دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی بایدن و بارزانی

که‌مال چۆمانی
لە ماوەی چوار رۆژ دا (٩ و ١٢ی تەموز)، دو جار جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمێریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم، ئەنجامداوە.
 هەردو جار وەک لە راگەیەندراوەکانی کۆشکی سپی دا هاتوە، بایدن چەندان جار تەئکیدی کردۆتەوە کە هەر شتێک لە عێڕاق دا بکرێ، دەبێ لە چوارچێوەی دەستور دا بێ. رای ئەمێریکا نەک هەر نەگۆڕاوە لە بارەی عێڕاقەوە، بەڵکو جدیتر جەخت لە یەکپارچەیی خاکیی عێڕاق دەکەنەوە و پابەندبونی خۆیان بە دەستور راگەیاندوە.
 لە دوا پەیوەندیی نێوان بایدن لەگەڵ بارزانیی دا، دیسان هەردوکیان کۆک بونە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێڕاق لە زوترین کات دا. ئەوەی لە دوا گفتوگوۆ دا جێگەی بایەخە، ئەوەیە هەردوکیان هاوڕا بونە لەسەر چارەسەرکردنی كێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت مەسەلەی ناوچە جێناکۆکەکان. ئەوەی جێی داخە، هەندێ میدیای سەر بە پارتی بە مەبەست، کۆمەڵێک زانیاریی دەبەخشنەوە کە هیچی پەیوەندیی بەو گفتوگۆیەوە نەبوە، یان لانیکەم لە هیچ شوێنێک ئەمێریکییەکان پشتڕاستییان نەکردۆتەوە.
 یەکێتی و پارتی، لە ١٠ ساڵی رابردو دا، ئێمەیان دەستخەڕۆ داوە لە دیدی ئەمێریکا بەرامبەر کوردستان، هەمیشە ئەمێریکایان وەک هاوپەیمان نیشانداوە. ئەم درۆکردنە بە دەمی ئەمێریکییەکانەوە، وا لە کورد دەکا کورد پشتبەستو بێ بەوان. کاتێکیش چاوڕێدەکەین ئەمێریکا بەڕەسمیی پشتیوانمان بێ، ئەمێریکا بێهەڵوێست دەبێ چونکە هەر لە بنەما دا ئەو هەڵوێستەیان نەبوە کە ئێمە چاوەڕێمان کردوە. ئەمە جگە لە دروستکردنی بێهیوایی هیچیتری لێ بەرهەم نایەت. 
پێویستە روبەڕوی ئەو سیاسەتە ببینەوە کە ئەمێریکا هەیەتی بۆ ناوچەکە، روبەڕوبونەوەیەک بەوەی کە راستگۆ بین لەگەڵ خەڵکی خۆمان، بەوەی کە سیاسەتی ناوخۆییمان هێندە بەهێز و چاک و دیمۆکرات و خزمەتگوزار بێ کە متمانەی وڵاتییان ببەینەوە و لە بەندایەتیی ئەمێریکا رزگاربین، نەک بەدرۆ خەڵکیش دەستخەڕۆ بدەین. 
بۆ ئەمێریکا، سەربەخۆیی کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو یەکپارچەیی عێڕاق گرنگە چونکە یەکپارچەیی عێڕاق سەقامگیریی ناوچەکە مسۆگەرتر دەکا (بە دیدی ئەوان). 
بۆ ئەمێریکا و کۆمپانیاکانیشیان، گرنگە نەوتی هەرێم و هەمو عێڕاق بەکارببرێ لە بازاڕی جیهانیی دا، ئاساییشی وزەی ئەمێریکا نەکەوێتە مەترسییەوە و لە ناوچەکە دا دۆخێکی وا دروستنەبێ کە نەیاریان بۆ زیادبکا.
 کورد ئەگەر لە ١٠ ساڵی رابرد ودا بیتوانیایە قەناعەت بە ئەمێریکییەکان بکا کە بە گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ناوچەکە روبەڕوی شەڕ نابێتەوە، ئەوا لە پەیوەندییەکەی بایدن لەگەڵ بارزانیی دا، بایدن بە بارزانیی نەدەگوت کە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان دەبێ بە رازیبونی هەمو لایەنەکان و جڤاکەکانی ئەوێ و بەگوێرەی دەستور بێ. 
دۆخێک هاتۆتە پێشەوە لە عێڕاق دا کە کورد بەڕاستی پێویستیی بە سیاسەتکردنێکی زیرەکانە هەیە لە ئاستی ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتیی دا، بەتایبەت لەگەڵ ئەمێریکا، نەک سیاسەتکردن بەو شێوازە کلاسیکییەی کە یەکێتی و پارتی لەسەری راهاتون. 
بۆ خوێندنەوەی هەردو راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیی دەربارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی بایدن لەگەڵ بارزانی، سەردانی ئەم دو لینکە بکە
: 1- پەیوەندییەکەی رۆژی ٩ی تەموز http://www.whitehouse.gov/the-press-office/2014/07/09/readout-vice-president-bidens-conversation-president-iraqi-kurdistan-reg 2- پەیوەندییەکەی رۆژی ١٢ی تەموز http://www.whitehouse.gov/the-press-office/2014/07/12/readout-vice-president-bidens-conversation-president-iraqi-kurdistan-reg
Readout of Vice President Biden's Conversation with President of the Iraqi Kurdistan Region...
www.whitehouse.gov
کەمال چۆمانی Twitter @KamalChomani


14/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر