لە سەرۆک خۆسێ موجیکاوە فێرببن

که‌مال چۆمانی
پێشکەشە بە سەرۆک وەزیر و جێگرەکەیی و وەزیرەکانی کابینەی هەشت 
موتەوازیعترین لەگەڵ ئەوەشدا زبر، لیبراڵ و گاڵتەکەر" ئەمە وەسفی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستە لە ٢٠١٣ بۆ سەرۆک خۆسێ موجیکا "پێپێ"، سەرۆکی ئۆرۆگوای.
پێپێ بە راشکاویی تایبەتمەند، گوتاری ئاگرینی و سەرۆکایەتیی توند ناسراوە کە هەمیشە دەیەوێ فیکرەکانی بۆ کردار وەربگێڕێ. سەرۆکی تەمەن ٧٨ ساڵ هەڵگر و خاوەنی هەندێ تایبەتمەندییە کە زۆر لە سەرکردەکانی جیهان ناتوانن بگەنە ئاستی ئەژنۆکانی. ئەو متمانەی جیهانیشی بەدەستهێناوە بەهۆی سیاسەتە پێشکەوتوخوازەکانیەوە. کەسایەتییەکی زۆر خاکییانە و زۆر سادەی هەیە کە شانازی "هەژارترین سەرۆکی جیهان"ی وەرگرتوە.
خۆیی و خێزانەکەی، لوسیا تۆپلانسکی، لە کێڵگەیەکی بچوکی یەک ژوریی دەژێی و لەگەڵ ژمارەیەک سەگ (لەناویان دا مانوێلای سێ قاچ). موجیکا %٩٠ی موچەی مانگانەی دەبەخشێتە کاری خێرخوازیی، سەرۆکایەتیی نمونەی چەرخێک دەکا لە تەقەشوف و رێزێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە بۆ بەیاساییکردنی مەرەوانە (جۆرێکە لە موخەدەرات)، هاوسەرگیریی هاوڕەگەزیی و لەباربردن، ئەمە جگە لە رەخنەکردنی زۆری بەرخۆریی. 
موجیکا ئەو سادەییە پراکتیزەدەکا کە وتاری بۆ دەدا. ئەوە جێبەجێدەکا کە دەیڵێ. وا دەژیێ کە ژیاوە. نە سەرۆکایەتی و نە پارە و سامان کاریتێنەکردوە. ئەو سەرۆکایەتی هەڵدەسوڕێنێ نەک بەپێچەوانەوە.
دەربارەی بەرخۆریی کۆمەڵگاکان، سەرۆک دەڵێ: "لە ئێستا دا دەتوانین تەقریبەن هەمو شتێک دوبارە بەکاربێنینەوە. ئەگەر قەناعەتمان هەبوایە بەو هۆکارانەی لەناویان دا دەژیێین، بەوەی عاقڵمەند بونایە، ئەو ٧ ملیار مرۆڤەی جیهان دەیانتوانی هەمو شتێکیان هەبوایە کە دەیانویست. بەڵام ئێمە وەک نەتەوە و وڵات بیردەکەینەوە، نەک وەک بونەوەر."
ئەو سەرۆکە دڵسۆز و خۆشەویستەی وڵات و جیهان، سەبارەت بە دابەشکردنی سامان دیدی خۆی بۆ بزنسمانەکانی ژوری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمیریکا خستەڕو: "بزنسەکان دەیانەوێ قازانجی خۆیان زیادبکەن؛ ئەوە دەبێ کاری حکومەت بێ کە دڵنیایی دروستبکا کە قازانجەکان بەسەر کرێکاران دا دابەشبکرێ بۆئەوەی کرێکارەکانیش بتوانن ئەو شتە بەدەستبێنن کە خۆیان بەرهەمیدێنن. ئەمە خەیاڵ نییە – کەمتر هەژاری، بازرگانیی زیاتر. زۆرترین وەبەرهێنان کە ئێمە دەتوانین بیکەین ئەوەیە لە سەرچاوەکانی مرۆڤ دا بێ."
ئەو نازناوی 'هەژارترین سەرۆک'ی جیهانی هەیە، بەڵام ئەمە وایکردوە ببێتە خۆشەویستترین. هیچ پێی ناخۆش نییە کە هەژارترینە، بەڵکو پێیوایە دەوڵەمەندترینە و دەڵێ: "من هەژارترین سەرۆک نیم. هەژارترین ئەو سەرۆکەیە کە زۆری دەوێ بۆئەوەی بژیێ. جۆری ژیانی من زنجیرەیەکە لە برینەکانم. من کوڕی مێژوی خۆمم. ئەو رۆژانەم وەبیرن کە زۆر بەختەوەر دەبوم کە تەنها دۆشەکێکم هەبوایە."
پێپێ سەرۆکێکە خاوەنی سەدان و هەزاران پاسەوانی کەسیی و ماشێنی دڕع و جۆری تایبەتی سەیارە نییە. ئەو کە بە شەقامەکان دا دەڕوا، وەک هەرکەسێکی ئاسایی دەڕوا و زۆر بەموتەوازیعیی دەمێنێتەوە.
"هەر کە سیاسەتمەدارەکان بەسەر قادرمەکە سەردەکەون، لەپڕێکەوە دەبن بە پاشا. نازانم ئەمە چۆن رودەدا، بەڵام ئەوەی من دەزانم ئەوەیە کۆمارەکان [حکومەتەکان] هاتونەتە دونیاوە بۆئەوەی دڵنیایی بدنە بە هەموان کە کەس لە کەس زیاتر نییە."
موچەی ئەستوری سەرۆک و سیاسەتمەداران، رقێکی ئەستوری خەڵکی بەرامبەریان دروستکردوە، سەرۆک موریکا لەوە دورە.
ئەو پێیوایە، ژیان هێندە ناهێنێ مرۆڤ خۆی پێ ناشیرین بکا: "جۆرێک شێوازی ژیانم هەیە کە هەرگیز لەبەرئەوە نایگۆڕم کە من سەرۆکم. من لەوە زیاتر بەدەستدێنم کە پێویستمە، تەنانەت ئەگەر ئەوەندە بەسیش نەبێ بۆ ئەوانیدی. بۆ من، ئەوە قوربانیدان نییە، ئەوە ئەرکە."
تێکۆشان و خۆماندوکردنی مرۆڤ بۆ بەختەوەرییە، بەختەوەرییش هەرگیز کاڵایەک نییە تا بیکڕین، بەڵکو هێندەی پەیوەستە بە رۆح و دڵ و ناخی ئینسانەوە، هیچ پەیوەست نییە بەو پێدراوە مادییانەی مرۆڤ پێیوایە لەڕێیانەوە بەختەوەریی بەدەستدێنێ. نهێنیی بەختەوەریی، لای سەرۆکە.
سەرۆکی خۆشەویست ئاوا باسی نهێنیی بەختەوەریی دەکا: "بۆئەوەی لەگەڵ بیری خۆت دا بژیت، خۆت ببە هەوڵمەدە کرایتیریاکانی خۆت بەسەر ئەوانەی تر دا بسەپێنیت. چاوەڕێناکەم ئەوانی دی وەکو من بژیێن. دەمەوێ رێز لە ئازادییەکانی خەڵک بگرم، بەڵام بەرگری لە ئازادیی خۆم دەکەم. ئەمەش بەو ئازایەتییە دێت کە ئەوە بڵێی کە بیریلێدەکەیتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەوانی دیش وەک تۆ بیرنەکەنەوە." 
بەڕێزان، سەرۆک وەزیر و جێگرەکەیی و وەزیرەکانی کابینەی هەشتەم، داواتان لێناکەم وەک سەرۆک پێپێ بژین، بەڵام داواتان لێدەکەم ئەزمون لە ژیانی ئەو فێرببن.
-سود لە راپۆرتێکی هیاسینپ ماسکارێنهاس وەرگیراوە
Twitter: @KamalChomani

01/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر