانمە ئەنجامدراوە تەنھا تەعداکردنە سەر مافی ئەو نییە وەک مرۆڤێک و سەر زمانەکەی وەک زمانی میلەتێک، بەڵکو تەعداکردنیشە لە پلورالبوونی جیھان و لە فرەیی مرۆڤەکان.ڕژێمی ئایەتوڵاکان ڕژێمێکە لە دەرەوەی مێژوودا و لە دەرەوەی مافە ھەرە سادەکانی مرۆڤدا. ڕژێمێکە بە سەدان شێوە تاوانبار و بە سەدان شێوە ترسناک. ڕژێمێک دژ بە مرۆڤ لە مانا ھەرە سادەکانی مرۆڤبووندا، دژ بە مرۆڤ وەک خاوەنی زمانێک لە زمانە زۆرەکانی جیھان.
ئەوەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا حوکمڕانییەک لە ئارادابێت لە بوونی زمانێک بترسێت، پێشئەوەی شتێک لەسەر زمانەکە و ھەڵگرەکانی بڵێت، شتێک لەسەر ئەو حوکمڕانییە دەڵێت: حوکمڕانییەک دژ بە ئینسان، چنراو بە تاوان و بە سوکایەتیکردن بە سادەترین مافەکان.


سڵاو لەم خانمە ئازا و خاوەن ئیرادەیە، لە مرۆڤێک لە سەختترین ساتیشدا ڕازینییە بەبێ مەرج و بەبێ ڕێزگرتنی خۆی و ڕێزگرتنی زمانەکەی وەک بەشێک لە خۆی، بژیی.


17/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر