جەنگی دەروونی
پارتی و یەکێتی
رەحمان غەریب
کە هەوادارانی یەکێتی و بەشێک لە کادێرەکانیان، هەڵمەتی سوکایەتیکردنیان بە پاشەکشەی پێشمەرگەکانی پارتی لە شەنگال دەسپێکرد، جارێ ئەندام و هەوادارانی پارتی هەڵمەتەکەیان بۆ سوکایەتیکردن بە شکستەکەی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە ناوچەی جەلەولا تەواو نەببوو.
هەردولا تا بۆیان کراو دەکرێت شەڕێکی دەرونی قورسیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە یەکتری دەستپێکردوو دیارە کۆتاییەکەیشی دیار نییە. جەنگێک بە پێی زانستی سەربازی دەبوو لە سەنگەری بەرامبەرەوە دژی پێشمەرگە رێکبخرێت، نەک لە ناوچەو کۆمیتەکانی خۆمانەوە.
ئەو شرۆڤەکارو چاودێرانەی تیۆرەیان بۆ پلانەکانی داعش دەکردو پێیان وابوو "ئاگرە سورە لە خۆم بە دورە" و ئەوانەشی زیادڕۆییان کرد لەوەی داعش تەرکیزی لەسەر ناوچەیەکی کوردستانەو ناوچەکانی تری فەرامۆشکردوە، بەرپرسن لەم دابەشبوون و ئەم شەڕە دەرونییەی یەکێتییەکان بەرامبەر پێشمەرگەکانی پارتی دەیکەن و پێشتریش پارتییەکان بەرامبەر پێشمەرگەکانی یەکێتی، هەڵیانگیرساند.
هێرشەکەی گروپە تیرۆریستییەکەی داعش بۆ سەر ناوچەکانی شنگال ئەو لۆژیکەی پوچەڵکردەوە کە پێی وابوو، ئەو هێزە چاویان بڕیوەتە ناوچەکانی خانەقین و جەلەولای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتی و چاوپۆشی دەکات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی. نەک هەر ئەمەش بەڵکو ئەو لۆژیکەیش لە بیرکردنەوە، لەرزۆک و بێ مانا دەرچوون کە پێیان وابوو " ئاگرە سورە لەخۆم دوورە".
لە کاتێکدا بەشێکی کوردستان داگیرکراوە، لە عێراقە گەمارۆو دەدرێین و زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە روویانکردۆتە هەرێمی کوردستان، مناڵ و ژن و خەڵکی بە تەمەن و بێ دیفاعی شەنگال لە شاخ لە خراپترین بارودۆخی مرۆیدا دەژین، خەڵکێک کاتێکی زۆری خۆی بە نوکتە دروستکردن و سوکایەتی بە پێشمەرگەکانی ناوچەی شەنگال سەرفدەکات. نازانم چۆن لەم کاتەدا کە هەموو نیشتمان لەژێر هەڕەشەدایە، دەیانپرژێتە سەر قەشمەریکردن و سوکایەتیکردن بە یەکتری؟؟
چەند کۆڵەوارە ئەو مەنتقەی لەناو ئەم جەنگە دەروونییەدا، کە دژ بەیەک بەرپایان کردوە، وا دەزانن ئەوە پێشمەرگەی یەکێتی و پارتین لە شەڕە چارەنوسازادە شکست دەهێنن. نازانن ئەوە کوردستانە بۆ بەرگریکردن لە ژیان دەجەنگێت، شکستی ئەوان شکستی کوردستان و دۆڕاندنی ژیانە.
ئایا دەبوو مناڵ و شیرەخۆرەی شەنگال گیان لەدەستبدەن، پێشمەرگە گەنجەکانی پارتی شەهید بن و خەڵکی مەدەنی ئاوارە بن، تا بڕوا بهێنین، پارتی هاوپەیمانی نهێنی لەگەڵ داعش نییە؟. هەر دەبوو پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی یەکێتی روحی خۆیان بەختبکەن تا بیسلمێنن ئەوان دوژمنی سەرسەختی داعشییەکانن؟. دەبوو ئەم هەموو قوربانییە بدەین ئەوسا بیسەلمێنین ئەوە کوردستانە لە ژێر هەڕشەدایە نەک یەکێتی و پارتی.
05/08/2014
وتارەکانی تری نوسەر