شێرکۆ بێکەس و تراژیدیای کوردبوون

مه‌ریوان وریا قانع



”ههرکەسێک سەرنجێکی خێرا لە کارە شیعرییە زۆرەکانی ئەم پیاوە بدات، سەری لەناوی ئەو ههموو مرۆڤ و شاخ و تەپۆڵکە و گوند و شار و لادێ و شەقام و کۆڵان و قەڵا و بەرزایی و شەهید و گۆرانیبێژ و شاعیر و پێشمەرگە و عاشق و ئافرەت و کرێکار و قوتابیی و مۆسیقار و خائینە کوردانە، سوڕدەمێنێت کە لەجوگرافیای فراوانی ئەم شیعرەدا ئامادەن.

مرۆڤ لەبەردەم کارە ئەدەبییەکانی ئەم پیاوەدا وا هەستدەکات گەر ئەم شاعیرە بیتوانیایە و بۆی بکرایە ههموو کوردی مرۆڤ بە مرۆڤ و دەغڵ بە دەغڵ و کارەسات بە کارەسات، دەخستە ناو شیعرەکانییەوە و دەیگەڕاندنەوە بۆ ئەو سەرەتای سەرەتایانەی کە تراژیدیا سیاسییەکە بوونی نەبووە، کە کەس لە مێژوو دەرنەکراوە، کە مرۆڤ تیایدا مرۆڤ بووە بە مانا ئینسانیی و ئەخلاقیی و ئیستاتیکییەکانییەوە. دەیگەڕاندنەوە بۆ ئەو زەمەنەی کە ڕێ لەوەدەگرێت مرۆڤ شوێنێکی پەراوێزیی پێببەخشرێت و لە نێوان ژیان و سزادا مەسافەیەک نەھێڵدرابێتەوە. کە باس لە ههموو کورد دەکەم، باس لەشوناسێکی ئەتنی ناکەم، بەڵکو مەبەستم سەرتاپای ئەو دونیا و دۆخە تراژیدییەیە کە شوناسی کوردبوونی وەک یەکێک لەقوربانییە گەورەکانی سەدەی بیستەم دروستکردوە، باس لە دۆخی منداڵێک دەکەم لەقەڵایەکی سەخت و قایم دەرکرابێت و هەموو دەرگاکانی قەڵاکەش بەجۆرێک ھەڵچنرابن، سەرجەمی ڕێگاکانی بەڕووی گەڕانەوەی ئەو مناڵەدا داخستبێت. بەڵام ھاوکات منداڵێک کۆڵنەدات و وەڕسنەبێت لە ھەوڵی بەردەوام بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، بە ههموو ئەو ئازار و گرفت و نەهامەتیی و نائومێدییانەوە کە ئەم ههوڵی گەڕاندنەوە زەحمەت و هەندێکجار مەحاڵە، دەیناھێنێتە کایەوە. ھەوڵدانێک وەک ووتم سەرێکی لەناو ئیستاتیکای وێرانکاریی و دەرکردندایە و سەرەکەی تری لەناو ئیستاتیکای شۆڕش و یاخیبووندا.

 

کوردبوون لای شێرکۆ بێکەس جگە لە ئەزموونی دەرکردن و بێماڵیی، ئەزموونی تێکەڵبوونی تراژیدییایەکی بەردەوامیشە بە ئیستاتیکا و وێرانەکانی شۆڕش و یاخیبوون. کوردبوون لای شێرکۆبێکەس ناوێکە بۆ ئەم گشتە ئاڵۆز و تاریک و غەمبار و خەوناوییە.“


پەرەگرافێک لە وتاری ”شێرکۆ بێکەس و کوردبوون: سەبارەت بە ئازادیی و خۆشەویستیی و شەھیدبوون.“. ئەم وتارە لە کتێبی ”بێدەنگیی و بێماڵیی“دا بڵاوکراوەتەوە.


06/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر