د. هێرش ره‌سوڵ
ماوه‌ی رابردو، بۆ عیراق و هه‌رێمی کوردستان و هاونیشتمانییان، کۆمه‌ڵێ مانگ و هه‌فته و رۆژ و سه‌عاتی تاڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌ستییار و تاقه‌تپڕوکێن و بێزارکه‌ر بون.. چونکه له‌و ماوه‌یه‌دا (به تایبه‌ت له 28 رۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا) هه‌م مێشکمان هیلاک بو، هه‌م چاو و گوێمان!
له رۆژانی که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردندا، له‌گه‌ڵ ده‌یان ده‌موچاو و روخسار به‌ریه‌ککه‌وتین، چه‌ندین دروشم و ئاڵا و لۆگۆ و رێکڵاممان بینین، گوێمان له به‌ڵێن و گفتی جۆراوجۆری لیست و کاندیده جیاوازه‌کان بو، مێشکمان به هه‌راوزه‌نای جۆراوجۆری حزب و پاڵێوراوه‌کان پڕکرا، ئیتر وا بزانم کاتی ئه‌وه‌یه هه‌مومان پشو بده‌ین و ده‌رگای قۆناغێکی دیکه‌ی ژیانی سیاسی و کارگێڕی له‌سه‌ر نیشتمانه‌که‌مان بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دایه: ئه‌مه چۆن و به چی ده‌بێت؟
به‌ر له‌هه‌ر شتێک، ده‌بێ ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت، هه‌ڵبژاردن وه‌ک بنه‌مایه‌کی گرنگ و سه‌ره‌کیی دیموکراسی، خۆی له‌پێناو قوڵکردنه‌وه‌ی جیاوازی و گیانی یه‌کترقبوڵکردن ئه‌نجامده‌درێت، که‌واته هه‌ر لادانێک له‌م پرنسیپه به‌لاڕێدابردنی ئامانجی هه‌ڵبژاردنه. دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش پێویسته به کرداری ئه‌مه ره‌نگبداته‌وه.
ئه‌نجامه به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستانیش له 30ی نیساندا، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مو خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کان دوپاتکرده‌وه، که ئیتر هیچ لایه‌ک تاسه‌ر نه براوه و نه دۆڕاوه، به‌ڵکو هه‌مومان براوه‌ین، به‌ڵام پێویسته ئه‌مه له کۆی جومگه سیاسی و کارگێڕییه‌کاندا ره‌نگبداته‌وه و پێکه‌وه‌کارکردن بکرێته په‌یام و ئامانج. به‌یه‌که‌وه‌کارکردن له پارله‌مان، حکومه‌ت، ته‌نانه‌ت پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێییش به بێ یه‌کتر سه‌رناگرێت و سه‌رکه‌وتونابێت.
ئەم هەڵبژاردنانە دەریانخست، پێویستە لایەنەكان هێورتر مامهڵهبكەن، گوتاری هێمنانه پێشکه‌ش بکه‌ن، له‌مه‌ش زیاتر، پێویسته پانتایی كاری هاوبەش فراوانتر بکه‌ن و زمانی دیالۆگ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بخه‌نه‌گه‌ڕ، به تایبه‌ت یه‌کێتیی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان که خاڵی هاوبه‌ش و نزیکیان ئێجگار زۆره و، ده‌رفه‌ت له‌باره بۆئه‌وه‌ی ناکۆکیی ساته‌وه‌ختی بانگەشە بەجێبهێڵن و واز لە ته‌شه‌نوجاتی بێ‌مانا بهێنن و، ئیدی به‌ره‌و پێکه‌وه‌کارکردن هه‌نگاوبنێن.
یه‌کترقبوڵکردن و بهیهکهوهکارکردنیش به‌و مانایه نا که سازش له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌کانیان بکه‌ن بۆ خزمه‌تکردنی نیشتمان و هاونیشتمانییان.. یان جیاوازییه‌کانیان کاڵبکه‌نه‌وه و خۆیان له ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه گه‌وره‌کان بدزنه‌وه و چاو له ئاست که‌موکوڕی و یاساشکێنییهکان بنوقێنن، به پێچه‌وانه‌وه پێویسته کارکردنیان وه‌ک تیمێک له داموده‌زگا جیاوازه‌کانی ده‌وڵه‌تدا پتر گیانی چاودێرکارییان تێدا قوڵ بکاته‌وه، بۆ باشکردنی ئه‌دا و سه‌رکه‌وتنی کاره‌کانیان.
با چیدی کوردستان به گشتی و پارێزگای سلێمانی به تایبه‌ت نه‌کرێنه قوربانیی ململانێ حزبییه‌کان و، نیشتمان له بێئاگاییدا به سته‌مکاری و قۆرخکاری و تاکڕه‌ویی هێزێک نه‌سپێردرێت. ئیتر کاتی به‌یه‌که‌وه‌کارکردنه، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه‌کارکردنی فیعلی، نه‌ک شکلی!