دانپیانان لە ژوورە تاریکەکاندا

مه‌ریوان وریا قانع

 

حکومەتی ھەرێم لە زاری نوێنەرەکەیەوە باس لەوەدەکات ڕۆژنامەنووسێکی ڕفێنراو لەناو ماڵ و منداڵی خۆیدا و بێسەروشوێنکراو لە ماوەی ڕبروودا ”دانی بەوەدا ناوە“ کە ”یارمەتی دارایی دەرەکیی“ وەرگرتوە بۆئەوەی لەڕێگای نووسین و قسەکردنەوە پشێوی لە ھەرێمدا بنێتەوە، حکومەتی ھەرێم ناشیرین بکات و قسەی نەشیاو بە بەرپرسان بڵێت، لە ئەنجامیشدا ئاسایشی ھەرێمەکە بخاتە مەترسییەوە.

بۆ کەسێک کەمەکێک شارەزای شێوازی حوکمڕانیی ھەندێک لە سیستمە سیاسییە ھەرە ناشیرینەکانی سەدی بیست بێت مۆدێلی ئەم جۆرە شانۆگەرییە گەمژانەیە بە ئاسانی دەناسێتەوە. کەس ھێندەی ڕژێمەکەی ستالین لە دروستکردنی شانۆگەریی ساختەی ”دانپیانان“دا شارەزانەبوو، بەجۆرێک ئەنجامدانی ئەم شێوازە لە شانۆگەریی دانپیانان، یەکێکە لە تەکنیکە سەرەکییەکانی دیاردەی ستالینزیم لە سەدەی بیستەمدا، بەعسییەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەدام حوسەینیش شتێکیان لە ڕژێمەکەی ستالین گەڕابووەوە، وەک ستالین، سەدام ھاوڕێکانی دەگرت و بەر لە کوشتنیان ناچاری دانپیانانی ساختەی دەکردن، ئینجا بە ڤیدیۆ دانپیانانە ساختەکانی بەناو ڕیزەکانی حیزبەکەدا بڵاودەکردەوە.. زۆرێک لە ڕژێمە ستەمگەرەکانی تری دنیا بەم مەھزەلەی ”دانپیانان“ەدا تێپەڕیون و بەشێکبووە لە تەکنیکی ترساندن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا.

ئەوەی مایەی پێکەنین و بەزەییە لەم شانۆگەرییە ناشیرین و گەمژەییانەی حکومەتی ھەرێمدا ئەوەیە تێکدانی ئاسایشی ھەرێمەکە بە قسەی ڕۆژنامەنووسێکەوە گرێئەدات لە دۆخێکدا ٩٥ لە سەدی دەزگا میدییایە جۆربەجۆرەکان، تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و کەناڵە ساتالایتەکان و ڕۆژنامەکان و سایتەکانی سەر ئینتەرنێت، موڵکی پارتە سیاسییەکان و لەناو پارتەکانیشدا موڵکی کەسە پارەدار و دەسەڵاتدارەکانی ناو ئەو پارتانەن. ئەم میدیایە ڕۆژانە درۆ و پڕوپاگەندەی ڕێکخراو بۆ ئەو کەسانە و پارت و ھاوپەیمنەکانیان دەکەن. کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کەناڵە میدیاییەکان یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی حوکمڕانیەکەی ھەرێم. ژمارەی دەنگە میدیاییە سەربەخۆکان بە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن، لەبەرامبەر ئەو لەشکرە گەورەیە لە ڕۆژنامەکار و دەزگای میدیایی ئاراستەکراودا.

لە ھەمووی بێماناتر تۆمەتبارکردنی ئەو ڕۆژانەنووسەیە بەوەی کە وێنەی حکومەتی ھەرێم و بەرپرسەکانی ناشیرین دەکات، وەک ئەوەی حکومەتی ھەرێم و بەرپرسەکانی فریشتەبن و ھەموو دونیا سوێدن بەسەری ئەوان بخوات. ڕاپۆرت و ئۆرگانە نێودەوڵتیەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی چاودێریکردنی گەندەڵیی و ڕێکخراوەکانی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنەمگەریی، ھەر ھەموویان حکومەتی ھەرێم وەک یەکێک لە ڕژێمە ناشیرینەکانی دونیا نیشانئەدەن.
شێروان شێروانی سەرچاوەی دروستبوونی ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان نییە تا ێەو بەلاڕاێیاندا ببات، ئەو سەرچاوەی پشتکردنی خەڵکی کوردستان لە پارتە سیاسییەکان و لە حکومەتی ھەرێم نییە. بەرپرسانی کوردستان خۆیان و حکومەتەکەیان سەرچاوی ئەو ھەموو ناڕەزایەتیی و تووڕەبوونن کە ساڵ لە دوای ساڵە لە کوردستاندا کەڵەکەدەبێت، بەجۆرێک پردێک بۆ گفتوگۆ لەنێوان کۆمەڵگا و ئەو دەسەڵاتدارانەدا نەماوەتەوە.

ئەم بەرپرسانە دەڵێی لەو وڵاتەدا ناژین کە حوکمڕانیی دەکەن. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردن و یارییە پڕ تەزویرەکەی ھەڵبژاردنی ھەرێمیان کرد. ئەم بەرپرسانە و حکومەتەکەیان، بە تایبەتی دوو ھێزە حوکمڕانکەی کوردستان، لە باشترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی ٢٠ لە سەدی خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەن و ٨٠ لە سەدەکەی تری وەک دز و جەردە و تاوانبار سەیریان دەکەن.

بە کورتییەکەی، بڵاوکرنەوەی گومانلێکراوی دانپیانانی ناو ژورە تاریەکەکان دەرکەوتێکی تری ناشیرینبوونی سەرتاسەریی ئەم حوکمڕانییە سوڵتانییەیە.


12/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر