د. هێرش ره‌سوڵ
ده‌ستپێک
له بۆنه‌ی دیکه‌شدا ئاماژه‌م پێداوه، که راگه‌یاندنی کوردی له هه‌رێمی کوردستان دا، به کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵێ هۆکاری خودی و بابه‌تی، تاکو ئێستا له دۆخێکی ناجێگیر و قۆناغێکی گواستنه‌وه‌دایه، ئه‌مه‌ش کاریکردۆته‌سه‌ر ئه‌دای پیشه‌یی کۆی که‌ناڵه جیاوازه‌کان، به تایبه‌ت له هاتنه‌پێشه‌وه‌ی بارودۆخه تایبه‌ت و هه‌ستییاره‌کاندا، بۆ نمونه له دوای په‌لاماره‌کانی نزیکه‌ی هه‌شت مانگی رابردوی رێکخراوی تێرۆریستیی (داعش) بۆ سه‌ر عیراق و هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌دابڕێنراوه‌کان، ئه‌و راگه‌یاندنه به گشتی نه‌یتوانیوه وه‌ک پێویست بنه‌ماکانی ئێتیکی پیشه ره‌چاوبکات، به تایبه‌ت پره‌نسیپه‌کانی (به‌رپرسیارێتی، راستگۆیی، وردی، بابه‌تیبون...).
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌م له‌به‌رچاونه‌گرتنه‌ی پێوه‌ره‌کانی ئێتیکی پیشه له لایه‌ن زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانه‌وه بوه به (نوسراو، بیستراو، بینراو، ئه‌لیکترۆنی)یه‌وه، ته‌نانه‌ت (سۆشیاڵ میدیا)ش، که‌وا زۆرجار کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجه‌که، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیستمی گشتی، وره‌ی پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ر، پلانی سه‌ربازی، نهێنیی ستراتیژی... جێهێشتوه. بۆیه له ماوه‌ی رابردودا، به سه‌رنجه‌کانم له رێگه‌ی وتار و وتووێژ و لێدوانی رۆژنامه‌وانییه‌وه هۆشداریی پێویستم خستۆته‌ڕو، هه‌روا هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌یه‌کم ده‌رباره‌ی (به‌رپرسیارێتیی راگه‌یاندنی کوردیی هه‌رێمی کوردستان له دۆخی شه‌ڕی [داعش]دا)، که به هیوام ئه‌م هه‌وڵانه و هه‌مو هه‌وڵه‌کانی دیکه‌ی ئه‌کادیمیست و نوسه‌ر و میدیاکار و سه‌نته‌ر و رێکخراوه‌کانیش به سودی راگه‌یاندنی کوردی و بارودۆخه‌که و کوردستان و هاونیشتمانییان بشکێته‌وه.
نه‌ک هه‌ڵه نیه، به‌ڵکو پێویستیشه
هه‌ندێ سیاسه‌تکار و میدیاکار و چالاکی مه‌ده‌نی، وایده‌بینن، که میدیای کوردی نابێت به هیچ جۆرێک وتووێژ و چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سێتییانه‌دا سازبکات که تۆمه‌تبارن به 'توندڕه‌وی' یان 'دژایه‌تییکردنی ئه‌زمونی کوردستان' یان له دۆخه تایبه‌ت و هه‌ستییاره‌کاندا 'له به‌ره‌ی هاونیشتمانییاندا نین' یاخود به جۆرێ له جۆره‌کان 'تێکده‌ری ئاسایشی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی'ن، ... تاد. هه‌روه‌ک پێیانوابو، نه‌ده‌بوایه که‌ناڵی (NRT) چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ (مه‌لا کرێکار)دا سازبکات، به‌ڵام من چ وه‌ک میدیاکار و چ وه‌ک پسپۆڕێکی بواره‌که، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌دا نیم، به پێچه‌وانه‌وه پێموایه کاره‌که نه‌ک هه‌ڵه نیه، به‌ڵکو پێویستیشه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی خواره‌وه:
1. بڕوابون به رۆڵ و کاریگه‌ریی راگه‌یاندن له کۆمه‌ڵ دا، ئه‌ویش له رێگه‌ی خستنه‌ڕو و شرۆڤه‌کردنی کێشه و قه‌یران و پرسه جیاوازه‌کان.
2. ره‌خساندنی که‌شی گونجاوی بۆچونی جیاواز و ئازادیی راده‌ربڕین له سنوره‌کانی ئێتیکی پیشه‌دا، چونکه میدیای پرۆفێشناڵ ده‌بێت روبه‌ر و شاشه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان و شرۆڤه‌کردنی بابه‌تییانه‌ی پێشهات و روداوه‌کان بێت.
3. که‌سێتییه گشتیه‌کان هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی زانیاری و ئایدیا و ئاراسته‌ی جیاوازن بۆ هاونیشتمانییان، له رێگه‌ی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه.
به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دایه: چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک؟
وتووێژ یان چاوپێکه‌وتن؟
له سه‌ره‌تادا، ده‌بێ ئه‌وه رونبکه‌ینه‌وه، که‌وا به‌داخه‌وه له هه‌ندێ ناوه‌ندی راگه‌یاندن و لای هه‌ندێ میدیاکاری به‌ڕێز، جۆرێک له تێکه‌ڵی و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن به‌رامبه‌ر هه‌ردو زاراوه‌ی وتووێژ (الحوار- Dialog) و چاوپێکه‌وتن (مقابلە- Interview) هه‌یه له کاری راگه‌یاندن دا. ئه‌م کورته‌وتاره جێی ئه‌وه نیه به درێژی و قوڵی له ژانری وتووێژ (دیالۆگ، ...)ی رۆژنامه‌وانی بدوێین و له چاوپێکه‌وتن (دیدار، دیمانه، ...)ی رۆژنامه‌وانی جیابکه‌ینه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێت بڵێین، (وتووێژ) قوڵ و زیندوه، و تێیدا رۆژنامه‌نوس ته‌نها پرسیارکارێکی ساده نیه، به‌ڵکو خاوه‌ن پاشینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی رۆشنبیری و ناسه‌وانی (مه‌عریفی)یه، به تایبه‌ت له بواری بابه‌تی سه‌ره‌کیی وتووێژه‌که، واته ته‌نها پرسیاره ئاماده‌کانی ئاراسته‌ناکا و به‌س، هاوکات له وه‌ڵامه‌کانی به‌رامبه‌ریش پرسیاری نوێ دروستده‌کا، له زۆر شوین و به پێی پێویست که‌سی به‌رامبه‌ر ده‌وه‌ستێنێ و ته‌نانه‌ت ئیحراجیشی ده‌کات. هه‌رچی ده‌رباره‌ی (چاوپێکه‌وتن)یشه پتر ساده و روکه‌شه، و ته‌نها وه‌ڵامی پرسیاره پێشتر ئاماده‌کراوه‌کان به وه‌رگر ده‌به‌خشێت. که‌واته خاڵی سه‌ره‌کی و جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان وتووێژ و چاوپێکه‌وتن، بریتییه له‌وه‌ی، له یه‌که‌میاندا کارلێکی زۆر له نێوان میدیاکار و که‌سی به‌رامبه‌ردا هه‌یه و ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندێتیی زیندویی و قوڵی و دروستکردنی کاریگه‌ری پێبه‌خشیوه.
به‌ر له په‌خشکردنی، چیم گوت؟
رۆژی پێنجشه‌ممه (12/2/2015)، چه‌ند سه‌عاتێک به‌ر له په‌خشکردنی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی (مه‌لا کرێکار) له که‌ناڵی (NRT)، سه‌باره‌ت به‌و چاوپێکه‌وتنه و بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی چه‌کدارانی رێکخراوی (داعش) له که‌ناڵی (رووداو)، لێدوانێکی تایبه‌تم بۆ سایتی (وشه نێت)دا. پوخته‌ی لێدوانه‌که‌م بریتیبو له‌وه‌ی، 'كاتێك كه‌ناڵێك ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه به‌وجۆره بڵاوده‌كاته‌وه، بیه‌وێت یان نا، رێکڵام و پڕۆپاگه‌نده بۆ ئه‌و رێکخراوه تێرۆرستییه ده‌کات، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر بڵاویش ده‌کرێنه‌وه، ده‌كرێ چاره‌سه‌ری میدیاییان بۆ بدۆزرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر وه‌رگر دروستنه‌که‌ن، ئه‌ویش به شرۆڤه‌کردنی په‌یامه‌کان له‌لایه‌ن شاره‌زا و پسپۆر و توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و میدیاكار و سیاسه‌تكاره‌وه، تاکو کاره‌که به ئاراسته‌ی خزمه‌تکردنی ئامانجی رێکخراوه‌که نه‌ڕوات'. 'له باره‌ی ئه‌و دیمانه‌یه‌ی مه‌لا كرێكاریش، كه بڕیاره ئه‌مشه‌و په‌خش بکرێت، ئه‌و كه‌سێتییه که‌وا كۆمه‌ڵێ تۆمه‌تی له‌سه‌ره، که‌ناڵه‌که و ئه‌و میدیاکاره‌ی که چاوپێكه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵدا سازده‌كات، ده‌بێ رێگه‌نه‌دات ناوبراو كه‌ناڵه‌كه ئیستغلال بكات و خراپ به كاریبهێنێ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی خۆی، به‌ڵكو ده‌بێ له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا زۆرترین پرسیار و ره‌خنه و تێڕوانینی شه‌قام و یاسا داد و میدیاکار و چالاک و رۆشنبیرانی روبه‌ڕو بکاته‌وه'.
(NRT) بۆ سه‌رکه‌وتو نه‌بو؟
ره‌نگه ئه‌و رونکردنه‌وه و شرۆڤه‌یه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به جیاوازیی نێوان (وتووێژ و چاوپێکه‌وتن)ی رۆژنامه‌وانی، وه‌ڵامێکی کورت و راسته‌وخۆی پرسیاری سه‌رنه‌که‌وتنی که‌ناڵی (NRT) بێت له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی (مه‌لا کرێکار)دا، به‌ڵام بۆ به‌رچاوڕونیی زیاتر و له‌پێناو رۆچونه نێو ناخی وه‌ڵامه‌که، سه‌رنجه‌کانم وردتر له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌خه‌مه‌ڕو:
1. ده‌ستپێکی چاوپێکه‌وتنه‌که ده‌کرا جوانتر و رۆژنامه‌نوسییانه‌تر بوایه، پێشکه‌شکاری به‌ڕێز ده‌یتوانی وردتر ته‌وه‌ره‌کانی دیاری بکردنایه، واته له بری ئه‌و پرسیاره زۆر ته‌قلیدی و وه‌ڵامزانراوه‌ی یه‌که‌م، پرسیاری دیکه‌ی روبه‌ڕوبکردایه‌وه، که چاوپێکه‌وتنه‌که هه‌م جوانتر و هه‌م کورت‌تر ده‌بو.
2. پێشکه‌شکاری به‌ڕێز که‌مترین پرسیاری جددی و راسته‌خۆی له وه‌ڵامه‌کانی (مه‌لا کرێکار) دروستکرد، که زۆر وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژه و رسته‌ی وه‌ڵامه‌کان ده‌کرا پرسیاریان له‌سه‌ر بکرایه، بۆ نمونه که وتی 'ئه‌مه‌ریکا به بێ هیچ هۆکارێک خستومییه‌ته لیستی تێرۆر'. کاکی پێشکه‌شکار ده‌بوایه یه‌کسه‌ر پێی بوتایه 'ئه‌ی ئێوه ئه‌میری گروپی ئه‌نسارولئیسلام نه‌بون؟'
3. (مه‌لا کرێکار) له هه‌ندێ له قسه‌کانیدا دژبه‌یه‌کی هه‌بو، به‌ڵام پێشکه‌شکاری به‌ڕێز نه‌یتوانی بیقۆزێته‌وه. بۆ نمونه له سه‌ره‌تادا وتی 'هیچ تۆمه‌تێکم به‌سه‌ردا ساغ نه‌بۆوه و من مه‌غدور بوم له‌م زیندانیکردنه‌م'، که‌چی دوایی هه‌ر خۆی وتی 'نه‌رویج ده‌وڵه‌تێکی قانونیه، ناشهێڵێت که‌س قانون پێشێل بکات'. کاکی رۆژنامه‌نوس ده‌یتوانی لێی بپرسێت 'تۆ پێشتر وتت به غه‌در حوکمیان دام، ئایا که نه‌رویج وڵاتێکی قانونییه، چۆن غه‌درت لێده‌کات؟'.
4. له هه‌ندێ وه‌ڵامدا خۆبه‌زلزانینێکی زۆر له که‌سێتیی (مه‌لا کرێکار) ده‌بینرا، بۆ نمونه له لایه‌ک خۆی به 'موفه‌کیر' ده‌زانی، له‌لایه‌کیتریشه‌وه خۆی لێ ببوه 'موفتی'... به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و پێشکه‌شکاره به‌ڕێزه هیچ پرسیار و سه‌رنجێکی له‌وباره‌یه‌وه روبه‌ڕونه‌کردوه.
5. کاتێ (مه‌لا کرێکار) خۆی له خستنه‌ڕوی بۆچونی راست و راشکاوانه‌ی خۆی له‌سه‌ر (داعش) و کاره‌کانییان ده‌دزییه‌وه، و زۆر به ساده‌یی ده‌یگوت 'جارێ نایانناسم' یان 'نازانم کێن'. ئه‌و هاوڕێ به‌ڕێزه‌مان لێی نه‌پرسی 'بۆ ده‌زانی گرتنه‌وه‌ی موصڵ (وه‌ک خۆت ده‌یڵێیت) مه‌شروعی جۆن کێری-یه؟'ئه‌ی خێره هادی عامری و حه‌شدی شه‌عبی و کێ کێ که ئاوا به ره‌هایی باسیان ده‌که‌ی باش ده‌ناسیت، به‌ڵام (داعش) ناناسیت؟' یان 'بۆ ده‌زانیت 39 ملیۆن و نیو نه‌وت له ماوه‌ی چه‌ند مانگێک هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا ده‌کرێ و چی و چی، به‌ڵام جارێ ئاشنای کاره‌کانی (داعش) نه‌بویت؟'.
6. کاکی رۆژنامه‌نوس دیسانه‌وه بێده‌نگ و ده‌سته‌وه‌ستان بو، کاتێک (مه‌لا کرێکار) شاشه‌ی که‌ناڵه‌که‌ی ئیستغلالکرد بۆ بانگه‌شه‌کردن بۆ خۆی و هزر و به‌رنامه‌که‌ی، و به رۆشنی رایگه‌یاند 'به ده‌ربڕینی ره‌ئی خۆم به ئیجابی له‌سه‌ر (داعش)، خۆشم نه‌چم، پێنج شه‌ش هه‌زار گه‌نج پێیانه‌وه ده‌لکێت'، یان '600 گه‌نجی کورد له ئه‌وروپا چاوه‌ڕێی منن بۆ چونه ناو داعش، پێم وتون سه‌بربگرن'. ئایا ئه‌مه هاندان و ناردنی په‌یامی تایبه‌ت نیه هه‌م بۆ (داعش) و هه‌م بۆ (هه‌رێم)؟ ئایا نه‌ده‌کرا چه‌ندین پرسیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و ژماره و ئه‌و ئاماژه‌یه ئاراسته‌بکرێت؟!
7. (مه‌لا کرێکار) چه‌ند جارێک به ئاشکرا و به راشکاوی گوتی 'سه‌له‌فی جیهادیم، بڕوام به هه‌مو ئه‌و ئوسوڵانه هه‌یه'، 'سه‌له‌فی تونده‌ڕه‌وین، به‌ڵام له دائیره‌ی خۆماندا'. به‌ڵام میدیاکاره به‌ڕێزه‌که ده‌زانێت 'سه‌له‌فیی جیهادی' کێیه و به کێ ده‌ڵێن؟ جیاوازی له‌گه‌ڵ 'سه‌له‌فیی مه‌دخه‌لی' و ره‌وته‌کانی تردا چییه؟ ئاخۆ ده‌زانێت (داعش) و هه‌مو گروپ و رێکخراو و که‌سێتییه هه‌ره توندڕه‌وه ئاینییه‌کان 'سه‌له‌فی جیهادی'یان پێده‌گوترێت؟ ئه‌ی بۆ به‌ڕێزی هیچ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه نه‌وه‌ستا و هیچ پرسیارێکی روبه‌ڕو نه‌کرده‌وه؟!
8. ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێک وه‌کو داکۆکیکارێکی سه‌رسه‌ختی 'ئازادیی راده‌ربڕین' قسه‌یده‌کرد، و پێیوابو نابێ ئه‌و ئازادییه پێشێل بکه‌ین و 'هه‌مو شتێ سنوری خۆی هه‌یه' و نابێ سنوری یه‌کتر ببه‌زێنین. به‌ڵام خۆی چه‌ندینجار ته‌شهیر و سوکایه‌تی به مرۆڤ به گشتی و سیستم و ده‌قی یاسا و هه‌ندێ که‌سێتی و گروپ و خاوه‌ن پیشه کرد. بۆ نمونه 'یاسای شارستانی، تۆ ناوت ناوه شارستانی، هه‌مه‌جییه‌تێکه بۆ خۆی'، 'حه‌زاری به‌م مه‌عنا سه‌خیفه نا که له سه‌رمایه‌داریدا هه‌یه'، هه‌روا سوکایه‌تیکردن به کۆمه‌ڵێ حزب، هادی عامری، حه‌شدی شه‌عبی، توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی... تاد.
9. (مه‌لا کرێکار) زۆر ئاگایانه ده‌توانێت به‌رنامه‌که کۆنترۆڵ بکا و له‌وێشه‌وه ته‌واوی که‌ناڵه‌که له خزمه‌تی به‌رنامه‌ی خۆی به‌کاربهێنێت، بانگه‌شه بۆ هزری توندوتیژی و په‌یامی توندڕه‌ویی ئاینی بکات، بۆ نمونه که باسی 'پابه‌ندبونی که‌لله‌ڕه‌قانه‌تر' ده‌کات له‌سه‌ر دینه‌که‌ی، یان که ده‌ڵێت 'یه‌کێ که جنێو بدات، که ده‌سه‌ڵاتم هه‌بو که‌ته‌رێ له ملی ئه‌ده‌م'. به‌ڵام به داخه‌وه نه رۆژنامه‌نوسه‌که و نه که‌ناڵه‌که نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌ری میدیایی بکه‌ن.
10. کاتێ (مه‌لا کرێکار) روبه‌ڕوبونه‌وه و به‌ره‌نگاریی چه‌ند مانگه‌ی پێشمه‌رگه و شه‌هید وقوربانیدانییان بێبایه‌خده‌کا و به ده‌ستی ده‌ره‌کی و کێ و کێی ده‌زانێت، رۆژنامه‌نوسه به‌ڕێزه‌که نه‌یتوانی بیوه‌ستێنێ و وه‌ک پێویست پرسیاری جددی ئاراسته بکات.
11. (مه‌لا کرێکار) چه‌کداری رێکخراوی (داعش) به 'موجاهید' ناوده‌بات، ئه‌مه‌ش لایه‌نگیرییه‌کی راشکاوانه‌یه بۆ رێکخراوه‌که و به‌رنامه و په‌یامه‌که‌ی، به‌ڵام کاکی رۆژنامه‌نوس لێی ناپرسێت 'بۆ؟'.
سه‌ره‌نجام
دواجار، به‌داخه‌وه ئه‌و به‌رنامه‌یه ئه‌وه‌ی پێگوتین، که (NRT) له‌و کاره‌یدا نه‌ک هه‌ر سه‌رکه‌وتو نه‌بو، به‌ڵکو ریکۆردی خراپترین ئه‌دای پیشه‌یی خۆی تۆمارکرد. که‌ناڵه‌که له‌م کاره‌یدا نه‌یتوانی پارێزگاری له دروشمی سه‌ره‌کیی خۆی بکات، که بریتییه له (راستگۆیی، هاوسه‌نگی، بوێری) و له سه‌ره‌تای کارکردنییه‌وه به‌رزیکردۆته‌وه، چونکه چاوپێکه‌وتنه‌که زیاتر دەرفەتێک بو بۆ ئەوەی (مەلا کرێکار)، له دوای ئازادبونی و له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو گۆڕانکارییه، ریکڵام و پڕۆپاگه‌نده بۆ دنیابینییه‌کانی خۆی بکات، لە کاتێکدا کاری رۆژنامەوانی به مانایه‌ک له ماناکان، هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌رفه‌تبه‌خشین به بیروڕای جیاواز، خستنه‌به‌رپرسیار و تاوتووێکردن و ره‌خنه‌لێگرتنیشیانه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگر زیاد له بژاره (ئیختیار)یه‌کی له به‌رده‌ست دا بێت و سه‌ره‌نجام خۆی بڕیاربدات و یه‌کلای بکاته‌وه!
سه‌رنج: ئه‌م وتاره، به‌ر له بڕیاره‌که‌ی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی راگه‌یاندن)ی (وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حکومه‌تی هه‌رێم) بۆ داخستنی که‌ناڵی (NRT) بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک، نوسراوه، وه‌کچۆن سه‌ره‌ڕای سه‌رنجه‌کانم له‌سه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه و ئه‌دای کۆمه‌ڵێ که‌ناڵی تریش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڕیاره‌که کۆک نه‌بوم، و پێموابو داخستنی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی و ئازادیی راگه‌یاندنه.
* پسپۆڕی ئێتیک و یاسای راگه‌یاندن