دەربارەی دەسەڵاتی داوەریی

مه‌ریوان وریا قانع

ئەوەی کە دەسەڵاتی داوەریی لە ھەرێمی کوردستاندا، وەک زۆربەی دەسەڵاتەکانی تر، لە ژێر ڕەحمی خێزانە حوکمڕانەکانی ھەرێم و بازنە تەسکەکەی دەوری ئەو خێزانانەدایە، ئەوەی یاسا لە ھەرێمەکەدا بووە بە ئامرازی سەپاندنی خواست و ویستی ئەو بنەمالە و نوخبە سیاسییانە، ئەوەی زۆرجار دەمامکێکی یاسایی بەسەری ئەنجامدانی تاوانەکاندا دەکرێت، شتێک نییە زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێم نەیزانن. ئینسان پێویستی بەوە نییە پرۆفیسۆری بواری یاسا و چۆنیەتی ئیتشکردنی دادگاکان و پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بێت لەیەکتر، بۆئەوەی ئەو ڕاستییە سادەیە بزانێت. لە کوێدا زەوق و خواستی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بخوازێت، لەوێدا یاسا دەگۆڕدرێت بە ھێزێک بۆ ئەنجامدانی تاوان. یاسا لەوەدەکەوێت ئامرازێک بێت بۆ پیادەکردنی شتێک لە دادوەریی، بەڵکو دەبێت بە میکانیزمێکی گرنگ و بنەڕەتیی ئەنجامدانی تاوان. یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەو سیستمە سوڵتانییە ئەوەیە کە یاسا لە یاسابوون دەخات و بەمەش سەرجەمی سیستمی داوەریی لەوەدەخات کاری داوەریکردن بێت. 

پێموایە خەڵکانێکی زۆر حیکایەتی تایبەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم لە دادگاخستنەی دادگاکان و دانانی لە ژێر ڕەحمەتی سیستمە سوڵتانیەکەدا، ھەیە. ساڵانێک لەمەوبەر خزمێکی من لەسەر نووسینێکی کورت لە ڕۆژنامەیەکدا گیرا. بەپێی یاسا دەبوایە بە کەفالەتێکی ئاسایی بەرببێت تا ڕۆژی دادگاکردنەکەی. بەڵام داوەرەکە لە ھەولێر ئەمری گرتنی بۆ دەرکرد و لە زیندان گلیاندایەوە. دوای ئەوەی کەسوکار و ناسراوەکانی ھەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئازادکردنی، ڕۆژێک داوەرەکە گەیشتە تینیی بە ئاشکرا بە کەسوکارەکەی ووت: ئەم کوڕە بە ئەمری فڵان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی  پارتی گیراوە. نامەیەک لەوەوە بھێنن من ئازادی ئەکەم. بەوجۆرە ئەو کوڕە ماوەیەکی درێژ لە زیندان مایەوە تا کابرای مەکتەبی سیاسیی لێیخۆشبوو. وەک ووتم زۆرکەس لەو ھەرێمەدا حیکایەتێکی لەو بابەتەی لەگەڵ ئەو سیستمی داوەرییە کۆنترۆڵکراو و لەڕێگای ئەویشەوە لەگەڵ ئەو سیستمە سوڵتانییە خێزانیەدا، ھەیە. 

کەمالی سەید قادر نموونەیەکی ترە. ئەم نووسەرە لەسەر چەند لاپەڕەیەک نووسین، دادگا لە ھەولێر سی ساڵ، بەڵی سی ساڵ، زیندانیان بەسەردا سەپاند. ٣٠ ساڵ زیندانی لەسەر وتارێکی ٤ بۆ ٥ لاپەڕەیی. دواتر بە فشاری ئەمریکا و وڵاتانی تر کەمالی سەید قادر لەناو زیندان دەرھێنرا. 

دوێنێش کاک لوقمان مستەفا ساڵح، کە خۆی پارێزەرە و شارەزای چۆنیەتی کارکردنی سیستمی داوەرییە لە ھەرێم، لە نووسینێکدا بە ئاشکرا ڕونیکردەوە و نیشانیدا کە لە کەیسی گیراوەکانی بادیناندا دادگا نەک بێلایەنە کارینەکردوە، بەڵکو بە نایاسایی و لەژێر فشاری حیزبیدا گیراون. ئەم پارێزەرە باس لەوەدەکات  ”ھیچ بەڵگەیەکی مەڵموس” بوونی نەبووە بۆ گرتنی ئەو کەسانە و لەڕووی یاساییەوە گرتنەکەیان تەواو نایاساییە. جگە لەمە کاتێک باس لە  داواکاری گشتیی دەنوسێت، ئەو وەک داواکاریی گشتیی کارینەکردوە بەڵکو ” ڕۆڵ و ھەڵوێستی سکاڵاکاری بینیوە..!!“. سەبارەت بە بڕیاری گرتنەکەش دەنووسێت ”ئەم بریار ە ناڕەوایە“ و ”بەئاشکرا فشاری حیزبی پێوەدیارە“.

بە کورتییەکەی ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات ئیشکردنی دادگاکانە بەزەوق و ویست و خواستی کوڕان و پیاوانی خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، ئیرادەیەکی سوڵتانی خەریکی بێنرخکردنی ھەمووشتێکە، لە بێنرخکردنی دادگکانەوە بۆ بێنرخکردنی یاسا خۆی. بێگومان پێشئەوان بە بێنرخکردنی تەواوی مرۆڤ و مافەکانی.


18/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر