ئەم غەدرە لە خوێندکارانی پارێزگای سلێمانی تاکەی؟

د. هێرش ره‌سوڵ
(نامەیەکی کراوە بۆ لایەنە پەیوەنددارەکان)

دەروازە
بە هۆی سروشتی کارەکەمەوە، رۆژانە گوێبیستی رەخنە و سکاڵا و نیگەرانیی خوێندکاران و کەسوکاریان دەبم، کەوا دەرچوی پۆلی ١٢ی ئامادەیین، و پێیانوایە بە گوێرەی نمرەکانیان لە بەش و رشتەکانی زانکۆ وەرنەگیراون.
راستییەکەی، ئەم بابەتە نوێ نیە، چەند ساڵێکە خوێندکارانی دەرچوی ئامادەیی نیشتەجێی پارێزگای سلێمانی پێیەوە گیرۆدەن و هەستدەکەن غەدریان لێدەکرێ و رەنج و شەونخونییان بەبادەدرێت.
هەروا خستنەڕو و رەخنەلێگرتنیشی هەر نوێ نیە، جگە لە خوێندکاران خۆیان، زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانییش (سلێمانی، راپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان، پۆلیتەکنیکیی سلێمانی، چەرمو) بەردەوام لە رێگەی نوێنەرەکانییانەوە لە لیژنەی باڵای خوێندن و پلانی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم (کە بریتین لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکان، یان بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆکان) لە کۆبونەوەکانی لیژنەکەدا داوای پێداچونەوەیان بەو سیستمە کردوە.
هەر دەربارەی ئەم پرسە چارەنوسسازە، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، نوێنەری شەش زانکۆکەی پارێزگای سلێمانی بە یاداشتێک هەمان داوامان ئاراستەی بەڕێزان وەزیر و ئەنجومەنی وەزارەت کردەوە، و وێنەشمان پێشکەشی لیژنەی خوێندن و پەروەردەی پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتەوەختە هیچ بەرهەمێکی نیە.
پوختەی کێشەکە
پوختەی کێشەکە ئەوەیە کە، سیستمی وەرگرتنی ناوەندیی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کەموکوڕی زۆرە، بە تایبەت بڕگەی (گشتی، پارێزگا)، کە وەرگرتنی ناوەندیی خوێندکارانی لە یەک بازنەوە کردۆتە سێ بازنە، لە کاتێکدا ساڵانی رابردو لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانیش هەر یەک بازنە بوە، وەکچۆن تاکو ئێستاش لە عیراقدا هەر یەک بازنەیە.
بەمجۆرە خوێندکارانی ئامادەییەکانی سنوری هەر پارێزگایەک لە زانکۆکانی سنوری پارێزگاکەی خۆیان لەسەر بنەمای (پارێزگا) و لە زانکۆکانی سنوری پارێزگاکانی تریش لەسەر بنەمای (گشتی) وەردەگیرێن، واتە ٨٠% کورسیی زانکۆکان بۆ خوێندکارانی پارێزگاکەی خۆیان و ٢٠%یش بۆ دەرەوەی پارێزگاکە دەبێت، لەم بارەشدا زیانمەندی یەکەم خوێندکارانی ئامادەییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەبن، چونکە بە هۆی زۆریی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (کە لە واقیعدا خۆی چوار پارێزگایە لەناو یەک پارێزگادا:
سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین) و لە ژمارەی دانیشتوانی هەریەک لە دو پارێزگاکەی دیکەی هەرێم زیاترە، هاوکات ساڵانە ژمارەی خوێندکارانی دەرچوی پۆلی (١٢)ی ئامادەییش لە هی دو پارێزگاکەی تر زیاترە، لە کاتێکدا بەراورد بەو رێژەیە، ژمارەی بەش و رشتەی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە ژمارەی بەشی زانکۆکانی هەردو پارێزگاکەی دیکە کەمترە، بە تایبەت کۆلێژە پزیشکییەکان و کۆلێژە ئەندازیارییەکان.
ژمارەی خوێندکارانی دەرچو
ئەگەر ژمارەی خوێندکارانی دەرچوی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی) لە نێوان هەر سێ پارێزگاکە بەراورد بکەین، دەگەینە ئەوەی کە ژمارەی خوێندکارانی دەرچو لە پارێزگای سلێمانی (٥٦٢٣) لە هی پارێزگای هەولێر و (٩١٤٦)یش لە هی پارێزگای دهۆک زیاترە، هاوکات رێژەی (٤۱.٤۷٪)ی کۆی گشتیی هەمو دەرچوانی هەرێم پێکدێنن، بەمجۆرە:
پارێزگای سلێمانی: (٢٥٠٨٥) خوێندکار
پارێزگای هەولێر: (١٩٤٦٢) خوێندکار
پارێزگای دهۆک: (١٥٩٣٩) خوێندکار
کۆی گشتی: (٦٠٤٨٤) خوێندکار
بەشەکانی زانکۆکان
ئەگەر ژمارەی بەشەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەراوردبکەین لەگەڵ پارێزگاکانی تر (تەنھا ٤ بەشی زیاترە لە پارێزگای ھەولێر)، بەڵام ژمارەی خوێندکارەکانی زۆر زیاترە.
- پارێزگای سلێمانی: ١٩٣ بەش: (سلێمانی ٦٤، گەرمیان ٢٥، راپەڕین ١٧، هەڵەبجە ١١، پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٦٧، چەرمو ٩).
- پارێزگای هەولێر: ١٨٩ بەش (سەڵاحەددین ٧٣، کۆیە ٢٥، سۆران ٢٠، پۆلیتەکنیکی ھەولێر ٦٤، ھەولێری پزیشکی ٧).
- پارێزگای دهۆک: ١١١ بەش (دھۆک ٥٤، پۆلیەتەکنیکی دھۆک ٣٩، زاخۆ ١٨).
بەشە زانستییەکان لە نێوان پارێزگاکاندا
لێرەدا ئەگەر چەند نمونەیەک لە بەشە زانستییەکان وەربگرین (جگە لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان)، جیاوازییەکان رونتر دەردەکەون:
‌أ. بەشەکانی پزیشکی و تەندروستی (جگە لە ڤێتێرنەری): 
- پارێزگای ھەولێر ١٠ بەشی تەندروستی ھەیە: (زانکۆی ھەولێری پزیشکی ٧ بەش، زانکۆی کۆیە ٣ بەش).
- پارێزگای سلێمانی ٥ بەشی تەندروستی ھەیە: (زانکۆی سلێمانی ٤ بەش و زانکۆی راپەڕین ١ بەش).
- پارێزگای دھۆک ٦ بەشی تەندروستی ھەیە: (زانکۆی دھۆک ٦ بەش).
ب. بەشەکانی ئەندازیاری:
- پارێزگای ھەولێر ١٧ بەشی ئەندازیاری ھەیە: (زانکۆی سەڵاحەددین ٧ بەش، زانکۆی کۆیە ٧ بەش، زانکۆی سۆران ٣ بەش).
- پارێزگای سلێمانی ٥ بەشی ئەندازیاری ھەیە: (زانکۆی سلێمانی ٤ بەش، زانکۆی گەرمیان ١ بەش).
- پارێزگای دھۆک ٧ بەشی ئەندازیاری ھەیە: (زانکۆی دھۆک ٥ بەش، زانکۆی زاخۆ ٢ بەش).
کاریگەرییەکانی فرەبازنەیی
گۆڕانی سیستمی وەرگرتن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی، سەرباری لێکەوتە سایکۆلۆژییەکان و دروستکردنی رەشبینی لای خوێندکاران بەرامبەر ئایندە و چارەنوسی خوێندنیان، کاریگەریی نەرێنی کردۆتەسەر باری خوێندن و پەروەردە لە هەرێمدا، چونکە ئەم سیستمە ناعەدالەتی تێدایە و ژماره‌یه‌کی زۆری خوێندکاران به‌ کۆنمره‌ی به‌رزیشه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ به‌شی کۆنمره‌ی به‌رز بێبه‌شده‌بن.
ژمارە سەرسوڕهێنەرەکان
بۆ بەرچاوڕونیی زیاتر سەبارەت بە ناعەدالەتیی ئەم سیستمە، نمونە زۆرن، هەر لە ساڵانی پێشوترەوە تاکو ئەمساڵی خوێندن (٢٠١٥ – ٢٠١٦)، بەڵام لێرەدا تەنها هەندێکیان دەخەینەڕو:
- لە ساڵی رابردودا، ئەگەر خوێندکارێک لە (پارێزگای سلێمانی) ویستبێتی لە یەکێک لە کۆلێژەکانی (پزیشکی) بخوێنێت، تەنانەت ئەگەر (بەشی دەرمانسازی)ی (زانکۆی دھۆک)یشی هەڵبژاردبێت، ئەوا لانیکەم پێویستی بە (٦٨٨) کۆنمرە بوە بۆ ئەوەی لەو بەشە بخوێنێت کە نزمترین بەشە لە بەشەپزیشکییەکان، لە کاتێکدا خوێندکارێکی (پارێزگای دھۆک) دەتوانێت لە ھەمو بەشە پزیشکییەکان لە (زانکۆی دهۆک) بەم نمرەیە بخوێنێت.
- هەر ساڵی رابردو، خوێندکارێکی (پارێزگای سلێمانی) بۆ (بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی) کە لە هەر زانکۆیەک ناوی دەربچوایە، لانیکەم پێویستی بە (٦٨٣) کۆنمرە بوە، بەڵام خوێندکارێکی (پارێزگای ھەولێر) پێویستی بە (٦٧٨) کۆنمرە، و خوێندکارێکی (پارێزگای دھۆک)یش پێویستی بە (٦٦٦) کۆنمرە بوە.
- بە ھەمانشێوە ساڵی رابردو، ئەگەر بەراورد بۆ (بەشی ئەندازیاریی شارستانی) بکەین، خوێندکاری (پارێزگای سلێمانی) لانیکەم (٦٧١) کۆنمرە، (پارێزگای ھەولێر) لانیکەم (٦٦٤)، و (پارێزگای دھۆک)یش لانیکەم (٦٥٩) کۆنمرەی پێویست بوە. هەروا بەشەکانی دیکەی ئەندازیارییش رێژەیەکی بەرچاو جیاوازییان هەیە.
بۆ ئەمساڵی خوێندنیش (٢٠١٥ – ٢٠١٦)، نمونە زۆرن، تەنانەت زەقترن، لەوانە:
- لە هەریەک لە بەشە پزیشکییەکانی گشتی و ددان و دەرمانسازیی (کۆلێژی پزیشکی/ زانکۆی دهۆک)دا (١- ٢) نمرەی تێکڕا (معدل) (گشتی) لە (پارێزگا) زیاترە.
- (کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری/ زانکۆی دهۆک) خوێندکارانی ناو پارێزگای دهۆکی بە نزیکەی (٨) نمرەی تێکڕا کەمتر وەرگرتوە: (٥٦٨.٥٢) کۆنمرە بۆ (پارێزگا)، (٦٢١.٥١) کۆنمرە بۆ (گشتی).
- لە (بەشی میکانیک/ کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی سەڵاحەددین)دا جیاوازیی نێوان گشتی و پارێزگا (٢٦) نمرەیە: (٦٢٩) کۆنمرە پارێزگا و (٦٥٥) کۆنمرەش (گشتی).
- هاوشێوەی زۆربەی بەشەکانی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، (بەشی ئاودێری/ فاکەڵتیی ئەندازیاری/ زانکۆی سلێمانی)یش خوێندکارانی دەرەوەی پارێزگاکەی بە نمرەی زۆر کەمتر وەرگرتوە، کە دەکاتە نزیکەی (٣) نمرەی تێکڕا، (٦٢٧.٥٤) بۆ گشتی و (٦٦٧)ش بۆ پارێزگا.
- لە (بەشی سەرچاوەکانی ئاو/ کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی دهۆک)یش، (پارێزگا) نزیکەی (٤) نمرەی تێکڕا لە (گشتی) کەمترە.
- لە (بەشی میکانیک/ کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی زاخۆ)یش، (پارێزگا) (٥) نمرەی تێکڕا لە (گشتی) کەمترە.
- (بەشی ئەندازیاریی پتڕۆڵ/ کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی زاخۆ)ش، کۆنمرەی (٦٦٢.٥١)ی بۆ گشتی و (٦٥١.٧٥)یشی بۆ پارێزگا وەرگرتوە، واتە بە جیاوازیی (١١) نمرە.
- (بەشی پەرستاری/ کۆلێژی پەرستاری/ زانکۆی هەولێری پزیشکی) خوێندکاری پارێزگای هەولێری بە (٦١٦.٩٨) کۆنمرە و هی دو پارێزگاکەی دیکەشی بە (٦٥١) کۆنمرە وەرگرتوە، واتە بە جیاوازیی (٣٤) نمرە.
- لە (بەشی یاسا/ کۆلێژی یاسا و زانستەسیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین) خوێندکاری پارێزگای هەولێر بە (٢٩) نمرە کەمتر لە خوێندکاری دو پارێزگاکەی تر وەرگیراوە: (٦٢٦/ ٥٩٧).
- (بەشی کیمیا/ کۆلێژی زانست/ زانکۆی سەڵاحەددین) خوێندکاری پارێزگای هەولێری بە (٦٠٠.٨٦) کۆنمرە و هی دو پارێزگاکەی تریشی بە (٦٤٢) کۆنمرە وەرگرتوە، جیاوازییەکەش دەگاتە نزیکەی (٤٢) نمرە.
- (بەشی پەرستاری/ سکوڵی پەرستاری/ زانکۆی راپەڕین) خوێندکاری ناو پارێزگای سلێمانی بە (٦٤٦) کۆنمرە و خوێندکاری هەردو پارێزگاکای تریشی بە (٦٠٧) وەرگرتوە، واتە (٣٩) نمرە (نزیکەی ٦ نمرەی تێکڕا) جیاوازن. بە هەمانشێوە لە (بەشی پەرستاری/ فاکەڵتیی پزیشکییەکان/ زانکۆی سلێمانی) پارێزگا (٣٩) نمرە لە (گشتی) زیاترە.
- هەرچی بەشەکانی: (زیندەوەرزانی، کیمیا، زانستی کۆمپوتەر)یشە لە (کۆلێژی زانست/ زانکۆی دهۆک)، (پارێزگا) (١.٥ – ٢.٥) نمرەی تێکڕای لە (گشتی) کەمترە.
- هەردو بەشی (زیندەوەرزانی، کیمیا)شە لە (کۆلێژی زانست/ زانکۆی زاخۆ)، (پارێزگا) (٢.٥) نمرەی تێکڕای لە (گشتی) کەمترە.
- (بەشی یاسا/ فاکەڵتیی زانستەمرۆڤایەتییەکان/ زانکۆی راپەڕین) خوێندکاری ناو پارێزگای سلێمانی بە (٥٩٩) کۆنمرە و خوێندکاری هەردو پارێزگاکای تریشی بە (٥٦١) وەرگرتوە، واتە (٢٨) نمرە (٤ نمرەی تێکڕا) جیاوازن.
- (بەشی بایۆلۆجی/ فاکەڵتیی زانست/ زانکۆی راپەڕین) بۆ پارێزگای سلێمانی (٦٢٧) کۆنمرە و بۆ هەردو پارێزگاکای تریش (٥٨٩)ی وەرگرتوە، واتە (٣٨) نمرە (زیاتر لە ٥ نمرەی تێکڕا) جیاوازن.
- لە (بەشی سڕکردن/ پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی/ زانکۆی پۆلیتەکنیکیی سلێمانی) کۆنمرەی (گشتی) (١٣٢) نمرە لە (پارێزگا) کەمترە: (٤٨١) بەرامبەر (٦١٣)، کە دەکاتە نزیکەی (١٩) نمرەی تێکڕا.
ئەم نمونانە لە کاتێکدان، کە بە پێی سیستمی وەرگرتنی ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا (کەوا لەسەر بنەمای کێبڕکێی نمرە بونیادنراوە) خوێندکار کێبڕکێی ته‌نها (1) پۆینت‌ ده‌کات بۆ دیاریکردنی چاره‌نوس و ده‌سته‌به‌رکردنی ئاینده‌ی خۆی، کەچی ئەم سیستمە دەیان نمرەی لێ بەهەدەر دەدات.
خوێندکارانی راپەڕین.. مەغدورترینەکان
لەم نێوانەدا، و لە ئەنجامی گۆڕینی سیستمی یەک بازنەیی بۆ فرەبازنەیی ناوەندی وەرگرتنی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستاندا، خوێندکارانی پارێزگای سلێمانی بە گشتی مەغدورن، بەڵام لەو پارێزگایەشدا خوێندکارانی دەڤەری راپەڕین (بیتوێن، پشدەر) مەغدورترینن.
لە ناوچەی راپەڕین، لە سنوری دو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەدا (رانیە، پشدەر)، نزیکەی (٧٠) خوێندنگەی ئامادەیی هەن، بەمجۆرە رێژەی خوێندکارانی دەرچوی ١٢ی ئامادەیی زۆرە.
خوێندکارانی ئەو ناوچەیە لە ناوچەکانی تری پارێزگای سلێمانی بەشخوراوترن، ئەوان لە هەردو دینەکە بون. لە زانکۆکانی هەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک بە پێوەری (گشتی) و لە ناوخۆی پارێزگای سلێمانیشدا، تەنانەت لە بەشەکانی تاکە زانکۆی سنورەکەی خۆشیاندا (زانکۆی راپەڕین) بە پێوەری (پارێزگا) مافیان خوراوە، بە تایبەت لەم قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستاندا، کە خوێندکاران و کەسوکارییان ناتوانن، یان بە ئەستەم دەتوانن دور لە ناوچەکانیان بگوزەرێنن، هەروا بە هۆی کەمیی بەشەناوخۆییەکان، یان کەموکوڕیی زۆریانەوە.
چارەسەر چییە؟
بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە و بە واقیعیکردنی دروشمی بە(نیشتمانیکردنی زانکۆکانی کوردستان)و چەسپاندنی دادگەری لە سیستمی وەرگرتنی ناوەندیی خوێندکاراندا، لێرەدا ئەم پێشنیارانە دەخەینەڕو:
١. وەکو ساڵانی پێشتر و هاوشێوەی عیراق، سیستمی فرەبازنەیی بکرێتەوە بە یەک بازنەیی لە وەرگرتنی ناوەندیدا.
٢. ئەگەر هەر سنوری پارێزگا رەچاوکرا، دەکرێ وەک چارەسەرێکی مامناوەند (رێژەی ٨٠% بۆ پارێزگا – ٢٠% بۆ گشتی) بکرێتە (٦٠% - ٤٠%)، ئەمەش جیاوازییەکە کەمدەکاتەوە.
٣. لابردنی پێوەری (١٠٠%)ی کورسییەکانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان تەنها بۆ خوێندکارانی پارێزگاکە، و گۆڕین و بەنیشتمانیکردنی ئەو زانکۆیانە.
٤. ئیدارەی گەرمیان لەم سیستمەدا لە چوارچێوەی پارێزگایسلێمانی دەربهێنرێت و خوێندکارانی بە خوێندکاری پارێزگاکانی تریش ئەژماربکرێن، وەکچۆن بە پارێزگای سلێمانی ئەژماردەکرێن، ئەمەش دو سودی ھەیە: یەکەم: خوێندکاری پارێزگای سلێمانی کەمدەکات. دوەم: خوێندکارانی ئیدارەی گەرمیان دەتوانن بە نمرەیەکی کەمتر لە پارێزگای ھەولێر و دھۆک بخوێنن.
٥. جیاکردنەوەی پارێزگای ھەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش سێ سودی ھەیە: یەکەم: خوێندکاری پارێزگای سلێمانی کەم دەکات. دووەم: خوێندکارانی پارێزگای ھەڵەبجە دەتوانن بە نمرەیەکی کەمتر لە پارێزگای سلێمانی بخوێنن، چونکە زۆربەی بەشەکانی پارێزگای سلێمانی نمرەی زیاتری دەوێت بۆ خوێندکارانی ناو پارێزگا. سێیەم: زانکۆی ھەڵەبجە ٨٠%ی کورسییەکانی بۆ خۆی دەبێت.
٦. کردنەوەی رشتە و بەشی زیاتر (بە تایبەت لە بواری زانستی سروشتی و پراکتیکیدا) لە شەش زانکۆکەی پارێزگای سلێمانی.
٧. جێبەجێکردنی بڕیاری کردنەوەی (پەیمانگای تەکنیکیی پشدەر)، کە چەند ساڵێکە بە رەسمی فەرمانی بۆ دەرکراوە. هەروا کردنەوەی پەیمانگایەکی تەکنیکی لە قەزای رانیە.
٨. ئاڵوگۆڕکردنی خوێندکاری هەمان بەش لە نێوان زانکۆکاندا، بە رەزامەندیی خۆیان و زانکۆکانیش (لانیکەم بۆ ئەمساڵی خوێندن، یان تاکو تێپەڕاندنی بارودۆخی خراپی دارایی). بۆ نمونە: لەمساڵی خوێندندا خوێندکاری ناوچەی سۆران بە تێکڕای نمرەی (٨٤%) لە (بەشی بایۆلۆجی/ فاکەڵتیی زانست/ زانکۆی راپەڕین) وەرگیراوە، هاوکات خوێندکاری ناوچەی راپەڕین بە تێکڕای نمرەی (٩١%) لە (بەشی بایۆلۆجی/ فاکەڵتیی زانست/ زانکۆی سۆران) وەرگیراوە، دەکرێ بە رەزامەندیی هەردو خوێندکارەکە و هەردو زانکۆکە ئاڵوگۆڕ بکرێن.
٩. هیتریش ...!
لێرەوە، ئەرکی هەمولایەکە: سەرۆکایەتیی هەرێم، پارلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پەروەردە، پارێزگار و ئەنجومەنی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم، ئەکادیمییان، رۆشبنیران، کەناڵەکانی راگەیاندن... لەسەرئەم غەدرە بێنە دەنگ و چارەی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.
* یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بۆ کاروباری خوێندکاران، ئەندامی لیژنەی باڵای خوێندن و پلانی وەرگرتن- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی


25/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر