کاتێک سیاسیەکان وەک شاعیرەکان قسەدەکەن

مه‌ریوان وریا قانع

سیاسەت و شیعر دوو شتی لەیەکتری جیاوازن، یەکەمیان چالاکییەکی ئینسانییە پابەستە بە دروستکردنی ژیانێکی گشتییەوە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە لەناو جیھاندا دروستیدەکەن، دووھەمیان چالاکییەکی تاکەکەسییە و لەناو زماندا و کەلەپورێکی ئیستاتیکی تایبەتدا ئەنجامئەدرێت. سیاسەت بەرپرسیارێتیی بەتەنگەوەھاتنی پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی عەقڵانیی ئاراستەی دەکات. شیعر کردەی دەسکاریکردنی زمان تا ئەو ئاستەی بتوانێت ئەو شتانە بڵێت کە بە زمانی سادەی ڕۆژانە ناگوترێن. سیاسەت لە خەم و ژیان و قازانجی گشتییەوە ئاڵاوە و بەرامبەر بەو شتانە بەپرسیارە، شیعر کردەیەکی تاکەکەسییە و جگە لەبەرپرسیاریەتیەکی ئیستاتیکیی ھیچ بەرپرسیارییەتییەکی دیکەی نییە. ئەگەر ئیشی سیاسەت دروستکردنی دونیا و پەیوەندیی دیالۆگیی ھاوبەش بێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئیشی شیعر، لەزۆر ئاستدا، تێکدانی دونیا و فۆرم و شێوازی باڵادەستیی پەیوەندییەکانە. 

ئەوەی کە سیاسەکانی کورد بە زمانی شیعر قسەدەکەن و وەک شاعیرێک لەناو ڕووبەری گشتیدا دەردەکەون، ھێما بۆ شاعیربوونی ئەوان ناکات، بەرھەمی ھەبوونی بەھرەیەکی ئەدەبیی لەپاڵ بەھرەی سیاسیاندا نییە، بەڵکو ھێما بۆ لەسیاسەتکەوتنی ئەوان وەک سیاسی دەکات و پەیوەستە بە ئیفلاسکردنێکی تەواوەتیی سیاسەتەوە وەک سیاسەت.

ساڵانێکە سیاسییەکانی ھەرێم لەوە کەوتون سیاسیبن، ئەوان بازرگان، کۆنتراکتچی، خاوەن کۆمپانیا و بانک و تۆڕی بازرگانین، بزنسن مانن و خاوەنی ھێزی سەربازیی تایبەتن، کوڕی خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانن و  ھەمووشتێکیان بە ویراسیی بۆ ماوەتەوە. ھیچ یەکێک لەم پێگە و ئاکارانە ئەوان ناباتەوە ناو سیاسەت، بێگومان سیاسەت بەمانای چالاکی ڕێکخستنی ژیانی گشتیی و کارکردن بۆدەستەبەرکردنی قازانجی گشتیی. 

 

ئێستا ئیتر کە سەرجەمی ئەو پێگانە لە قەیرانێکی سەرتاسەریدان، پەنابردن بۆ شیعر ئەو میکانیزمە تازەیەیە کە لێرە و لەوێ بەرچاومان دەکەوێت. بەڵام ڕاستییەکی سادە ھەیە کە پێماندەڵێت: ھەوڵدانی سیاسیی بۆئەوی ببێت بە شاعیر، شاعیرێک لەناو سیاسەتدا، یان شاعیربوون لەناو سیاسییبووندا، وەک میکانیزمێک بۆ ھەڵاتن، ھەم وێرانکردنی سیاسەت و ھەم وێرانکردنی شیعریشە لەھەمانکاتدا. ئەگەر ئیشی شاعیرەکان ئەوەبێت مژدە بە بوونی دنیایەکی باشتربدەن، ئیشی سیاسییەکان ئەوەیە ئەو دونیایە دروستبکەن. لادان لەم شێوە ساکارەی دابەشکردنی کار، ھەڵاھانتە لەبەرپرسیارێتی. 

 

ئەوەی ئەم ماوەیە لە زۆرێک لە سیاسیە گەنجەکانی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکانی دەیبیستین و دەیبینین، گیرخواردنی سەرتاسەریی ئەوانە بەدەست سیاسەت خۆیەوە، وەک چالاکی ژمارە یەکی ئەوان. لەباتی ئەوەش پەنابردن و باوەشکردن بە شیعر و زمانی شیعردا. ئەمەش وەک ووتم تەنھا وێرانکردنی سیاسەت و وێرانکردنی شیعر نییە بەتەنھا، بەڵکو ھەوڵدانێکی نائومێدانەیە بۆ داپۆشینی ئەم گریخواردنە و داپۆشینی سەرجەمی ئەو قەیرانە گەورانەی لەم گیرخواردنەوە لەدایکدەبن.


02/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر